Draw Media

تێپەڕینی کات، ناتوانێ سەردەشت و دۆسیەکەی بکات بە ڕابردوو!

تێپەڕینی کات، ناتوانێ سەردەشت و دۆسیەکەی بکات بە ڕابردوو!

2020-04-22 18:12:42


بەکر عوسمان

 

ئەم رۆژانە مرۆڤایەتی بارودۆخێکی دژوار و قەیرانێکی گەورە و مەترسیدار بەڕێدەکات،  بە ئومێدی ئەوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەکەمترین زیان ئەم قەیرانە تێپەر بکات. لەگەڵ ئەم دۆخە ناخۆشەدا لە دەیەمین ساڵڕۆژی تیرۆری سەردەشت عوسمان نزیک دەبینەوە. لەسۆنگەی بەرپرسیارێتی و لە پێناو سەلامەتی تەندروستی هەموو لایەک لە ڤایرۆسی کڕۆنا، داواکارم لە جیاتی مەراسیم و کۆڕوکۆبوونەوەی فیزیکی و جەماوەریەکانی ساڵیادی سەردەشت. لە ڕێگەی مێدیا و ڕاگەیاندن و سۆسیال مێدیاوە  ئەو یادە و دۆسیەکەی بەرز ڕابگرین.
سەرەتا لەم بۆنەیەدا، دەمەوێ هەڵوێستەیەک لەسەر دۆسیەی زیندانیکردنی  هێمن مامەندی رۆژنامەنووس بکەم. چەند هەفتەیە لە سەر لێدوانی ڕۆژنامەوانی، ڕەخنەگرتن و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سەرکوت و گەندەڵی و بێمافی خەڵک، هێمن مامەند دوو جار لە سەریەک دەستگیر دەکرێت. تاکو ئێستاکەش لە زیندانی مەحەتەی هەولێردا راگیراوە. راپێچ کردنی مامەند بۆ زیندان، لەسەر ئەو بیانوو و تۆمەتانە نیە کە وەکو پاساو دەرخواردی رای گشتی دەدرێن. بەڵکو لەسەر ڕەخنە و ناڕەزایەتی و بەرگری لە مافی خەڵک و حەقبێژیەکانیەتی، ئامانجیش لەم کارە سەرکوتگەرانەیە بێدەنگکردنی هێمن و دەنگە ئازادەکانە. هەر بۆیە ئازادکردنی دەستبەجێی ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند دەکەینە یەکێک لە دروشم و داواکاریە سەرەکیەکانی یادی ١٠ ساڵەی سەردەشت.
لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا، سێ کابینەی حکومەتی گۆڕاوە، سێ خولی پەرلەمانیش بەڕێوەچووە، لە هەر سێ کابینە و خولە پەرلەمانیەکاندا، بۆیەک جاریش نە لێژنەیەکی پەرلەمانی، نەلێژنەیەکی دادوەری و مەدەنی بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی تیرۆری دەنگە ئازادەکان باسی لێوە نەکراوە. دەزگا و کابینە و خولەکانی پەرلەمان بە کردەوە سەلماندوویانە، بە ئەندازەی نوکە دەرزیەک پەیوەندیان بە ماف و خواستە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستانەوە نیە.  بەڵکو سەرجەم پێکەوە وەکو بەشەکانی یەک پاکێجن بۆ بەردەوامیدان بە دەمکوت و بێمافی و برسیێتی و نەداری خەڵکی کوردستان. 
لەکوێن ئەوانەی لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەکاندا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە دۆسیەی تیرۆرەکانی دەنگی ئازاد دەبەنە پەرلەمان؟ چەند لێژنەی پەرلەمانی بۆ لێکۆڵینەوە لەو دۆسیانە پێکهێنراوە؟ لێکۆڵینەوە لە چەند تۆمەتبار کراوە؟ چەند تاوانبار و تیرۆرست لەسەر تاوانی کوشتن و تیرۆری دەنگە ئازادەکان راپێچی لێکۆڵینەوە کراون و سزادراون؟ کوا بکوژانی سەردەشت عوسمان؟ کوا بکوژانی سۆرانی مامە حمە؟ کوا بکوژانی کاوە گەرمیانی؟ کوا بکوژانی ویداد حسێن؟ کوا کوا کوا بکوژانی دەیانیتر؟؟؟
لە دەیەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشتدا، ئیتر کار لە گومان و یەقین و بەڵگە تێپەریوە، دەزگا سەرکوتگەریەکانی خۆیان لە ناکۆکی نیوان خۆیاندا دان بە تاوانەکاندا دەنین و ئیتر هیچ بوارێک بۆ پرسیار و گومان نەماوەتەوە. چەند هەفتە لەمەوپێش لەلایەن دەزگای زانیاریی یەکێتیی لەژێر ناوی ئاژانسی زانیاریی هەرێمی کوردستان، ڕاستەوخۆ دەزگای پاراستنی پارتی و حزبەکەی بە تیرۆری سەردەشت و داڕشتنی سیناریۆی دادگا و لێژنەی لێکۆڵینەوە، تاوانبار کرد. تەنانەت چەند هەفتە تێپەڕێ بەبێ ئەوەی پارتی و دەزگا سەرکوتگەریەکانی ئەو ڕاگەیاندنەی حزبی هاوپەیمانیان ڕەتبکەنەوە. ئەمە مانای ئەوەیە ئیتر بۆ دەمکوت کردنی خەڵک وای بە پێویست دەزانن کە راشکاوانە کەلبەکانی خۆیان نیشان بدەن.
جارێکیتر ڕاشکاوانە بە پارتی دیموکراتی کوردستان و دەسەڵاتدارانی کوردستان ڕادەگەیەنین. ئێوە بە هەموو کردەوەکانتان لە دۆسیەی تیرۆری سەدەشت عوسماندا، تەواوی سیناریۆو مامەلەتان لەگەڵ ئەم مەسەلەیە و وەڵامەکانتان بە تۆمەتەکان، هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەکانتان. هیچ گومانێکی لەوەدا نەهێشتوەتەوە کە دەزگا تیرۆریستە ئینسانکوژەکانی خۆتان بە سەرپەرشتی و فەرمانی بنەماڵەی رابەر سەردەشتتان تیرۆرکرد. تەنها لەسەر ئەوەی پەردەی لەسەر ستەمکاری و گەندەڵی و ڕاوروت و چەپەڵی دەسەڵاتەکەی ئێو لابرد. ڕاگەیاندنەکەی دەزگای زانیاری یەکێتی لە قاڵبێکی فەرمیدا ئەو تاوانەی لەسەر پارتی یەکلاکردەوە. ئەوەشی سەلماند کە چۆن ئەم حزبە مافیاییانە کاتێک بەرژەوەندیان بخوازی تاوانەکانی یەکتری پەردەپۆش دەکەن و هەرکاتیش ناکۆکی کەوتە نێوانیان ئەو تاوانانەی یەکتر ئاشکرا دەکەن. لە هەردوو بارەکەشدا یاری بە ژیان و چارەنوسی خەلکەوە دەکەن. 
ئەو دەزگا ئەمنیانەی ساڵانە بەشێکی زۆری بودجەی تاڵانکراوی کوردستان خەرجیانە، لە ژێر ناوی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی کوردستاندا. بەکردەوە و بەگوتەی ڕاگەیاندنە فەرمیەکانی خۆیان، ئامرازی دەستی دەسەلات و حزبە دەسەلاتدارەکانن بۆ تیرۆر و دەنگی ئازاد و ڕۆژنامەنووسان و چاوترسێن کردنی جەماوەری کرێکار و ستەمدیدەی ئەم کۆمەڵگایە. 
بێگومان ئیمە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لە تاوانی تیرۆری سەردەشت و دەنگە ئازادەکان و بە کۆیلەکردنی خەلکی کوردستان خۆش نابین، لەگەل تێپەرینی کاتدا، تەنها رق و توڕەییمان لەم تاوانکاری و ستەمگەریە زیاتر دەبیت و لەسەر دادگایی و سزای عادلانەی هەموو تاوانکارە دەست خوێناویەکان سورتر و سورتر دەبین. بەڵام بێگومان لەم پێناوەشدا بە هیج جۆرێک نە چاوی ئومێد دەبڕینە هیچ دەزگایەکی ئەم سیستەمی دەسەلاتدارێتیە و نە هیچ چاوەڕوانیەک لە دامودەزگا داسەپێنراوەکانی ئەم سیستەمە دەکەین، کە  سەرجەم لایەن و پێكهاتەکانی، بە بێدەنگی لە ئاست ئەو تاوانانەدا، بە کردەوە بونەتە پشتیوانی ڕاستەوخۆی تاوانبار و تیرۆرستان. بەڵکو ئێمەش بەشێکین لەو ڕەوەندەی کە رۆژێک ئەم سیستەمە بەسەر خاوەنەکانیدا دەروخێنێ و گوێچەکەی هەموو تاوانبار و تاوانکاران دەگرین و دەیاندەینە دەست دادگای عادلانەی خەڵک.
بەڵام ئەگەر ئەمڕۆش ئیدعایەکی عەدالەت هەیە، ئەوە دۆسیه‌ی تیرۆری رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان بە کراوەیی لەبەردەست هەمواندایە، ئەگەر لە کوردستاندا شتێک هەیە بە ناوی ماف و یاسا، دادگا و داد و داواکاری گشتی، ئەگەر شتێک هەیە بە پروپاگەندە و بانگێشەیەک هەیە بە ناوی دیموکراسی و پەرلەمان و حکومەتی هاوڵاتی، ئەگەر شتێک هەیە بە ناوی عەدالەت و ویژدانی مرۆڤایەتی. ئەمڕۆ بکوژانی سەدەشت عوسمان ئاشکران، فەرموو با بە کردەوە بانگێشەکەی خۆیان نیشانبدەن لە دادگایی و سزادانی ئەو تاوانکارانەدا.

2020-04-22

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand