Draw Media

له‌ جه‌نگی داڕمانی نرخی نه‌وتدا كێ‌ براوه‌ بوو كێ دۆڕاو ؟

له‌ جه‌نگی داڕمانی نرخی نه‌وتدا كێ‌ براوه‌ بوو كێ دۆڕاو ؟

2020-04-16 23:19:45


فه‌رهاد حه‌مزه‌  

 

بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژوودا نه‌وت وه‌ك چه‌كێكی سیاسی له‌ جه‌نگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1973 نێوان عه‌ره‌ب و ئیسرائیل به‌كارهات ، له‌و كاته‌وه‌ تا ساڵی 2017 هه‌رچی داڕمانی نرخی نه‌وت هه‌بووه‌ هه‌مووی فاكته‌ری سیاسی ڕۆڵی باڵای هه‌بووه‌ و ئه‌مریكا ویستوویه‌تی زیانی ئابووری گه‌وره‌ به‌ نه‌یاره‌كانی وه‌ك روسیا و ئێران بگه‌یه‌نێت خۆشی له‌و لاوه‌ عه‌مباره‌ ستراتیجییه‌كانی له‌ نه‌وتی هه‌رزان پڕ ده‌كرد چونكه‌ ئه‌مریكا خاوه‌ن به‌رهه‌مێكی نه‌وتی كه‌م بوو له‌ چاو پێویستییه‌كانی ، زیاتر په‌نای بۆ بازاڕی جیهانی ده‌برد . به‌ڵام له‌ ساڵی 2017 به‌ دواوه‌ نه‌وتی به‌ردین (النفط الصخری-shale oil ) هاتۆته‌ مه‌یدان و بڕی به‌رهه‌م هاتووی ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاد ده‌كات ئێستا كۆی به‌رهه‌می نه‌وتی ئه‌مریكا ده‌گاته‌ 10 ملیۆن به‌رمیل له‌ ڕۆژێكدا كه‌ ئه‌مه‌ وایكردووه‌ ئه‌مریكا له‌ وڵاتێكی به‌كاربه‌ره‌وه‌ ببێته‌ وڵاتێكی به‌رهه‌م هێن .
ئه‌و ڕق به‌ ڕقێیه‌ی ئه‌م دواییه‌ی نێوان روسیا و سعودیه‌ داڕمانێكی مێژوویی نرخی نه‌وتی لێكه‌وته‌وه‌ به‌ جۆرێك ئێشه‌كه‌ی گه‌یشته‌ سه‌ر كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان و هه‌ندێكیانی مایه‌ پووچ كرد، هه‌ر بۆیه‌ ئیداره‌ی ئه‌مریكا به‌ گورجی كه‌وتنه‌ خۆیان بۆ چاره‌سه‌ری دۆخه‌كه‌ ، په‌یوه‌ندی به‌ردوامیان به‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندی داره‌كانه‌وه‌ كرد تا له‌ ڕۆژی 10 ی نیساندا هه‌موو لایه‌ك ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌ وڵاتانی ئۆپك و روسیا 10 ملیۆن به‌رمیلی ڕۆژانه‌ كه‌م بكه‌نه‌وه‌ ئه‌مریكا و چه‌ند وڵاتێكیش 5 ملیۆن به‌رمیل .
ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ریه‌ك له‌م سێ‌ ده‌وڵه‌ته‌ (ئه‌مریكا – روسیا – سعودیه‌) بپرسین كێ‌ براوه‌ بوو كێ‌ دۆڕاو . سعودیه‌ خۆی به‌ سه‌ركه‌وتوو ئه‌زانێ‌ چونكه‌ به‌رهه‌می نه‌وتی به‌ روسیا داگرت كه‌ پێشتر ئاماده‌ نه‌بوو ئه‌و كاره‌ بكات ، روسیاش خۆی به‌ براوه‌ ئه‌زانێت ده‌ڵێت توانیم بڕی به‌رهه‌مهێنانی كارگه‌ ئه‌مریكییه‌كان كه‌م بكه‌مه‌وه‌ ، ئه‌مریكاش خۆی له‌وان به‌ كه‌متر نازانێت چونكه‌ به‌ قه‌ناعه‌تی خۆی توانی پیشه‌سازی نه‌وتی ئه‌مریكی له‌ مایه‌پووچ بوون بپارێزێت . به‌ڵام له‌ ڕاستیدا هه‌ر سێ‌ لایه‌ن به‌ دۆڕاو ده‌ژمێردرێن چونكه‌ زه‌برێكی ئابووری گه‌وره‌یان به‌ركه‌وت ، براوه‌ی مه‌یدانه‌كه‌ وڵاتانی به‌كاربه‌ری نه‌وت بوون وه‌ك چین ، به‌ گوێره‌ی هه‌واڵه‌كان له‌ ماوه‌ی شكانی نرخی نه‌وتدا هاورده‌ی چین له‌ نه‌وت به‌ ڕێژه‌ی 4,5% زیادی كردووه‌ .
هه‌رچه‌نده‌ له‌ هیچ قۆناغێكی مێژوویدا ڕێكخراوی ئۆپك به‌و بڕه‌ نه‌وتی كه‌م نه‌كردۆته‌وه‌ به‌ڵام ئاماژه‌كان پێمان ده‌ڵێن ئه‌م هه‌نگاوه‌ش بۆ ئه‌مساڵ له‌ نرخی نه‌وت ئه‌وه‌نده‌ به‌رزناكاته‌وه‌ چونكه‌ فاكته‌ره‌كانی شكانی بازاڕی نه‌وت وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌ .
كۆمپانیای نه‌وتی باكوور

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand