رۆژەڵاتییەکان لە گەمەی باشورییەکاندا
2020-04-15 18:21:06
مەجید ساڵح
مامۆستا سەڵاحودینی موهتەدی جارێک بۆی گێڕامەوە لە شەستەکاندا لاوانی رۆژەڵاتی بۆ پشتیوانی شۆڕشی ئەیلول ببوین بەدوو دەستەوە، دەستەیەک کەئێمە بووین و پێشتر هاتبووین و نەهامەتییەکانمان دیبوو دەمانووت وا باشە کەس نەچێت دەستەکەی دیکەش دەیانووت وا چاکە بچین، وەک ئەو شیعرەی کامیل کە دەڵێ:
لەو هەموو چوون و نەچوونە سەری سوڕ ما "کامیل"
من دەڵێم جوانە دەچم، ئەو دەڵێ واجوانە نەچی
«١»
پاش ھێنانەوەی شێخ مەحمود لە ھیندستان و دامەزراندنی کابینەی دووەم لە ١٥ تشرینی یەکەمی ١٩٢٢، ئێنگلیزەکان بە مەبەستی یەکخستنی تواناکانی کورد بۆ دژایەتی کردنی تورکەکان، خۆیان لە سمکۆی شکاک نزیک کردەوە و داوایان لێکرد سەردانی شێخ مەحمود بکات بۆ ئەوەی قەناعەتی پێ بکات لە تورکەکان دوور کەوێتەوە. لە ١٩٢٣/١/١٠ سمکۆ ھاتە سلێمانی و بوو بە میوانی مەلیکی کوردستان، بەڵام لە جیاتی ئەوەی سمکۆ شێخ قائیل بکات لە تورک دوور کەوێتەوە، شێخ سمکۆی ھێنایە سەر ئەوباوەڕەی لە ئینگلیز دوور کەوێتەوە و خۆی لە تورک نزیک بکاتەوە. سمکۆ کە چەند مانگێک پێش ئەو سەردانە بە دەستی تورکەکان زیانێکی گەورەی پێ گەیشتبوو و تەنانەت کوڕەکەشیان بە دیلی بردبوو، بەو خەیاڵە گەڕایەوە کە تورک ھاوکاری دەکات، بەڵام بەداخەوە تورک نەک ھاوکاری ئەوەی نەکرد، بەڵکو بەتەواوەتی پشتی لە شێخ مەحمودیش کرد و ھەردوکیانی بە گورگانە خوارد دا. ئەوەبوو سمکۆ تا شەھید بوونی بە شاخ و کێوەکانەوە مایەوە و لە ئێران و ئینگلیز و تورکیاش قاچاخ بوو. شێخیش لێرە دەستی لەبنی ھەمانەکە دەرچوو ھەم حکومەتی لەدەستدا و ھەمیش بوو بە باعیسی پەرێشانی سمکۆ.
«٢»
دوای روخانی کۆماری کوردستان و ئاوارە بوونی سەدان کادیر و سەرکردەی حزبی دیموکرات، ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول ھەناسەیەکی بەبەری نەوەی دووەمی کادیر و پێشمەرگەکانی حزبدا ھێنایەوە و ئیتر بە ئاشکرا ھاتن بەدیوی باشوردا و جگە لە ھاوکاری شۆڕشی ئەیلول دەستیان دایەوە بە بووژانەوەی حزبەکەیان و تەنانەت کاریان گەیاندە بەڕێخستنی جەنگی پارتیزانی. بەڵام زۆری نەبرد بەھۆی دابەشبوونی سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول بۆ باڵی جەلالی و مەلایی، دیسانەوە ئەوان بوون بە قوربانی و چەندین قارەمانی وەک سلێمانی موعینی و مەلا ئاوارە و ھاوڕێکانی بوون بە قۆچی قوربانی لێک نزیک بوونەوەی پارتی و شای ئێران. کە شا روخا دیسانەوە کوردەکانی رۆژھەڵات بەدەستی باشورییەکانەوە «پارتی» نەحەسانەوە و شانبەشانی پاسدار شارەکانیان لە چنگ دەرھێنان.
«٣»
کە راپەڕین ی ١٩٩١ سەریگرد و سوپای عێراق باشوری کوردستانی بەجێھێشت، زیادەڕەوی نییە گەر بڵێم رۆژھەڵاتییەکان لە ئێمە زیاتر دڵیان بەوسەرکەوتنە خۆش بوو، چونکە لێرە ھەر دوای یەک دوو مانگێک ئاودیوکردنی ژێرخانی ئابووری وای لە خەڵک کرد دڵیان سارد بێتەوە، بەڵام ئەوان ئامادە بوون ھەموو چالاکییە سەربازییەکانیان راگرن لە پێناوی سەرکەوتنی ئەزموونی باشور.
تەنانەت بەرگەی ئەو زنجیرە تیرۆرەیان گرد کە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا پێشمەرگەو کادیرەکانیانی گرتەوە. لەوەش زیاتر چاویان لە ئاست هێنانی پاسدار بۆ سەر بارەگاکانیان نوقاند و دانیان بە خۆیاندا گرت.. هەرکاتێک باشورییەکان لێیان قەومابیت، رۆژەڵاتیەکان دەرگای ماڵەکانیان واڵاکردوە و خۆیان لە ئاستیاندا بە خاوەن ماڵ نەزانیوە..
مستەفا سەلیمی، لەترسی مەرگ پەنای بۆ باشور هێنابوو، رێک وەک ئەو رۆژهەڵاتیانەی لەشەستەکان و حەفتاکاندا لەترسی دەسەڵاتی حەمەرەزا شا خۆیان دەکرد بەم دیودا، نەدەبوو بەو ئاسانییە تەسلیمی مردن بکرێتەوە، کە کراش نەدەبوو بیانو و پاساوی بۆ بهینرێتەوە، لەوەش خراپتر هاودەنگ لە گەڵ داگیرکاراندا کار بۆ شێواندنی مێژووی بکرێت..