سەرۆکوەزیرانێکی خراپ!
2020-04-16 10:36:54
شوان حەمە
هەموو ئاماژەکان زەنگی هەڵوەشاندنەوەی حكومەتەکەی مەسرور بارزانی لێدەدەن!
ئەگەرچی مەسرور بارزانی لەپێکهێنانی کابینەی حكومەتدا توانی یەکیتی و گۆڕان کۆبکاتەوەو کابینەیەکی حکومی پتەو پێکبێنێت، بەڵام لەدرێژەی پرۆسەی بەڕێوەبەرایەتیدا تا ئاستێکی زۆر کەمتەرخەم و بێتوانا بووە.
ململانێ شاراوەو ژێربەژێرەکانی نێوان مەسرورو نێچیرڤانی ئامۆزا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی سەرمایەدارە نزیکەکانی نێچیرڤان بایکۆتی حکومەت بکەن، بەتایبەت لەقەیرانی ڕوبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنا لەهەرێم.
دوای گەیشتنو بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا بۆ هەرێم، مەسرور بارزانی هاوشێوەی میرەکانی سعودییە، لەدەڤەری بارزان خۆی دابڕاندووەو وەک پێویست ئاگاداری دۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ماڵی خەڵکی هەرێم نییە.
پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان لەخراپترین ئاستدایە. لێدوانی توندو ڕەخنەیی پارێزگاری سلێمانی دژ بەحکومەت و تۆمەتبارکردنی حكومەت بەوەی دەستی بەسەر هاوکارییە ماڵییە ناوخۆییو نێودەوڵەتییەکاندا گرتووە، هەڵدانەوەی سەری ئەو مەنجەڵەیە ماوەیەکە لەناوەوە قوڵپ دەدات.
گەمارۆی درێژماوەی کەمپی مەخمورو هاوکاری میتو یارمەتیدانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی سوپای تورکیاو شەهیدکردنی چەندین گەریلا لەزینی وەرتێ، نەک تەنها هەرەشە لەهەڵوەشاندنەوەی کابینەی حكومەت دەکات، بەڵکو مەترسییەکی ڕاستەقینەشە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمەکەو ئەگەرەکانی دروستبونی شەڕی ناوخۆو دەستێوەردانی زیاتری میتی تورکی و ئیتڵاعاتی ئێرانی لەباشووری کوردستان.