Draw Media

ئیتر قسە ئەكەم

ئیتر قسە ئەكەم

2020-04-22 17:24:42



عەبدولرەزاق شەریف

بەشی 10


"پارەی ژێرزەمینەكان"
سەرەتای بەهاری 2013، هێشتا بەغدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی رانەگرتبو، كەمئەندامانی سەنگەر لە بنكەیەكی خانەنشینی پێشمەرگەدا، موچەكانیان (وەك كێشەیەكی موزمین‌و بەردەوامی حكومەتی هەرێم) دواكەوتبو، بە خۆپیشاندانەوە هەڕەشەی هاتن‌و بەردبارانكردنی مەكتەبی سیاسی ی ن ك- یان دەكرد. مەلا بەختیار وەك لێپرسراوی دەستەی كارگێڕ، پەیوەندی بە شێخ بایزی رەحمەتییەوە كردو ئەویش لە وەڵامدا وتی:
-هیچ پارەیەك لە بانكەكان‌و وەزارەتی داراییدا نیە، بەهیچ جۆرێ ناتوانین ئەمڕۆ موچە دابەش بكەین.
-شیخ بایز ئێوە كارێكتان كردوە پێشمەرگەكانی خۆمان بێنە سەرمان‌و بەردبارانمان بكەن، هەرچیتان كردوە ئەمڕۆ پارەی كەمئەندامانی سەنگەر دابەش بكەن.
مەلا بەختیار ئەمەی وت‌و دوای یەك سەعات هەواڵ گەیشت كە پیكابێك بە گونیە پارەی كاشەوە گەیشتوەتە بنكەی دابەشكردنی خانەنشینی‌و خۆپیشاندانەكان تەواو بوە. لەگەڵ هەواڵەكەدا مەلا بەختیار داوای كرد بە تەلەفۆن شێخ بایزی بۆ وەربگرنەوە.
-رۆژی شەممە سەعات (9)، خۆت‌و ستافی یەكێتی لە وەزارەتی دارایی بۆ كۆبونەوەی كارگێڕ لە مەكتەبی سیاسی ئامادەبن.
ئەم پەیامەی مەلا بەختیار گەیشت‌و دوای دو رۆژ كۆبونەوەكە ئەنجامدرا، تیایدا بەرپرسی كارگێڕ، روی لە وەزیری دارایی كردو وتی: 
-ئەگەر لە هەولێرەوە پارە بێ، دو سەعات‌و، لە بەغداشەوە بێ چوار سەعات زیاتری دەوێ، بەڵام دوای پێداگری ئێمە بە كەمتر لە سەعاتێ پارەتان گەیاندو دابەشتان كرد، تۆ وتت هیچ پارەیەك لە بانكەكان‌و دائیرەكانی وەزارەتدا نیە، پێمان ناڵێی چۆن‌و لە كوێ ئەو پارەیەتان هێنا !؟
وەزیر كە نەیدەویست شوێنی پارەكە بە ئاشكرا بڵێ، بە بردەو بێنە‌و قسەی ژێر لێوان‌و نێوانی دێڕەكان، دەریخست كە لە دەرەوەی وەزارەت‌و دامودەزگاكانی حكومەت، شوێنێكی تر لە سلێمانی هەیە كە تەمویلی وەزارەتی دارایی ئەكا.
مەلا بەختیار فشاری هێنا‌و جەختی لە ئاشكراكردنی ئەو جێگەیە ئەكردەوە، بەڵام شێخ بایز زۆر لێزانانە وتی:
-ئێوە لە كارگێڕو مەكتەبی سیاسی، لە من باشتر ئەزانن ئەو جێگەیە كوێیە، ئەتانەوێ من پێتان بڵێم، سیودو دانەم دەربكەن، لە زمانم نایەتە دەرەوە.
دو رۆژ دوای ئەو كۆبونەوەیە، مەلا بەختیار وتارێكی لە رۆژنامەی (چاودێر) بڵاوكردەوە‌و تیایدا بە خەتێكی گەورەو لە لاپەڕەی یەكەمدا نوسیبوی (پارەی ژێر زەمینەكان دەربهێنن).
بۆ من جێگەی سەرسوڕمان بو، بەدوایدا پرسیاری زۆرم كرد، كەوتمە كنە‌و منەی هاتنی پارەی بەغداو پارەی نەوت‌و داهاتەكانی ناوخۆ، سەرەنجام گەیشتمە راستییەك، ئێستاشی لەسەر بێ كەم كەس بڕوا ئەكات‌و بە عەقڵدا ناچێ. پارەی عێراق لە هەولێرەوە بە كاش، بە نیسبەی 44% بۆ دەباشان‌و 56% بۆ سەری رەش دابەش ئەكرێ‌و ئەگوازرێتەوە، داهاتەكانی ناوخۆ، بە ماڵ جیایی سلێمانی‌و هەولێر، هەریەك بۆ شوێنی مەرجەعی خۆی، پارەی فرۆشتنی نەوتیش لەڕێگەی حساب بانكییەكانی ئاشتی هەورامییەوە دێتەوە ناو كۆمپیوتەرەكەی مەكتەبی سەرۆك. پارتی چی لێ ئەكەن‌و چۆن لەناو خۆیاندا بۆ بانكی كوردستان‌و لەوێوە چۆن بەشی ژمێریارەكەی وەزارەتی دارایی ئەدەن، زۆر نهێنی‌و ناڕونە، بەندە وردەكارییەكەی نازانم، بەڵام بەشی یەكێتی چەندجارێك لەڕێگەی سكرتێری گشتی پێشو، جێگرەكانی سەرۆكی حكومەت‌و ناوە ناوەش مەبلەغی كەم وەك دیاری بە هەندێ لە كەسایەتییەكانی (م.س)‌و سەركردایەتی‌و بنەماڵە دیارەكان دراوە، هەمو حزبەكانی تریش كە لەگەڵ پارتی هاوئاهەنگ ئەبن، كەم‌و زۆر لەو پارەیە هاوكاری ئەكرێن، ئەو كۆمپانیایانەش كە موساهەمەیە لەنێوان ئیدارەی گشتی‌و كەس‌و بنەماڵە سیاسی‌و بازرگانەكاندا، ئەوەی لە ئەدەبیاتی حكومەتی هەرێمدا پێی ئەڵێن (خەرجی كۆمپانیاكان) زۆرینەی پارەكە ئەپچڕن. لەدوای ئەم هەمو دیزە بە دەرخۆنەیە، وەك خێرو سەدەقە، هەندێك مانگ كەم‌و هەندێ زیاتر، بۆ موچە لە وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان‌و هەندێ پرۆژە، تەمویلی وەزارەتی دارایی ئەكرێ، بۆ نەوت‌و پێشمەرگە‌و خەرجی سەرۆكایەتییەكانیش راستەوخۆ دابەش ئەكرێ.
دوای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان‌و قسەكردن لەسەر گەندەڵی‌و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی لای كەمی ئەم پاشاگەردانییە، پێشنیازی هەردو حیزب بۆ هاوكاری‌و بەشداریكردنی بزوتنەوەكە‌و شاندانە ژێر راستكردنەوەی ئەو بارە لارە، كاك نەوشیروان بە وەرگرتنی پەرلەمان‌و وەزارەتەكانی دارایی‌و پێشمەرگە، بەمەبەستی گۆڕانكاری ریشەیی، بە بەڵێن‌و پشتیوانی مەسعود بارزانی رەزامەندی نواندو گرتیە دەست، پرۆژەی موتەكامیلی دا بە حكومەت‌و وەزیرەكانی، گواستنەوەی داهاتەكانی سلێمانی بۆ هەولێر یەك لە خاڵەكانی ئەو پرۆژەیە بو، جێبەجێكرا، هەندێ هەنگاویش بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە چوە پێشەوە‌و هەندێ پرۆژەیاساش بۆ پەرلەمان ئامادەكرا. ماوەیەكی كەم‌و كاك نەوشیروان لە راستگۆیی‌و پشتیوانی بارزانی بێ ئومێد بو، لە هەولێرو دهۆك لە هیچ بوارو پرۆژەیەكدا پشتیوانی‌و هاوكاری نەكرا، بە جۆرێ پارتی دەیانویست وەك گوێزی پاككراو سلێمانییان بخەنە چنگەوە، بەو شێوەیەی ویستویانە‌و دەیانەوێ، بەردەوامی بە حوكمڕانی هەرێمی كوردستان بدەن. لە كاردانەوەداو بۆ لە مەحەكدانی گشت بەڵێنەكانی بارزانی، ئەمجارەیان، كوردوتەنی، كاك نەوشیروان لە پاشەوە لغاوی كردو هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی خستە پەرلەمانەوە، دەرەنجامەكەی بە داواكردنی بۆ مەحكەمە‌و فەرمانی گرتنی خۆی كۆتایی هات.


پەنجەرەیەك كرایەوە‌و دەرگاكان داخران
پێش دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ رزگاربوون لە هەژموونی هەردوو بنەماڵەی تاڵەبانی‌و بارزانی، دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ لاوازكردنی پێگەی هەردو حیزبی دەسەڵاتدار لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان، هەوڵی دروستكردنی بەرەیەك لە حیزبە ناڕازیەكان‌و سەركردەكانیان لە ئارادابو، بەجیا هاوڕێ كۆنەكانی شۆڕش‌و پێشمەرگایەتی، مامۆستایانی زانكۆو رۆشنبیران، لە دەرەوە‌و ناوەوەی وڵات لەگەڵ (دكتۆر بەرهەم، سەلاحەدین بەهادین، عەلی باپیرو عومەری سەید عەلی) لە پەیوەندیدا بون. ئەم جوامێرانە خۆشیان یەكتریان ئەبینی‌و راوێژیان ئەكرد.
سەرەنجام لەبەر هەر هۆیەك بو كە بەندە وردەكاریەكەی نازانم، سەلاحەدین بەهادین كشایەوە، لە 14ی ئازاری 2018دا، هەرسێ لا (كۆمەڵی ئیسلامی، بزوتنەوەی گۆڕان‌و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری) بە ئیمزای هەرسێ سەركردە رێككەوتنێكیان كرد، دەقی رێككەوتنەكە لێرەدا وەك خۆی بڵاوئەكەمەوە:

           بەناوی خوای بەخشندە‌و میهرەبان
                رێككەوتنی كاری هاوبەش 
لەدوای پێكهێنانی لیستی نیشتیمان لەنێوان هەرسێ لایەندا، بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمەڵایەتی كوردستان، سیستمی حوكمڕانی، شكست‌و قەیرانە كەڵەكەبوەكان‌و بارودۆخی ژیان‌و گوزەرانی هاوڵاتیان، لەپێناو رێكخستن‌و یەكخستنی هێزو توانای لایەنەكان لەپێناو چاكسازی هەمەلایەنەدا، هەرسێ لایەن وەك بنەمای كاری هاوبەشی قۆناغەكە رێككەوتن لەسەر واژۆكردنی ئەم رێككەوتنامەیەی لای خوارەوە:-
یەكەم: بنەما گشتییەكان
1-لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان‌و عێراقدا هەماهەنگ‌و هاوكار دەبین.
2-كاركردن بۆ دروستكردنی ئیئتیلافی فراكسیۆنەكان یان یەك فراكسیۆنیی لەناو پەرلەمانی عێراق‌و كوردستان‌و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لە هەڵبژاردنەكاندا.
3-هیچ لایەنێك لەژێر هیچ پاساوێكدا نەكەوێتە دژایەتی لایەنەكانی تری ناو رێككەوتننامەكە.
4-رێگری بكرێت لە هەر بەریەككەوتنێك كە زیان بە هاوكاری‌و هاوخەباتی نێوانمان بگەیەنێت.
5-سودوەربگیرێت لە رێكخراوە مەدەنییەكان‌و كەسایەتی پسپۆڕ.
دووەم: دەستەی هەماهەنگیی باڵا (پێكدێت لە لیژنەی باڵای هەرسێ لایەن).
1-بڕیارەكان بە ئیجماع دەردەچن.
2-سەرپەرەشتی راستەوخۆی لیژنەكانی هەماهەنگی دەكەن.
3-ئەم رێككەوتنە كراوەیە بۆ لایەنە سیاسییەكانی تر.
سێیەم: ئەم لیژنانەی خوارەوە پێكدەهێنرێن:
ا- لیژنەی پەیوەندییەكان:
1-نوێنەرایەتیكردنی سیاسی‌و دیبلۆماسی هاوبەش لەكۆڕو كۆبونەوە ناوخۆیی‌و عێراقی‌و هەرێمی‌و جیهانییەكاندا.
2-پابەندبوون بە پرسە نیشتیمانی‌و نەتەوەییەكان.
ب- لیژنەی راگەیاندن:
1-داڕشتنی سیاسەتی راگەیاندنی هاوبەش بۆ هەرسێ لایەن، بەگوێرەی پێویست‌و رۆژ.
2-كاری هاوبەش بۆ دژایەتی گەندەڵی‌و نادادی‌و هەر دیاردەیەكی تری دزێوی ناو كۆمەڵگە.
3-كرانەوەی میدیاكان بەڕووی كادیرو ئەندامان‌و كادیرەكانی یەكتر.
4-پێشكەشكردنی هاوكاری لە گشت بوارەكانی راگەیاندن بەیەكتری.
5-گۆڕینەوەی زانیاری میدیایی.
ج- لیژنەی هەڵبژاردن:
1-هەماهەنگیكردن‌و جەختكردنەوە لەسەر پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران‌و چاودێریكردنی هاوبەشی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان.
2-هاوكاری‌و هەماهەنگی لەبواری بریكارو چاودێریەكانی سەر صندوق‌و گەیاندنی دەرەنجام‌و دەنگەكان بەیەكتری.
3-هاوكاری‌و هەماهەنگی لە كردنەوەی خولی راهێنان بۆ كاندید‌و بریكارو چاودێرەكان.

ئیمزاكان
عەلی باپیر لە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، بەرهەم ساڵح لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری، عومەر سەید عەلی لە بزوتنەوەی گۆڕان لە رۆژی (14/3/2018)دا.


پێش رێككەوتن‌و دوای رێككەوتنیش، سەید عومەر تەنیا مەراقی ئەوە بو بزانێ دكتۆر بەرهەم لەناو یەكێتیدا چەند مەكتەبی سیاسی‌و چەند سەركردایەتی لەگەڵدایە، ناوەكانیان بزانێ. لە ناحاڵی بوندا، جارێك‌و لە كۆبونەوەیەكدا ئەو پرسیارەشی لە بەرهەم كردبو، ئەوەی لای من مایەی سەرەنج بو، هێرۆخان بە هەمو هێزی لە هەوڵدابو دكتۆر بەرهەم لە یەكێتی بكاتە دەرەوە، سەید عومەریش بەپێچەوانەوە هەوڵەكانی بۆ مانەوەی بەرهەم بو لەناو یەكێتیدا، ئەمەیشی لای دكتۆر بەرهەم نەشاردبوەوە،  روبەڕو پێی وتبو (سەید تۆ لەپێش منەوە یەكێتی بویت، فەرمو پێشمان بكەوە سەرەتا تۆ بگەڕێرەوە)، ئەم وەڵامەی لە دكتۆر بەرهەم وەرگرتبوەوە.

ئەو گروپەی دەوری كوڕەكانی كاك نەوشیروان پەیوەندیەكی پتەویان لەگەڵ بەرهەم هەبو، نەشیان دەشاردەوە‌و بۆ گۆڕان‌و بۆ جوڵانەوە بەرەییەكەش، لە سەید عومەر باشتر پێناسەیان دەكرد. دكتۆر بەرهەم بەتاك‌و كۆ پەیوەندی شەخسیی لەگەڵ ئەواندا هەبو، هەموشیانی ئەبینی، سەروەختێك وای لێهاتبو، لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بە پێڕەكەی بەرهەم ئەناسران. سەید عومەرو تەكەتولەكەی لە هەوڵی كۆكردنەوەی زانیاری‌و چۆنیەتی ئەو پەیوەندیانەدا بون، ئەوانیش بۆ ئیستیفزازكردنی ئەو تەكەتولە جارناجارێ، هەریەك بە جیا، وێنەیەكیان لە پاركی شارو لەگەڵ دكتۆر بەرهەمدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوئەكردەوە.

رێكخەری گشتی لەدوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكەی، باسەكەی هێنایە ناو كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی‌و لەوێش تەنیا ئاماژەی بە هەوڵی دكتۆر بەرهەم دا بە دروستكردنی بەرەیەك‌و هاوپەیمانێتییەك، دورو نزیك نە باسی كۆمەڵی ئیسلامی‌و عەلی باپیر، نە باسی رێككەوتنەكە‌و ناوەڕۆكەكەی كرد، لەگەڵیشیدا، زۆر بە تەوسەوە باسی لە تەنیایی دكتۆر بەرهەم كرد‌و وتیشی ئەم كابرایە كەس نازانێ لەناو یەكێتیدا چەند كەسی لەگەڵدایە.

بەش بە حاڵی خۆم، لەو كۆبونەوەیەی جڤاتی نیشتیمانیدا چاوەڕوانی گفتوگۆیەكی جدیم ئەكرد لەوبارەیەوە، من رای تەكەتولەكەی سەید عومەرم ئەزانی، بەڵام توشی شۆك بوم كە ئەو گەنجانەی بە ڕیز وێنەیان لەگەڵ بەرهەم بڵاوئەكردەوە‌و بەرهەمیش بە پشتی قایمی خۆی ئەزانین، هەر لەسەرەتاوە دابارینە سەری، هەستم كرد، لەڕێگەی كوڕەكانی كاك نەوشیروانەوە (وەك هەمو جارەكانی دواتر)، سەید عومەر كاری خۆی كردوە، هەر بە دەنگی ئەو كۆبونەوەی جڤات، كاركردن لەگەڵ دكتۆر بەرهەم رەتكرایەوە.

-بەرهەم خۆی بە تەنیا ژمارەیەكە‌و كەسیشی لەگەڵ نەبێ دكتۆر بەرهەمە، بە رەتكردنەوەی دروستكردنی ئەو بەرەیە، لەئێستاوە دیارییەك ئەدەن بە پارتی كە بەشی پەنجا كورسی دەنگ لە هەڵبژاردنی ئایندەدا بهێنێت.

من كە پێشترو لەكارەكانی لەناو یەكێتیدا، رام لەسەر دكتۆر بەرهەم باش نەبو، بەم دو دێڕە موداخەلەم لە كۆبونەوەكەدا كرد‌و دواتریش لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (هاوڵاتی)، دێڕی دوەمی موداخەلەكەم، بو بە مانشێت.

بە كۆتایی ئەو كۆبونەوەیە، هەمو دەرگاكانی چونەناو بەرەیەكی هاوبەش بۆ بەگژاچونەوەی هەژمونی پارتی‌و یەكێتی، داخران. رێككەوتن‌و روداوەكانی ساڵ‌و مانگەكانی پاشتر، ئەنجامی قڵپبوونەوەی ئەو سیحرە بو بە سەرمانداو ئەم هەلومەرجەی ئێستای خوڵقاند.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand