Draw Media

ئەوانە بە چ زمانێك تێدەگەن؟

ئەوانە بە چ زمانێك تێدەگەن؟

2020-04-24 20:34:47


سەرتیپ جەوهەر

دەڵێن جارێكیان كرمانجێك (دلادێیی) و شارییەك (هەولێریی) دەبێتە شەڕێان و تەواو خۆیان لەیەكتر سوردەكەنەوە. مشتومڕێكی زۆر لەنێوانیان دروست دەبێت. كابرای دەشتەكی یان لادێیی لەسەر هەق دەبێت. هەر بەكابرای شاریی دەڵێت كورە وازبێنە لێت دەدەم، كورە لەناو چاوت دەدەم! كابرای شاریش هەموو جارێك لەوڵامی كابرای كرمانج دەڵێت؛ دەڵێدە لێدە..
كابرای كرمانج ئیدی چاوەڕێ ناكات و لەناو چاوی دەدات و لا رومەتی شین و مۆر دەكات! كابرای شاریی هیچی پێنامێنێت دەڵێت: لێشدەدات!!
هەڵسوكەوتی ئەم حكومەت و حوكمڕانانەی ئێمەش عەینەن بەزمە. لە 2013 حكومەتی بەغدا چەندین جار هۆشداریی دایە لێپرسراوانی هەرێم كە ئەگەر نەوت رادەست نەكەن بودجەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبڕن، كەچی كاربەدەستانی هەرێم زۆر بێمنەت بوون، سەرەنجام بەغدا زۆر بێمنەت بڕی. كوردستانیش روبەرووی دۆخێكی ئابوریی ئەوتۆ بویەوە كورد وتەنی "كافری پێ‌ موسڵمان دەبوو"، كەچی كاربەدەستانی كوردستان دوبارە خۆیان لەپەنا دروشم و هوتافی قەومیی شاردەوەو میللەتەكەیان روبەرووی چەرمەسەری و هەشبەرسەری كردەوە.
بیرمە وەزیرێكی كورد لەبەغدا بۆیگێڕامەوە لەماڵی رۆژ نوری شاوێس كۆببونەوەو بەئاشتی هەورامیی وتبو ئاگاداربن بەغدا بەنیازە بودجەی كوردستان ببڕێت، كەچی ئاشتی زۆر بێمنەت و بەغرورێكی زۆرەوە وتبووی بەغدا ئەوە نییە بودجەی ئێمە ببڕێت!!
لەمەسەلەی ریفراندۆمەكەش هەروا. هەموو وڵاتانی دونیاو دەوروبەری كوردستان وتیان ئێمە پشتیوانیتان ناكەین و بارودۆخ زۆر خراپ دەبێت، تەنانەت توركیاو ئێران و بگرە عیراق هەڕەشەی واوەتریان كردو وتیان لێتان دەدەین، كەچی كاربەدەستانی هەرێم هەر گوێیان پێنەداو بێمنەت بوون و وەك كابرای شاریی وتیان دە لێدە لێدە!
ئەوانیش لە دوای ریفراندۆم كارێكیان پێكردین با بەدەواری شڕی نەكردبێت، ناوچەیەكی بەرفراوانمان لەدەستداو سەرەنجام ئەوانەی بوونە هۆكاری ئەو دۆخە خراپە و سواریی سەر ملی خەڵك ببوون، ویستیان شكستی خۆیان بەخەڵكی دیكە هەڵواسن و كالعادە تۆمەت ببەخشنەوە. ئەوكاتیش دیسان شكستی خۆیان بەدروشمی قەومیی پێچایەوەو خۆیان لەپەنای دروشمەكانی كوردایەتی نا. لەوە خراپتر تا ماوەیەكی درێژ وەك قوتوی بیبستی كە هەرچەند لاری بكەیەوە تێیدا دەمێنێت، ئەوانیش بەرینەدابوون و هەر دەیانگوت سەربەخۆییەكەمان لەسەر رەفە داناوە رۆژێك دێت بەكاری بێنینەوە لەكاتێكدا خۆیان بەفەرمانی رەسمیی كۆی ئەنجامی ریفراندۆمەكەیان هەڵوەشاندبۆوە!!، كەچی هێشتا ریفراندۆم چلەی نەچووبوو پڕكێشی سەردانی بەغدایان كرد تا سوێند بخۆن یەكپارچەیی خاكی عیراق بپارێزن

ئێستاش دوبارە كاربەدەستانی كورد دەرس وەرناگرن یان كورد وتەنی "عارنانێن". لەدوای شكستی ریفراندۆم دوبارە قیچە موچەیەك بۆ هەرێم گەڕایەوە، هەموو ساڵ هەرێم و بەغدا رێكدەكەون و رێككەوتنەكە لەبودجەی ساڵانە دەچەسپێنرێت، كەچی هەرێم نەوت تەسلیم ناكات و دەیەوێت بیكاتە ئەمری واقع بەسەر بەغدا، وەك ئەوەی بەغدا غەشیم بێت! بەڵام پێموایە بەغدا تەحەمولی نەما، چونكە موچەی بۆخۆی پێ دابینناكرێت نۆبەتی هەرێمی كوردستانە! پێدەچێت چیتر نەچێتەسەر، ئیدی كە پارە نەما، زینی وەرتێ‌ و پرۆپاگەندەی مستەفا سەلیمیی و هەر پرس و باسێكی دیكەی ئیعلامیی برسێتی و نەبوونی موچە لەبیر خەڵك ناباتەوە، چیتر ناتوانن خۆیان لەنەبوونی موچەو ئەو دۆخەی دێتەپێش بدزنەوە، چیتر ناتوانن بێنەسەر شاشەو موزایەدە بەسەر خەڵكەوە بكەن و بڵێن موچەی خەڵك كەمناكەینەوە. ئەوەتا 4 مانگە موچەی مانگێكی ساڵی نوێتان نەداوەتە خەڵك، لەمەودوا لەپەنای هیچ دروشم و دۆخێك جێگاتان نابێتەوە.
ئەوەی بەلای منەوە زۆر سەیرە، تێناگەم ئەو خەیاڵپڵاوییەی كاربەدەستانی هەرێم لەكوێوە هاتووەو سەرچاوەی گرتووە؟ دەمەوێ‌ لەوە تێبگەم ئەوانە لەچ زمانێك و بەچ زمانێك تێدەگەن؟؟

تێبینی:
كرمانج: لەهەولێر بەخەڵكی لادێ و غەیری ئاغا دەوترێت.
هەولێریی: لەهەولێر بەوانە دەوترێت لادێیی نین شارین و باو باپیرانیان لەهەولێر بووە، شێوەزاری قسەكردنیشیان كەمێك جیاوازە لەگەڵ كرمانجان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand