(فه‌یك) چاوی كوێركردین سا له‌ڕێی پێغه‌مبه‌را چارێ
2020-04-24 22:04:44
ئازاد جندیانی
به بۆنه‌ی ڕۆژی رۆژنامه‌گه‌ری كوردییه‌وه، پیرۆزبایی له‌هاوپیشه‌كانم ئه‌كه‌م، هه‌رچه‌نده له‌ڕاستیدا نازانم ئێستا، كه هه‌موو پۆستنووس و كۆمێنتنووس و جنێونووسێكیش هه‌ر به ڕۆژنامه‌نووس ههژمارئهكرێن ((ژماره‌مان)) چه‌نده؟
ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی هه‌ر له ده‌رچوونی (كوردستان)ه‌وه تا ئه‌گاته ئه‌مڕۆ سه‌دان و بگره هه‌زاران شانازی بۆ پیشه‌كارانی میدیا و بۆ بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تیش تۆماركردووه، كه بێگومان له‌و پێناوه‌شدا، پێناوه‌كانی ئه‌و شێوه‌یه له تێكۆشان قوربانی زۆریشیان داوه.
ده‌رچوواندنی یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ریش، به هه‌موو كێشمه كێشه‌كانیه‌وه، ده‌ستكه‌وتێك بوو بۆ بواری میدیا و هه‌موو ئه‌وانه‌ی كاری تێدا ئه‌كه‌ن، هاوكات و بگره پتریش له‌وه، ده‌ستكه‌وتێكی جێ ئاماژه‌پێدان و به‌رزنرخاندنی په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی كوردستانیشه. ئێستاش له یادی ساڵانه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا هه‌م په‌رله‌مان و هه‌م سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و هه‌م حكومه‌ت و هه‌م هه‌موو حزبه‌كانی كوردستانیش، له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووساندا، ئه‌و یاده بهرزڕائهگرن و به‌رده‌وامیش دووپاتی ئه‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌بێ ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری ڕێزلێگیراو بێت و نابێ میدیاكارانیش له‌سه‌ر كاری میدیایی له ده‌ره‌وه‌ی یاسادا لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێ. ئه‌مه یاسا و بڕیارێكی به‌هاداره و ئه‌گه‌ر ههردهستدرێژیێكی نایاساییش كرایه سه‌ر ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكان، ئه‌بێ خودی یاسا و ده‌سه‌ڵاتی یاسایی به‌رگری لێ‌بكا، به‌واتایه‌كی تر ئازادی میدیایی پارێزراو و ڕێز لێگیراوه، ئه‌و سكاڵا یاساییانه‌ش كه تاك و ته‌را له میدیاكاران ئه‌كرێن، چونكه په‌نابردنه بۆ به‌ر یاسا، هه‌ر كاردانه‌وه‌یه‌كی یاسامه‌نده، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ركاتێك كه‌سێك، یان به‌رپرسێك، یان دامه‌زراوه‌یه‌ك، یان كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی و حزبی له‌سه‌ر ناوزڕاندنی، یان له‌سه‌ر درۆ بۆههڵبهستنێ سكاڵا تۆمار ئه‌كا، یاخۆ داواكاری گشتی له‌سه‌ر كه‌یسێك كه به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ئه‌گرێته‌وه ڕێكاری یاسایی ئه‌گرێته‌به‌ر و دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ریش ڕێوشوێنه یاساییه‌كان ئه‌گرێته‌به‌ر، كه ئه‌مه‌ش هه‌ر یاساسه‌روه‌رییه، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌رهێنده هه‌واڵی سكاڵاكردن له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌نووسێك یان فه‌ریكه پۆستنووسێك بڵاوبووه‌وه ئیتر دونیا دێته‌وه یه‌ك و جۆره‌ها كه‌مپین بهڕێئهخرێن و جۆره‌ها تۆمه‌ت ئه‌خرێنه پاڵ داواكاره تاكه كه‌سییه‌كان و داواكاره گشتییه‌كان و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌س بۆی نییه سكاڵا له هاووڵاتیێكی ڕۆژنامه‌نووس بكا و دادوه‌ریش بۆی نییه به پێی جۆری تۆمه‌ته‌كه‌ی نه‌ك هه‌ر دادگایی بكا، به‌ڵكو هه‌ر له سه‌ره‌تای ڕێكاره یاساییه‌كانه‌وه، ئه‌یكه‌ن به هات وهاوار و كه‌مپین و مهمپینكاریێك كه ئه‌وسه‌ری دیارنه‌بێ.
