Draw Media

 بۆچی بارزانی  بێدەنگە ؟.

 بۆچی بارزانی  بێدەنگە ؟.

2020-04-18 09:15:15


ساڵح ژاژڵەیی
هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی زۆر هەستیاردا گوزەردەكا ، لە لایەك ڕوبەڕوی مەترسی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆتەوە . لە  لایەكی ترەوە ڕوبەڕوی  قەیرانی ئابوری بۆتەوەو حكومەت موچەی فەرمانبەرانی پێ نادرێت .
ئێستا كە مستەفا كازمی ڕاسپێراوە  بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌  كاتێكی زۆر هەستیارە بۆ هەرێمی كوردستان و دەبێ ڕێكەوتنێكی نوێ‌ لەگەڵ ئەو ئەنجام بدەن و تا ئێستا ڕونیش نییە  ئەو چۆن هەڵس و كەوت لەگەڵ هەرێم دەكات .
لە بری ئەوەی هەوڵ بدرێت ناوماڵی كورد ڕێك بخرێت و  بە یەكگرتویی بچنە  بەغداو هەوڵی بەدەست هێنانی شایستە داراییەكانی هەرێم  و مافە نیشتمانیەكان بدەن ، خەریكە ئاگری شەڕێكی خوێناوی خۆش دەكرێت ، بە هۆی  كەسانی هەل پەرست و  نا بەرپرسیارەوە و كوردستان خەڵتانی خوێن بكەن .
سەرەتای  دەستپێكردنی ناكۆكیەكان و  دەستپێكردنی  شەڕی میدیاو  دەركردنی  بەیاننامە  لە سەر یەكتری دەگەڕێتەوە  بۆ  گرتنی پاسەوانێكی  ڕێباز  حەملان  لە لایەن پارتییەوە  كە سەر بەیەكێتییە بە تۆمەتی سیخوڕی  كردن  بۆ لایەنێكی تر . ئەوەش نەگبەتییەكی تری كوردی داماو . لە ڕاستیدا دەبوو ڕێباز حەملان  خۆی پاسەوانی خەڵك بوایە : نەك پاسەوانی هەبێت  و  ببێتە مایەی دروستبونی شەڕ.  دوای ئەمانە كێشەی لە سێدارەدانی  مستەفا سەلێمی  لە لایەن حكومەتی ئێرانەوە و دروستبونی شەڕی ئیعلامی و تۆمەتبار كردنی یەكتری ، كە لە ڕاستیدا  هیچ پێویست نەبوو ئەوە  بكرێتە كێشە ، بەڵام وەكورد دەڵێت: ئەم ماستە بێ مو نییە .
 بەڕاستی مایەی سەرسوڕمانە بەڕێز مەسعود بارزانی ئاوا بێدەنگە لە ئاستی  ئەم هەموو  شەڕی میدیایی و  تاوانباركردنی  یەكتری و  خۆشكردنی ئاگری شەڕ  لەم كاتە ترسناك و هەستیارەدا .
ئایا بەڕێز مەسعود بارزانی هەست بە مەترسی ئەم قۆناغە ناكات ، ئەگەر شەڕدروست ببێت چ كارەساتێك ڕودەدات ؟ ئایا وەرتی چی تێدایە شەڕی لەسەر دروست بكرێت ؟ ئەم بێدەگییەی  بارزانی گومانی گەورەی بۆ هەموان دروست كردوە .
بەڕێزم  ئەوەتا  لە كوڵەجۆ پێشمەرگە شەهید دەكرێ‌  و لە جلەولا بەناوی حەشدی شەعبیەوە ، جاش دروست دەكەن  بۆ لێدانی كوردو ئێوەش  هێز ڕەوانەی  زینوی وەرتی دەكەن ؟ 
ئەوەی ئێستاش  لە زینوی وەرتی خەریكە ڕو بدات لە بەرژەوەندی توركیادایە. توركیا چەندین ساڵە نەیتوانیوە پەكەكە  لە قەندیل دەركات .  بەڵام ئێستا دەیەوێت  ئەو كارە بە كورد خۆی بكات . دیارە دروستبونی شەر ِلە نێوان  پارتی و یەكێتی ، پەكەكەش دێنێتە ناو هاوكێشەكەوەو  توركیاش لەو نێوانەدا هەلێكی باشی بۆ دەرەخسێت و ئەو ناوچەیە داگیر دەكات . ئەوەتا  لە یەكەم هەنگاودا  تەیارەی توركی چەندین گەریلای شەهید كردن ودوو ئافرەتیش لە كەمپی مەخمور .
 دڵنیام ئەگەر بارزانی  بیەوێت  بە یەك تەلەفون چارەسەری ئەو كێشەیە  دەكات  بەڵام پێدەچێت نەیەوێت كۆتایی بەو گرژیە بهێنێت و ئەوەش بێ مەبەست نییە .  لە هەموی سەیرترئەوەیە : وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی دەرەوەی عێراق  لەسەر ئەو بۆردومانە  هاتونە دەنگ و سەفیری توركیایان بانگ هێشت كردوەو لە نیگەرانیەكانی عێراقیان بەرامبەر بەو دەست درێژیە ئاگادار كردۆتەوە . 
سەفیری توركی زۆر ڕاشكاوانە وتویەتی  ئێمە قبوڵی ناكەین  لەناو خاكی عێراقەوە  هێرشمان بكرێتە سەر . بەڵام  حكومەتی هەرێم نقەی لە خۆی بڕیوە . كەواتە  دروستكردنی ئەم ئاڵۆزیە لەم كاتدا ، بەبەرنامە كراوەو لە خۆوە ڕوینەداوە . ئەوەتا بە خۆڕایی بەهانە درایە دەستی تورك و بەو هۆیەوە  هاتە ناو هاوكێشەكەوە .  پارتی عەقڵانە وەكو هەموو جارەكانی تر بەرنامەكەی لە  ڕێگای وەزیرەكەی  یەكێتییەوە  جێ بەجێ‌ كرد . 
ئەوەتا مەكتەبی سیاسی  پارتی بەیانی دەركردوە ، كەو ئەو هێزە بە فەرمانی وەزیری پێشمەرگە جوڵێنراوە . بەڕاستی  بە بێ ئەوەی جەنابی وەزیر بە خۆی بزانێت ، سەریان تاشی و كڵاویان كردە سەری و ئاوێنەشیان دایە دەستی . ئێستا دەبێ مستەفا چاو ڕەش دژی شۆڕش ئیسماعیل بچێتە سەنگەرەوە .  هەر وەكو چۆن لە ڕێگای جەماعەتێكی ناو یەكێتییەوە ڕیفراندۆمیان ئەنجام داو كە كارەساتە قەوما ئەنجامە خراپەكەیان  ملی چەند كەسێكی ناو یەكێتی و ناویان نان ، جەماعەتی 16 ئۆكتۆبەری خیانەتكار و عاقڵانە یەكێتیشی كردە دوو بەرەی دژ بە یەك .
كەواتە  شەهید كردنی ئەو گریلاو هاوڵاتیانە بارزانی لێیان بەرپرسیارە  ، هەر وەك چۆن بەرپرسیارن  لە شەهید كرانی  پێشمەرگەكانی كوڵە جۆ . هەموو ئەمانە بەرهەمی سیاسەتە خراپەكانی بارزانین .
 زانیاریشمان هەیە  بەڕێز نێچیر بارزانی هەر لە سەرەتاوە  هەستی بە مەترسی بارودۆخەكە كردوەو  ڕۆڵی هەبوە  لە هێور كردنەوەی  بارودۆخەكە ، بەڵام پێ دەچێ  ڕێگری لە هەوڵەكانی  گیرابێت .   كەواتە چۆن گۆمان نەبێت ، لە لایەك ڕیگری لەنی هەوڵەكانی  بەڕێز نێچیر بازانی دەگیرێت كە هەمیشە وەكو پیاوێكی میان ڕەو دەردەكەوێت و  لە لایەكی تریشەوە مەسعود بارزانی  یەك قسە ناكات  لەم بارودۆخە  هەستیارەدا .
لە كاتێكی  ئاوا هەستیار و مەترسیداردا   هەموو كەس بێدەنگ بوایە ، نەدەبوو  بەڕێزیان  بێ دەنگ بن . ڕادەست كردنەوەی مستەفا سەلیمی بە ئێران ، هەر كەس و لایەنێك ئەنجامی دابێت  ، دەچێتە بابی تاوانەوەو   دەبێ هەمومان دژی ئەو جۆرە تاوانەبین . بەڵام  كارەساتەكە ئەوەیە  كە هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە بەزۆر  بەسەر یەكێتیدا ساغ بكرێتەوە .باشە ئەوە چ پەیوەندییەكی بەسەر پارتییەوە هەیە بیكاتە بەهانەی كێشە دروستكردن ؟؟. 
 ئەگەر ئەوە تاوان و عەیبەو حەیا چون بێت ، بە ویژدانتان ئێوە خۆتان  چەند كاری لەو جۆرەتان ئەنجام داوە  كە هەر لە ژمارە نایەن ؟  حەق وایە كە باسی شتی لەو جۆرە كرا ئێوە خۆتان بشارنەوە  .
             هۆكاری دروستكردنی ئەم كێشەیە  لەم كاتە چییە؟
دروستكردنی  ئەم كێشەیە  لەم كاتەدا لە خۆڕایی نییەو بەرنامە داڕێژراو بوەو مەبەستی تایبەتی لە پشتەوەیە .  بۆیە مەسعود بارزانی  مەسروری  كوڕی كردە سەرۆكی حكومەت بۆ ئەوەی لە ئێستاوەو هەتا خۆی لە ژیاندا ماوە ، ئەو بكاتە جێنشینی خۆی و بیكاتە كەسی یەكەمی بنەماڵەو حیزبەكەی و شوێن پێی قایم بكات  . بەڵام وەكو  دەركەوت لە هەنگاوی یەكەمدا  شكستی هێنا و كابینەكەی   بە خرابترین كابینەی  هەرێمی كوردستان  هەژمار دەكرێـت . هەر لە هەنگاوی یەكەمی دەست بەكار بونیەوە دەركەوت كە پیاوی دەوڵەت داری نییەو  هەرگیز سەركەوت و نابێت .
حكومەتێك  یەك ملیۆن دۆلاری  پاشەكەوت نەبێ بۆ ڕۆژی تەنگانەو  مانگانە موچەی فەرمانبەرانی  بۆ دابین نەكرێـت  و  ئەوا مانگی نیسانی ساڵی 2020 بەرەو كۆتایی  دەچێت و  یەك موچەی  تێدا نەدرابێـت ، هەر شەرمە پێی بڵێی حكومەت . نازانم هەر چۆن لە ڕویان دێت قسە بكەن . 
جگە لەوەش  سەرۆكی حكومەت لەم كاتە هەستیارەدا هیچ ڕوڵێكی نەبوەو خۆی شاردۆتەوە و  تەنها لە پشتی كۆمپوتەرەوە قسەی كردوە . حكومەتەكەی تەنها بەیانی دەركردوەو قەدەغەی هاتو چۆی ڕاگەیاندوە   . ئەی باشە موچە، ئەی ژیانی خەڵك و  ئەوانەی نان نییە بیخۆن كێ‌ لێیان بەرپرسیارە ؟.  سەرۆكی وڵاتانیش لەپَێشەوەی بەرەی شەڕی كڕۆنادان .  
مەسعود بەرزانیش بۆ شاردنەوەی  فەشەلی كوڕەكەیی و ڕزگار كردنی ، هاتوە  كێشەی زینوی وەرتێی دروست كردوەو  كەوتونە دانانی هێز بەرامبەر یەكتری  و هەڕەشە لە یەكتری  و دروستكردنی ترس و دڵە ڕاوكێ‌  لای هاوڵاتیان . ئاخر ئەگەر ئەمە بە مەبەست نییە ،  هێزەكان بكشێننەوەو كێشەكە تەواو دەبێت . ئەی بۆچی ئەو بڕیارە نادەن ؟ چونكە  ئیشیان بەو كارەیە  .
ئەم سیناریۆیەشی بۆ ئەوە ڕێك خستوە خەڵك  سەرقاڵ بكەن  بە كێشەی شەڕەوەو مەسەلەی موچەیان لە بیر بەرنەوەو زەمینەش خۆشكەن بۆ دروستكردنی دوو ئیدارەیی . لەوە دەچێت هیچ ئومێدێكیان بە حوكمڕانی نەمابێت و بەتەواوی ئیفلاسیان كردبێـت . 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand