شەڕی حیزبەکان ڕوو ئەدات یا نا؟
2020-04-18 08:58:05
دانا ھەڵەبجەیی
ناکۆکی و کێشمەکێشی مرۆڤ ھەر لە سەرەتای درووستبوونییەوە، لەگەڵ سروشتدا سەرچاوەی وەرگرتووە و بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێنێتەوە جەنگ و ناکۆکی مانەوەی خۆی دەستپێکردووە.
جەنگ دژی سەرما و گەرما، برسییەتی و تینویەتی، تاریکی و ڕۆشنی، ژیان و مەرگ، ئاژەڵی دڕندە و مرۆڤی دڕەندە.
دیارە مرۆڤەکانی پێش خۆمان ھەموو شەڕ و ناکۆکییەکانیان بە شێوەیەکی فیزیکی ئەزموون کردووە.
پێش چوار ھەزار ساڵ ئیتر مرۆڤ لە نیاندەرتاڵی و دڕەندەیی و کێویی و دەشتەکی دەرچوون، ھەنگاویان نایە قۆناغێکی دیکەی ژیاندن، ئیتر ھۆش یار بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکدی و لەگەڵ سروشت و ئاژەڵدا.
خۆ حەشاردان و خۆ خستنە کونجێک کە ژیان و ئاسایش و خۆراکیان تیایدا پارێزراوبێت، بووە ھەنگاوی یەکەمی درووستکردنی گروپ، پاشان ھۆز و ھاوزمان و ھاو خاک.
لە پاشدا ئێل و نەتەوە و وڵاتیشی بە دوا ھات.
مرۆڤەکانی پێش خۆمان بۆ مانەوەیان لە ژیاندا جەنگیان کردوە، لێ پاش ئەو ھەموو شەڕ و جەنگ و ماڵوێرانی وکوشت و کوشتارەی ھەر بۆ ئەو گروپە زەوەندەی خۆیان کردیان، بەڵام ئێستا بۆ گروپی بچوک ئەیکەن کە بە ناوی ڕێکخراو و حیزب ئەکرێت.
کێشە و جیاوازی ئەمانەی سەردەمی ئێستا بۆ مانەوەی خۆیان نییە لە ژیان، بەڵکو بۆ دەسەڵات و داگیرکردنی مرۆڤەکانی تر ئەیکەن، بۆ پاوانخوازی و خستنە ژێر ڕکێفی ئەوانی دیکە ئەیکەن.
ئەو نەتەوە و میللەتانەی کە سەربەخۆیی خۆیانیان بەدەستھێناوە، تا ئاستێکی باش ئاشتی و ئارامی و ئاسایشیان بۆ خۆیان مسەوگەر کردووە، و ئەگەر ناکۆکییەکی فکری و دونیادیدەیی جیاوازشیان ھەبێت؛ بە ڕێگای دروستیی دیموکراسی چارەی ئەکەن.
بەڵام لە مەڕ خۆمان ئەوەندە لە پاشڕوەین، نەک ھەر نەمانتوانیوە دەوڵەتێکی سەربەخۆ دابمەزرێنین، بەڵکو حیزبێکی سەربەخۆشمان لە مەیدانەکەدا لە چاودا ونە.
ناکۆکی ئێمە بۆ مانەوەمان نییە، بۆ باشتر ژیاندنی گەلەکەمان نییە، بەڵکو بۆ دەسەڵاتخوازی چەند گروبێکە بە سەر دار و نەداری ناوچەیە کە ھێشتا وەک دەوڵەت دانی پێدا نەنراوە.
لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەوە شێواز و سیناریۆی ناکۆکییەکان گۆڕانیان بەسەردا ھات. لەبری دەوڵەتان و وڵاتان کۆمەڵێک گروپی نوێیان ڕژانە ناو خۆرھەڵاتی ناوینەوە، شەڕی لە برییان تێدا خوڵقاند.
ئاژەوەیان خستە ناو وڵاتانی ناوچەکە و سیمای دەوڵەتدارییان کاڵکردوە و ھەر ناوچە و شارێک کەوتنە دەست گروپێکی چەکدارەوە، وێنەکە لە سوریا و تەنانەت لە عێراقیش بە ڕوونی دیارە.
ئەو ھەموو حیزبەی کە لە عێراق لەماوەی ١٦ ساڵدا درووستبوون و درووستکرا، ھەڵتۆقینی داعش و مانەوەی وەک جنۆکە لە ناوچەکە، بێ ھێزکردنی حکومەتی عێراق وا لە خەڵک تێگەیاندن کە ئەگەر سەرۆک وەزیران ھەبێت یا نەبێت، حکومەت خۆی ئەڕوا بەڕێدا، ھەمیشە پێوسیتمەندکردنی ھەرێم بە بەغداوە و تەنانەت بوون و نەبوونی حکومەتی ھەرێمیش وەک یەکە و مەسرەف زیادەیەکەیە بەسەر خەڵکەکەی خۆییەوە.
خولاسەی کەلام ئەم سێ حیزبە سەرەکییەی کوردستان کە قەران و قوەتیان ھەیە، ھەر یەکەیان بە ئاراستەیەک کار لەم گەمە و گێژاوەدا ئەکەن، و شەڕی کش ماتی یەکدی ئەکەن.
ناوچەکە سەراپا بێ خاوەن و فرە خاوەنە، دامەزراوەی دەستووریی بە تەواوی سست و بێ دەسەڵاتە، و لە ھەمووی گرنگتر میللەتیش پێش کۆرۆناش وا ترسێنراون ھەر لە کەرەنتینەدا خۆیان دوورە پەرێز ڕاگرتووە، غەمی کڵاوە شڕەکەیانە کە شەڕی ئەمانە بە بایدا نەبات.
ئەم ناکۆکی و ململانێ و جەنگە لە ئەزەلەوە بۆ ئێمە ماوەتەوە، ھەر بەردەوامیش ئەبێت، ئیتر کێ داشی شەتڕەنجەکەیە و کێ تەختەکەیەتی و کێش کش لە کێ ئەکات، ئەوە ئەزموونێکی باشمان لەبەر دەستدا ھەیە بۆ ناسینی ھەر یەکەیان.
ئەمجارە شەڕ لە ناوچەیەکی دیاریکراو و کاتێکی دیاریکراودا تەواو ئەبێت، ئەگەر میللەت ھۆشیار بن و بەر بەو پاوانخوازییە بگرن کە تورکیا لە پلانیدایە، ئەگینا ھەتا ماون ھەر گیسکەکەی ھەیاسی خاس بەشیان ئەبێت... . ھەر بۆیە ئێمە گەڕاوینەتەوە سەردەمانی پێشوو کە ناکۆکی گروپی بچوک و ناوچەی بچوک ھەبوو، لە ھەمووی ناقۆڵا تر ئێستا جەنگی تاک دژی تاکیش سەری ھەڵداوە.
ئەم میراتگرانەی چەک و پارە و دەسەڵات، بۆ مانەوەی خۆیان تەڕ و وشک پێکەوە ئەسوتین، ھیوادارم تۆ سوتێنراوەکە نەبیت.