ئاشكرایه هه‌میشه هاوپیشهكان پشتیوانی له یه‌كتر ئه‌كه‌ن و ئه‌مه وه‌ك پرنسیپ ڕێزلێگیراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ر له‌هه‌ر شتێك ئه‌بێ ڕێزی لێبگیرێ خودی یاسایه، كه به‌داخه‌وه له بواری ڕۆژنامه‌نووسیدا، ئه‌وه‌ی ئێمه لێره دیومانه هه‌ندێ له ڕووناكبیر و ڕۆژنامه‌نووس و ئه‌كادیمی و هه‌ندێ سیاسیش به پێی پرنسیپ و ده‌ق و بنه‌ما یاساییه‌كان هه‌ڵوێست وه‌رناگرن، به‌ڵكو پره‌نسیپێكی هه‌میشه ڕه‌خنه‌لێگیراو ئه‌كه‌نه لێڤه‌گه‌ڕی كاردانه‌وه‌یان، كه ئه‌ویش پرەنسیپی بە سهقهتلێكدراوە (به‌رگری له براكه‌ت بكه ئه‌گه‌ر زاڵم بێ یان مه‌زڵوم). نامه‌وێ له‌مه زۆرتر باس بكه‌م، به‌ڵام به پێویستی ئه‌زانم پێشنیار بكه‌م بۆ سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان و ناوه‌نده‌كانی هاوشێوه، كه ئه‌مساڵی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی بكرێته ساڵی به‌خۆداچوونه‌وه و خۆڕهخنهكردنی میدیاكاران، كه شاره‌زا و پسپۆڕ و ئهكادیمیانی بواری میدیا و یاسا تێیدا به‌شداربن، به‌تایبه‌ت كه میدیاكاران و میدیاكان به به‌رده‌وامی باس له‌وه ئه‌كه‌ن، كه ئه‌بێ حكومه‌ت، حزب، كه‌سایه‌تییه سیاسی و دهوڵهتدارهكان به‌خۆیاندا بچنه‌وه، یان ده‌ستبه‌رداری كار و پۆسته‌كانیان بن، ئه‌گه‌ر به ((دیموكراسی))یش هاتبنه ده‌سه‌ڵات، ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌كه، باش یان خراپ، ڕێچكه‌ی گرتووه و با میدیا و میدیا كاران، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی یان له ڕقی ئه‌م، یان ئه‌و حزب، یان كۆمپانیاش بێ، با له سه‌ری به‌رده‌وام بن و وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌ره‌كیانه، با كار له‌سه‌ر فه‌زای گشتی بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌بێ ئه‌مه له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاستی بێت. ئایا دیاركردنی بنه‌مای ڕاستی بۆ كاری میدیاكار شتێك نییه جێی ئه‌وه‌بێ، كه خودی ڕۆژنامه‌نووسان پیایا بچنه‌وه؟
هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌یه‌كی تری گرنگیش ئه‌وه‌یه، ڕۆژنامه‌نووسان، چ وه‌ك سه‌ندیكا و چ وه‌ك ڕێكخراوه‌كانی تری په‌یوه‌ندیدار به كاری میدیایی هه‌ڵاوێردێكی ته‌واو پیشه‌ییانه بكه‌ن له نێوان ڕۆژنامه‌نووس و پۆستنووس و جنێونووس، نه‌ك به‌مجۆره‌ی ئێستا، هه‌ر كه كه‌سێك له‌سه‌ر درۆ و بوختانێك، یان ئاژاوه نانه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، یان ناوزڕاندنه‌وه سكاڵای لێكرا و دادگا ڕێكاری یاسایی به پێی یاسا به‌ركاره‌كان گرته‌به‌ر، ئیتر ئه‌و كۆمێنت یان پۆست، یان جنێو نووسه به‌خێرایی و بێ هه‌بوونی هیچ پێوانه‌یه‌كی پیشه‌یی یان یاسایی، به‌رگی ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكاری ئه‌كرێ به‌به‌رداو، كه‌یسه‌كه‌ی پێچه‌وانه‌ی دادگا له كه‌یسێكی كه‌تن، یان تاوانی مه‌ده‌نییه‌وه بۆی ئه‌كه‌ن به‌كه‌یسێكی په‌یوه‌ست به ئازادی ڕۆژنامه‌نووسی و ڕاده‌ربڕین.
گرنگ لای ئه‌و جۆره ((چالاكوان))انه گووشار دروستكردنه بۆ ده‌ربازكردنی سكاڵالێكراو له گرتنه‌به‌ری هه‌ر ڕێكارێكی یاسایی، هه‌میشه‌ش هه‌روا كه‌وتۆته‌وه، كه ئه‌و گووشارانه سه‌ریان گرتووه، نه‌ك چونكه گووشاری ڕاست و ڕه‌وان، به‌ڵكو له‌به‌ر ئعتباراتی سیاسی، یان ئه‌منی، یان كۆمه‌ڵایه‌تی.
له‌و به‌ڕێزانه‌ی كه خێرا خێرا كه‌مپین ئه‌كه‌ن و به‌رنامه‌ی ڕادیۆیی و ته‌له‌ڤزیۆنیان بۆساز ئه‌كرێ و وتار ئه‌نووسن، ئه‌پرسم: ئه‌رێ به‌ڕێزان ئه‌وه بڕوامان به‌وه هێناوه كه هه‌رچی ڕۆژنامه‌نووسی ڕاسته‌قینه‌یه و هه‌رچی سكاڵالێكراوی مه‌زڵومه، ئێوه خۆتانی لێ بكه‌ن به خاوه‌ن و كه‌مپینی فراوان فراوانی بۆ بكه‌ن و گووشاری بۆ دروست بكه‌ن، به‌ڵام ئێوه بۆچی بۆ جنێونووس و درۆنووس و بوختان نووسیش خۆتان ئه‌كه‌ن به خاوه‌ن، مه‌گه‌ر ئێوه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان، كه ڕۆژنامه‌گه‌ری له درۆكردن و بووختانكردن و جنێوداندا كورت بكرێته‌وه؟!
به‌ڕێزان، هه‌واڵی فه‌یك، پۆستی درۆ، كۆمێنتی جنێو له هێندێ میدیا و له زۆرینه‌ی په‌یج و ئه‌كاونته‌كانی سۆشیال میدیا، چاوی ئێوه‌ش و ئیمهمانانیشی كوێر كرد، ئه‌رێ ئێوه كه‌ی دونیای خۆتان له دونیای ئه‌و ئاژاوه‌یه جیا ئه‌كه‌نه‌وه، تا دونیای ئێوه‌ش نهڕووشێ؟
له‌گه‌ڵ ڕێزمدا
22 ی نیسانی 2020/ هه‌ولێر