راستگۆیی و راشکاویی
2020-04-24 22:43:53
کاوێز مەلا پەروێز
دەزانم هەندێ جار دەبێ زمانی نەرم و هونەرکاری لە دەستەواژەکان بۆ دیاردە و رووداوەکان بهێنیتە گۆ،
وەلێ هیچ کات نابێ زمانی درۆ ببێ بە وەسیلەی خەڵەتێنەر بۆ رازیکردن.
بەرپرسانی ئۆرگانەکان دەیانەوێ ئەو تێگەیشتنە بە بەرپرسانی باڵا بگەیەنن کە ئەوان ئارەزووی دەکەن، ئەوەیش زمانی درۆی دەوێ.
لە نێوان درۆ و راستگۆیی، من راستگۆییم هەڵبژاردووە، ئەوەێش بڕێک لە بەرپرسانی نیگەران کردووە، وەلێ زۆرێکی دڵخۆش کردووە. بۆیە کاتێک رایەک دەخەینە روو، دروزنەکان کە تێدەگەن دەمامکمان لە روویان هەڵماڵێوە بە رێگەی مناڵ و تواڵەوە دەکەونە جمێندان.
جارێ هیچی وەهامان نەوتووە، قسەمان بۆ وتن زۆرە، لەوانەیە وشەیەکمان بارتەقای گولە تۆپێک بێت، کە هەرچیتان لە درۆ هەڵچنیوە هەڵی تەکێنێ. بۆیە پیاوبن و لەگەڵ خەڵکی خۆتاندا راستگۆبن، درۆ نە خزمەت بە خۆتان نە بە حزبەکەمان دەکات.
لایەنی کەم دوای نزیک بە سێ ساڵ تێ بگەن خەڵک هەن لە پای وەرگرتنی هەڵوێست ئاوارە بوون، ماڵیان تیا چوو، ساڵێکی خوێندنی مناڵیان فەوتا، زیانی ئابووریی گەورەیان پێ گەیشت.. باش تێ بگەن، خەڵکمان هەن لە وەزیفەکەی فەسڵ کراوە، زۆرێکیش چەتەکان دەستیان بەسەر زەوی و زاریان گرتووە، هەشمانە تا بە ئێستا بڕیاری دەستگیرکردنی هەیە، ئینجاش دەتانەوێ رەخنە نەگرین!
هیچ کات رووی دەمم لەو پیاوە بچووکانە نییە، من دڵخۆشم و هێندەم بەسە لە پای وتنی ئەو راستییانە بە سەدان تێکۆشەر بە نامە و پەیام دەستخۆشییان لێ کردووم، لەوانە تێکۆشەرێکی وەک نەجات حەسەن کە سمبوولی حزبەکەمە لە تێکۆشان. بە پەیامی مامۆستا محمەد کەماڵ کە خانەوادەیەکی سەربەرزی پارتین و پارتی قەرزاری مێژووی پڕ لە تێکۆشانیانە، کە دەستم توند دەگوشێ بۆ خستنەڕووی راستییەکان، دەست خۆشی و پشتیوانیی تێکۆشەرێکی وەک سەرحەد قادر بۆ من بەسە، کە جەربەزەیی ئەو زۆرێکی شەرمەزار کردووە، ئەوانە و سەدانی تر لە تێکۆشەران رەگی پارتیبوونی شارێکن، کە ناوهێنانیان بەسە تا تێ بگەن کە لەسەر شاڕێگەی راستم.