Draw Media

كۆرۆنا و بەرهەمهێنانەوەی دوو ڕەگەزە بنەڕەتیەكەی شوناسی كوردی

كۆرۆنا و بەرهەمهێنانەوەی دوو ڕەگەزە بنەڕەتیەكەی شوناسی كوردی

2020-04-17 18:16:20


هیوا تاوگۆزی*
ئەگەر چی مرۆڤایەتی بەرەو پێشكەوتنێكی گەورە هەنگاو دەنێت، بەڵام تاكی كورد هێشتا نەیتوانیوە دوو تایبەتمەندی سەردەمی كۆن بەجێبهێڵین، بگرە زۆرجار ئیش لەسەر زیندووكردنەوەیان دەدات: 
تایبەتمەندیەكان:
یەكەم: مێژووی ئێمە مێژوویەكی پڕ جەنگ و خوێنە، بۆیە زۆرجار شادی و خۆشحاڵیەكانمان بە بردنەوەی دوای جەنگەكانەوە گرێ دەدەینەوە، لەڕاستیدا هەستی زاڵبوون و بردنەوە و تێكشكاندی ئەویتر، بوە بەجۆرێك لە كلتور و زۆرجاریش كوردەكان لەدەرەوەی خۆشیانەوە شوناسی دلاوەری و ئازایەتییان پێ دەبەخشرێت. ئەم جۆرە لە ئەخلاقیات گوێزراوەتەوە بۆ وردە كلتورەكان و گەورە بۆ بچوك پەیڕەوی لێ دەكەین، پەیڕەوی كردن لەوەی كە بتوانین بەبێ هیچ ترس و بەربەستێك لە بەرامبەرەكانمان توڕە ببین، بەسەریاندا زاڵ ببین، لە هەر كوێدا ویستمان بچوكیان بكەینەوە و لەناویان ببەین، وە هەمیشە بەشێك لە ئارەزووەكانمان گرێ دەدەینەوە بەوەی كە لەڕووی فیزیكی و جەستەییەوە لە ئەوانی تر ببەینەوە و توانای زاڵبوون و قیژاندنمان هەبێت بەسەریاندا. ئەم هەستە نەوە بۆ نەوە گوێزراوەتەوە و تەلەفزیۆنەكانیش باشترین هاندەرن بۆ چەكەرەكردنەوەی ئەم هەستە سایكۆلۆژییە پاسیڤە.
لێرەوە، لە ڕۆژانی كۆرۆنادا یەكەكانی وەزارەتی ناوخۆ (ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە و مرور و ...) بەیارمەتی حكومەت و قانون ئەو هەلەیان بۆ ڕەخسا كە بتوانن ئەو هەستە زبر و ڕەقە كوردیەی خۆیان باشتر تێر بكەن، ئەو هەلەیان بۆ هاتە پێشەوە كە زبری و توڕەبوونی ناخی خۆیان بهێننە سەرەوە و بیسەلمێنن كە توانای ئەوان لە هەموو توانا مرۆییەكان بەرزترە و هەر كات بیانەوێت دەتوانن هاوڵاتی بە زۆر لە كونجی ماڵەكانیاندا قفڵ بكەن و زیندانی بكەن، دەتوانن بەبێ هیچ ترس و لێ پرسینەوەیەك بەسەر هاوڵاتیدا هاوار بكەن و لە هەر كوچەیەك یان كۆڵانێكدا بیانەوێت بچوكی بكەنەوە و تێكی بشكێنن، ئەڵبەتە ئیشی من لێرەدا هەڵسەنگاندنی ئیشی ئەوان نییە كە ئایا باش بووە یان خراپ، بەڵكو خوێندنەوەیەكە بۆ ئەو هەستە كوردیەی كە لە جیاتی نەرمی و ڕێزگرتن، بە توڕەبوون و زبربوون تێر دەبێت، لە باتی ئامۆژگاری و هێمنی، بە چەك و كوتەك ئارام دەبێتەوە، بۆیە یەكەكانی ناوخۆ وەك تاكی كورد ئەو هەستكردن بە زاڵێتی و دەسەڵاتدار بوونەیان، لە هەموو هەستەكانی تر پێ پیرۆزتر و گەورەترە، وە ڕەنگە كەم تا زۆر حەسوودیشیان پێ ببەین.
دووەم: تایبەتمەندی دووەم پەیوەندی بەو دیوە شارستانی و مرۆییەوە هەیە كە پێویستی هەموو كۆمەڵگاكانە، كە من لێرەدا ناوی دەنێم (یاسا و پەیڕەویكردن لەیاسا). لەرۆژانی كۆرۆنا تاكی كورد توانی بیسەلمێنێت كە هێشتا لەگەڵ یاسا ئاشنا و تەبا نییە، هێشتا ناتوانێت بەبێ چەك و هێز پەیڕەوی لە یاسایەك بكات كە لەسەرەوە بۆی دادەڕێژرێت و دەبێـت لێی دەرنەچێت. لەڕاستیدا شپرزەیی كۆمەڵگای كوردی نە پەیوەندی بەبوونی ئاینەوە هەیە نە پەیوەندی بە غیابی فەلسەفەوە هەیە، بەڵكو پەیوەندی بەوەوە هەیە كە هێشتا تاكی ئێمە ناتوانێت یاسا قبوڵ بكات (چ یاسای ئاسمانی چ یاسای زەمینی) بەڵكو تەنها بەدوای ئەوەوەیە لەدەرەوەی حكومەت و یاسا گشتیەكان، یاسا نەفسیەكانی خۆی پیادە بكات و بەدییان بهێنێت. هەر ئەمەش وادەكات، بەشێك لە هاوڵاتیان لەسەردەمی كۆرۆنادا بەجلوبەرگی سەربازییەوە لەبازگەكان دەربچن، بەشێك بەئۆتۆمبیلی فریاگوزاری نەخۆشخانەكان و بەشێك بەناوی نەخۆشی و عیلاج وەرگرتنەوە. كەم تازۆر لەهەموو كوچەیەكدا خەریكی بەرهەمهێنانەوەی ئەو هەستەین كە ئێمە ناتوانین پەیڕەوی لەیاسا بكەین و بەڵكو خۆمان لەیاسا بەگەورەتر و گرنگتر دەبینین.

* خوێندكاری دكتۆرا لە كۆمەڵناسیدا

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand