Draw Media

یەکێتی ئەگەر شەریک نیە چیە؟

یەکێتی ئەگەر شەریک نیە چیە؟

2020-04-17 16:46:45


 ئاسۆ حاجی

ئەو ئاڵۆزیەی گروپێکی ناو یەکێتی دروستی کردووە دوو ئامانجی هەیە یەکەمیان پەیوەندی بەناوخۆیی یەکێتیەوە هەیە بۆ زیاتر خۆ سەپاندن و بەهێزکردنی ئەو گروپە بە سەرۆکایەتی لاهور جەنگی لە سەر حیسابی لاوازکردنی کوڕەکانی مام جەلال بە تایبەتی قوباد تاڵەبانی کە سەرۆکایەتی تیمی یەکێتی دەکات لە ناو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا،ئامانجی دووەمیشیان لادانی سەرنجی خەڵکە لەسەر ئەو کەتنەی ئەو گروپەکە کردی لە رادەستکردنەوەی تێکۆشەرێکی رۆژهەڵات بە کۆماری ئیسلامی ئێران،شاردنەوەی هەردوکیشیان لە پەنای قوڵکردنەوەی ململانێ لەگەڵ پارتی ناونیشانێکی داتاشراوە و چەند بارەیە،چوونی هێزێکی پێشمەرگە بۆ زینی وەرتێ پەیوەندی بە پارتیەوە نیە چونکە ئەو کارە بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی کراوە کە سەرۆکی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و بە بڕیاری وەزیری پێشمەرگەش بووە لە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیە،پرسی تەقینەوەی جەماوەری لە سەرتاسەری کوردستان بە رووی ئەو گروپەی ناو یەکێتی لە بەرامبەر رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی پەرچەکردارێکی جەماوەری بوو و پەیوەندی بە هیچ حیزب و لایەنێک نەبووە.
هێنانە گۆڕی پرسی پشت گوێ خستنی دەڤەری سلێمانی و جیاکردنەوەی لە شارەکانی دیکە لە قەوانێکی کۆن و سواو زیاتر نیە و بە گوێرەی زانیاریەکانی من پارەی تەرخانکراو بۆ ئەو دەڤەرە لەوانەی دیکە زیاتر نەبێت کەمتر نیە و حکومەتی هەرێم کار بۆ کاڵکردنەوەی ئەو بیرە نەزۆکەی شارچیەیی و ناوچەگەری دەکات کە خزمەت بە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان ناکات.

بەهانەی یەکێتی بۆ خۆ دزینەوە لەو بەرپرسیارەتیە مێژوویەی هاوشان لەگەڵ هەردوو هێزە سەرەکیە پێکهێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سەر شانی لێدانەوەی قەوانی"ئێمە لە حکومەت بەشدارین و هاوبەش نین" بە نیەتەی خۆیان وەک پاڵەوان و سەرکەوتوو بە خەڵک بناسێن و هەموو کێماسیەکانیش بۆ لایەنەکانی دیکە بەجؽبهێلن.
لە نزیکەی سی ساڵی رابردوو یەکێتی لە هەموو هەڵبژاردنەکان لە یەکەمینیەوە لە ساڵی ١٩٩٢ تا دواهەمینی لە ساڵی ٢٠١٩ یان دەنگی دووەم یاخود سێیەمی بەدەستهێناوە بەڵام هەرگیز ملی بۆ ئەو ئەنجامانە نەداوە و بەردەوام جەختی لەوە کردۆتەوە کە یەکێتی یەک کورسی هەبێ یان سەت ، دەبێ لە حوکم و بەڕێوەبردنی کوردستان هاوبەش بێت و هەرواش بووە،لە ساڵی ١٩٩٢ یەکێتی لە بەرامبەر پارتی بە جیاوازی دوو کورسی دۆڕاندی کە دەبوا پارتی حکومەت پێکبهێنێ و یەکێتیش ببێتە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام لە جیاتی ئەوە ، یەکێتی هەڕەشەی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی کرد و پارتی بۆ دروست نەبوونی شەڕ لە کورسیەکی خۆی بۆ یەکێتی خۆش بوو و مۆدێلی پەنجا بە پەنجا کە ئێستاش گەلی هەرێمی کوردستان باجی دەرهاوێشتە خراپەکانی دەدا داهێنانی یەکێتیە.
ئێستا دوای تێپەڕبوونی بیست و حەوت ساڵ و لە دۆخێکی وا هەستیار و چارەنووسسازدا کە هەموو جیهان بە دەست ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەناڵێنێ و دابەزینی لەناکاو و زۆری نرخی نەوت هەڕەشە لە ئابوری جیهان دەکا و خەریکە توشی قەیرانێکی گەورە و جدی بکات،یەػێتی لە جیاتی ئەوەی وەک چۆن لە بردنی نزیکەی نیوەی بودجە و داهاتی حکومەت هاوکار و هاوبەش بێت لە تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە،هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە چۆن لە سەر حیسابی ژیان و چارەنووسی خەڵک دەسکەوتێکی حیزبی و لە ناو حیزبەکەشیدا دەسکەوتێکی شەخسی و تاقمێک قازانج بکات کە هەموو ئامانجەکەش لێی خۆ بە پاڵەوان کردنی کەسێک یان چەند کەسێکن کە رۆژێک بەشێک نەبووینە لە چەرمەسەری و نەهامەتیەکانی ئەو میللەتە بەڵکو کەسانێکن بچووکترین دەرفەتیان بۆ دروست بووبێت ئەوە میللەتیان بە خاکەوە فرۆشتووە.
یەکێتی کە باس لەوە دەکا هاوبەشی حکومەت نیە و تەنها بەشدارە، لە جیاتی ئەوەی هەڵوێستی کشانەوە بێت لە حکومەت و چۆلکردنی گۆڕەپانەکە بێت بۆ لایەنەکانی دیکە تا کاربکەن و کارنامەی خۆیان جێبەجێ بکەن،لەلایەک بە جولاندنی هێز هەڕەشەی دروست کردنەوەی شەڕی براکوژی دەکا،لەلایەکی دیکەشەوە خەڵک هاندەدات کە پابەند نەبن بە بڕیار و رێنوماییەکانی حکومەت بەبێ گوێدان بەوەی کە خەڵک توشی کۆرۆنا دەبێ و ژیانیان دەکەوێتە مەترسی،تەنها لە پێناو ئەوەی کەسێکێکی هەڵتۆقیو و دەرهاویشتەی سەفقەیەکی خیانەتکارانە وەک پاڵەوان خۆی نمایش بکا.
لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم پارتی کە هێزی براوە و یەکەمی هەڵبژاردن بوو یەکێتی خستە بەردەم بژاری بەشداریکردن یان نەکردن لەو کابینەیەدا چونکە پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ هێزەکانی دیکە بە ئاسانی و بەبێ گرفت دەیانتوانی کابینەکە پێکبهێنن و یەکێتیش دەیتوانی ببێتە هێزێکی ئۆپۆزسیۆن و کاری سیاسی خۆی بکات،یەکێتی رایگەیاند کە بەشداری حکومەت دەبێ و بەبێ یەکێتی ناتواندرێ حکومەت پێکبهێندرێ،هەموو ئەو لێدوانانەشی هەڕەشە بوون بۆ سەر بارودۆخی سەقامگیر و ئەمنیەتی خەڵکی کوردستان،لەو رووەوە پەیامەکەی یەکێتی ئاشکرا بوو کە "ئەگەر یاری نەکەم یاریگاکە تێکدەدەم".
یەکێتی بەشداری یاریەکە بوو و تیمەکەی لە حکومەت هاوبەشی هەموو کار و بڕیارێکن و بەشێکی سەرەکی جێبەجێکردنی ئەو کارنامەیەن کە هەرسێ لایەنی سەرەکی پؽکهێنەری حکومەت پارتی،یەکێتی و گۆڕان پێکەوە دایانڕشتووە و دەنگیان لەسەر داوە و لەوەتەی ئەو کابینەیە دەست بەکاربووە تەنانەت یەک بڕیاریش بەبێ بەشداری و راوێژی هەموو لایەنەکان نەدراوە.
ئێستا کە یەکێتی کە دەبینی خەڵک رووبەڕووی دۆخێکی تەنگ و کێشەیەکی گەورەی تەندروستی دەبنەوە کە کاریگەری لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان بە توندی دروست کردووە،خۆی لە خەڵک و پێداویستیەکانیان دوور دەخاتەوە و لە جیاتی کردار دەست بۆ هەندێک دەستەواژەی بەتاڵ دەباتەوە کە پێشتر تاقیکراونەتەوە و لە ختوکەدانی هەست و سۆزی خەڵک فەشەلیان هێناوە،بە دڵنیایەوە ئەوجارەش فەشەل دەهێنەوە،چونکە ئەو کەرستانەی ئێستا لەبەر دەستی ئەو کەسانەن کە خەون بە لەناوبردنی ئەزموون و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەبینن لەو کەرستانە ناکاریگەرترن کە لە سەردەمی فرۆشنی کەرکوک وەدەستیان هێناوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand