یادی رۆژنامەگەری کوردی و گۆبڵزەکانی کوردستان
2020-04-22 18:30:59
مەحمود رەزا
ئەمڕۆ 122هەمین ساڵڕۆژی لەدایکبونی رۆژنامەنوسیی کوردییە.
لە 22ی 4ی 1898 دا، لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخانا، لە قاهیرەی پایتەختی میسر، ژمارە 1ی (رۆژنامەی کوردستان) دەرچو. بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی ئەم رۆژە مەزنە لە تەواوی رۆژنامەنوس و رۆژنامەوانە ئازا و ئازادەکانی کوردستان ئەکەم.
سیاسییە فاشیلەکانی کورد کردویانە بە پیشە، ساڵی جارێک بە بەیانێک، وتارێک یان پۆستێک یادی رۆژە تاڵ و شیرینەکانی میژوی گەلەکەمان ئەکەنەوە و دنیایەک هیوای تیا ئەخوازن، بەڵام ساڵ لەدوای ساڵ دنیا و ژیانی کوردەواری لەسەر دەستی ئەمانەدا ناخۆشتر و تاریک تر ئەبێ.
لەسەر ئەم ریتمە، دوێنێ زۆربەی فیگەرە فاشیلەکانی کوردایەتی و بازرگانانی سیاسەت، بەیاننامەیان بۆ یادی 122 ساڵەی رۆژنامەوانوسیی کوردی دەر کرد و باسی ئازدیی رادەربڕین و ئازادیی نوسین و قەڵەمیان کرد، هەروەکو ئەوەی ئەوان نەبن نزیکەی 30 ساڵە کۆت و تەوق ئەکەنە ملی ئازادییەکان، بە هەمو جۆرەکانیەوە نەک بەتەنیا ئازادیی ویژدان و نوسین و را دەربڕین!
گۆبڵزی وەزیری پرۆپاگەندەی ئەڵمانیای نازی چەن وتەیەکی بەناوبانگی هەبو، وەکو:
- هەرکاتێ گوێم لە وشەی رۆشنبیری ئەبێ دەست بۆ دەمانچەکەم ئەبەم؛
- میدیایەکی بێ ویژدانم بەرێ، گەلێکی ناوشیارت ئەدەمێ؛
- درۆ بکە، درۆ بکە تا خەڵک بڕوات پێ ئەکەن.
ئەڵمانیای نازی تەنیا گۆبڵزێکی هەبو، هەرێمە چەن ملیۆنییەکەی ئێمە دەیان گۆبڵزی زل و مامناوەند و بچوکی هەیە و دەیان ساڵە بە پراکتیک ناوەرۆکی وتەکانی گۆبڵز جێبەجێ ئەکەن، کەچی ساڵانە لەیادی رۆژنامەنوسیی کوردیدا خۆیان وەکو فریشتە نمایش ئەکەن.
گۆبڵز، هەرچەن کەسێکی دڕندە و بێ رەحم و بێ بەزەیی بو، ئەو هانی هیتلەری دا جەنگی دوەمی جیهان بەرپا و جولەکە جینۆساید بکا، بەڵام لەگەڵ خۆی و دەوروبەری راستگۆ بو، ئەوەی لە دڵیا بو لەسەر زاری بو، خاوەنی یەک دەموچاو بو نەک هەزار، وەکو سەرکردە فاشیلەکانی کوردایەتی و بازرگانانی سیاسەت کە بەدەم شتێ ئەڵێن و بەکردەوەش پێجەوانەکەی پراکتیزە ئەکەن.
لەم رۆژە پیرۆزەدا سیکتر لە گۆبڵزەکانی کوردستان، ئەوانەی:
- لەسەر وشە فیشەک ئەنێن بە ناو دەمی نوسەرەوە؛
- رۆژنامەنوس لەناو حەوشەی ماڵەکانیانا ئەدەنە بەر دەسڕێژی گوللـە؛
- لە نیوەشەوا هەڵەکوتنە سەر ماڵی هەقبێژان؛
- رۆژ لەدوای رۆژ کۆت و بەندی زیاتر ئەکەنە گەردنی ئازادییەکان؛
- بە پارەی نەوت و گومرگی میللەت قەڵەم و ویژدانی قەڵەمبەدەسان ئەکڕن و ئەیانکەنە ئامرازی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان؛
- سیستماتیک ئیش بۆ لەناوبردنی میدیای ئازاد و ئابڵوقەدانی رۆژنامەنوس و رۆژنامەوانی ئازا و ئازاد ئەکەن.