Draw Media

یەکێتی لە چاوەڕوانی کودەتای دووەمدا

یەکێتی لە چاوەڕوانی کودەتای دووەمدا

2020-04-19 10:13:31


 ئاسۆ حاجی

ئەو کودەتایەی لە کۆنگرەی یەکێتیەوە تاقمێک بەسەر باڵەکانی دیکە کردی هێشتا درێژەی هەیە و قۆناغ بە قۆناغ بەرەو ئامانجی دوایی هەنگاو دەهاوێژن کە کۆنتڕۆلکردنی تەواوی و یەکجارەکی یەکێتیە لەلایەن کوڕانی شێخ جەنگی زڕبرازایانی جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچکردوو و دامەزرێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.
لاهور جەنگی و براکانی کە دەرفەتیان لە نەخۆش کەوتنی مام جەلال و دواتر کۆچی دوایی کردنی وەرگرت و بە کەلک وەرگرتن لە بێ ئەزموونی کوڕەکانی مام جەلال خۆیان وەک میراتگر و بەرگریکار لە بەرژەوەندیەکانی ماڵباتی تاڵەبانی ناساند لە ژێر ناوی "پاراستنی رێبازی مام" کە ئەوە دروشمی هەموو باڵەکانی یەکێتی بوو بەڵام هەر یەکەو بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکرد،تا بەستنی کۆنگرە و یەکلایی بوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی لە بەرژەوەندی لاهور جەنگی کە دوای دوورخستنەوەی بەرهەم سالح سەرۆکایەتی یەکێتی لەگەڵ کوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی بەنیوە کرد.
کوڕەکانی شێخ جەنگی کە هێزیان لە دەست تێکەڵکردن لەگەڵ ئەو لایەنانە وەردەگرن کە کەرکوکیان داگیرکردەوە و هەڕەشەی لەناوبردن و نەهێشتنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستانیان دەکرد،ئەوە لە کاتێک دابوو کە خەڵکی کوردستان لە هەموو کات زیاتر یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بوون و بەو روحیەتەشەوە ریفراندۆمیان سەرخست بوو کە لاهور و براکانی کەلێنیان خستە ناو یەکڕیزی کوردستانیان و بوونە کەوا سووری بەر لەشکری داگیرکەر و کەرکوک و ناوچەکانی دیکەیان رادەست کردنەوە.
ئەمڕۆ کە هەموو خەڵکی کوردستان و جیهان رووبەڕووی هەڕەشەیەکی مەزن لە سەر تێکڕای کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆتەوە و هەرێمی کوردستانیش دوای تێپەڕاندنی ئەو هەموو قەیرانانەی کە ساڵانی رابردوو بەرۆکی گرتبوو بە سەرکەوتووی لە هەوڵدایە ئەو مەترسیە لە سەر ژیان و ژیاری خەڵک لابدا،لاهور و براکانی کار بۆ ئەوە دەکەن دەرفەت لە نەهامەتی خەڵک و زەحمەتیەکانی ژیانیان وەربگرن و پێگەی بنەماڵەی خۆیان لە ناو حیزبەکەدا توندتر بکەن،ئەویش بە زیاتر پەڕاوێزخستنی و بێ هێزنیشاندانی ستافی حیزبەکەیان لەناو حکومەتدا بە تایبەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران کە کوڕی بچووکی جەلال تاڵەبانیە کە تا کۆنتڕۆل نەکردنی یەکێتی لەلایەن لاهورەوە لەناو یەکێتی بە مامی گچکە بانگ دەکرا و وەک جێگرەوەی مام جەلال مامەڵەی لەگەڵ دەکرا،لەوە دەچێ ئەو ترسەی لاهور هێشتا کۆتایی نەهاتبێ بۆیە رۆژانە خەریکی ئەوەیە زیاتر قوباد بشکێنێ و وەک کەسێکی بێ هێز و بێ کەلک بە یەکێتیەکانی نیشان بدا.
دواین کاری لاهور لە دژی قوباد تالەبانی ئەوە بوو کە وەک بەشێک لە هەولەکانی پارتی نیشانی بدات بۆ دەستکاری کردنی موچەی فەرمانبەران و لێدانەوەی قەوانی پاشەکەوت کردنی موچە بۆ ئەو کارەشی هەڵمەتێکی گەورەی لە ڕێگای میدیاکارانی یەکێتی و ئەوانەش کە لە دەرەوەی یەکێتی کار بۆ لاهور دەکەن دەست پێکردووە،هاوشان لەگەڵ ئەو هەڵمەتەشی لاهور جەنگی لە دەرکەوتنێکی نمایشکارانە ماوەیەک بەر لە ئێستا سەردانی پارێزگاری سلێمانی و یەکە تەندروستیەکانی ئەو شارەی کرد و وەک حاکمی ئەو شارە لێدوانی دەدا و خۆی ناساند.
تا ئیستا پیلانەکانی لاهور لە ناو یەکێتی سەرکەوتوو بوونە لە پەرت کردنی هەموو باڵەکان تا دەگاتە لێکهەڵوەشاندنەوەی باڵەکان و دوورخستنەوەی کارەکتەرە سەرەکیەکان لە یەکتری وەک دوورخستنەوەی بەرهەم سالح لە کۆسرەت رەسول و درز خستنە ناو باڵی کەرکوکیەکان و کڕینی زۆرینەی سەرکردەکانی هەولێر و دوورخستنەوەیان لە کۆسرەت،لەوە دەچی دواین کار و هەنگاوی بە یەکجاری تێکشاندنی قوباد تاڵەبانی بێت و هێشتنەوەی بافێل تاڵەبانیە بە تەنیا وەک هاوسەرۆکێکی بێ دەسەڵات دواتریش لە کۆنگرەی داهاتوو خۆی ببێتە کەسی یەکەمی یەکێتی و پۆستی سکرتێری گشتیش بگەڕێنێتەوە و ببێتە جێگرە و میراتگرەوەی مام جەلال.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand