Draw Media

ستراتیژی دوورخستنه‌وه‌ی داگیركه‌ر..!

ستراتیژی دوورخستنه‌وه‌ی داگیركه‌ر..!

2020-04-15 20:25:10


عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
  پاراستنی ئاسایش و ئارامی هه‌رێم و رێگرتن له‌ فیتنه‌و به‌ریه‌ككه‌وتنی نێوان هێزه‌ كوردییه‌كانمان له‌ باشوور، زیاتر له‌ رێگایه‌كی هه‌یه‌، شاڕێ ته‌نها بریتییه‌ له‌ دوورخستنه‌وه‌ی داگیركه‌ر له‌سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌م ئه‌ركه‌ ته‌نها، هی حكومڕانان نییه‌، پێویستیی به‌لێكگه‌یشتنێكی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستانیشدا.
  له‌رواڵه‌تدا، ئه‌زانم كه‌ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی مه‌بده‌ئییانه‌ی ئه‌م پرسه‌ سه‌خت ده‌رناكه‌وێت!‌، به‌ڵام له‌ گه‌وهه‌ردا دوو به‌ربه‌ستی یه‌كجار گه‌وره‌ هه‌ن كه‌ هه‌م ئه‌م شاڕێیه‌ كوێر ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌م ده‌رگای گرژیی ئه‌منی و بگره‌ ئه‌گه‌ری به‌ریه‌ككه‌وتنه‌وه‌ی سه‌ربازیی نێوان هێزه‌كانمان به‌كراوه‌یی ئه‌هێڵنه‌وه‌. 
   به‌ربه‌ستی یه‌كه‌م، پارتی دیموكراتی كورستانه‌ كه‌ به‌هۆی شه‌ڕیی ناوخۆیی(1994-1998) و ئاسه‌واره‌كانی و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ستراتیژییه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ توركه‌كاندا هه‌یه‌تی، ناتوانێ بچێته‌ ناو هیچ ستراتیژێكه‌وه‌ كه‌ مۆركێكی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێ و پاڵپشتیی توركه‌كان له‌ هێشتنه‌وه‌ی ‌هاوسه‌نگیی هێزی ناوخۆیی هه‌رێمدا بدۆڕێنێ كه‌ له‌میانه‌ی شه‌ڕی ناوخۆی هه‌رێمدا به‌ده‌ستیهێناوه‌و له‌ڕێگه‌یه‌وه‌و له‌كاتی خۆی هه‌ڵكشانی سه‌ربازیی هێزه‌كانی یه‌كێتیی به‌ره‌و كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌كانی بادینان ڕاگرت. 
  به‌ربه‌ستی دووه‌م، پارتی كرێكارانی كوردستانه‌ كه‌ به‌ پاساوێكی ئایدیۆلۆژیی(كوردستانه‌ هه‌مووی یه‌كه‌) ناچێته‌ ناو هیچ رێككه‌وتنێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ كه‌ تایبه‌تمه‌ندێتیی هه‌رێم له‌به‌ر چاوبگرێ و پێگه‌و چالاكی و باره‌گاكانی ئه‌و له‌ باشووردا سنوردار بكاو ناچار به‌ گواستنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی خه‌باتی چه‌كداریشی بكات بۆ باكوری كوردستان و ناو خاكی توركیا كه‌ شوێنی راسته‌قینه‌ی ئه‌و خه‌باته‌یه‌.
   ئه‌م دوو به‌ربه‌سته‌، هه‌ردووكیان، وه‌ك یه‌ك، له‌ خزمه‌تی ستراتیژی مانه‌وه‌ی سوپای داگیركه‌ری توركیان له‌ناو خاكی هه‌رێمدا كه‌ زیاتر له‌ 18 باره‌گاو سه‌ربازگه‌ی له‌سنوری نفوزی پارتی دیموكراتدا لێداوه‌ ( ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ شانه‌كانی MIT!) و سه‌دان كۆمپانیا كه‌ ئه‌ركێكی سه‌ره‌كیی به‌شێكی زۆریان به‌ستنه‌وه‌ی جومگه‌ی ئابوریی هه‌رێمه‌ به‌ توركیاوه‌و له‌وێشه‌وه‌ كۆنترۆڵكردنی سه‌ربه‌خۆیی بڕیاری ئابووریی هه‌رێم.
  به‌م مانایه‌، ئه‌مڕۆ و بگره‌ له‌ مێژه‌، به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی پارتی كرێكاران و پارتی دیموكراتی كوردستان. ره‌چاو نه‌كردنی ئه‌م به‌رپرسیارێتییه‌ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی كراوه‌و به‌رده‌وامی گرژیی ئه‌منی، ده‌شبێته‌ وێرانبوونی ئاوه‌دانیی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێم و له‌ناوبردنی ئابووریی كشتوكاڵیی باشوور له‌ به‌شێكی به‌رفراوانی سنوری نێوده‌وڵه‌تیمان و له‌ هه‌مووشیان مه‌ترسیدارتر درێژه‌كێشانی مانه‌وه‌ی ئه‌رته‌شی داگیركه‌ری توركیا له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان.  
    
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand