پارەی سپی، بۆ رۆژی ڕەش ..!
2020-04-15 17:53:05
بەشدار عوسمان
دۆخەکە لەوە تێپەڕیوە جارێکیتر خەڵک بڕاوا بکات پارە نییە، داهات کەمە، قەیران و کێشە و گرفت هەیە، چونکە رۆژانە بەچاوی خۆی دەبینێت بەرپرسان و بەچکەکانیان و دەست و پەیوەندەکانیان چۆن دەژین و لەچ رەفاهیەت و خۆشگوزەرانییەکدان، خەڵک چاوی هەیە و شاشەکانی لێدیارە، دەزگای راگەیاندنی بە( فول ئێچ دی ) دەکەوێتە کار و پێشکەوتووترین وەسائیلەکانی سەردەم و سوپایەک لە کارمەند و راگەیاندنکاری بۆ دابین دەکرێت، دەگەڕێ و دەپرسێت، ڤێلا و کۆشک و ریزە سەیارەکان و ئەو لەشکرە لە چەک بەدەست بەچی دەژیەنرێت؟! گوێچکەی هەیە و دەبیستێ بزنسی بەرپرسان لە وڵاتاندا گەیشتووەتە چ ئاستێک، هۆشیارە و تێدەگا ئەکتیڤیی و چالاکییەکانی دەزگا نهێنی و جاسوسییەکان بۆ پاراستنی دەسەڵات و حزب و خێزانەکان حکومڕانەکان، چ ئیمکانیاتێکی ماددیی پێویستە.
سێ دەیەیە داهاتێکی بێشوومار و بێ حیساب و کتاب لەم وڵاتەدا هەبووە، لە داهاتی نەوت و سامانە سروشتییەکان و داهاتی سنوورەکان و بە هێڵی ئاسمانیی و داهاتی ناوخۆ و بازرگانیی دەرمان و سەیارەوە، تادەگات بە کێشانەوەی زیاتر لە (١٠٠میلۆن دۆلار) لە بەغدا و نەسریە و هاوکاریی وڵاتان.
بەپێی بەڵگە سەلمێنراوەکانیش بەشێکی زۆری ئەو داهاتە براوەتە دەرەوە و بەگەڕخراوە، سەدان ملیۆنێر و دەیان ملیاردێر لەژێر سێبەری خێزانە سیاسییەکان بەم داهاتە پێگەیشتن و سەرکەوتن، پشکی کەسانی نزیک لە بەرپرسان و خێزانە سیاسییەکان لە کۆمپانیا بەناوبانگەکانی دنیا بەرزبوویەوە، کڕینی ریزە شوقە و دوورگەی گەشتیاریی و گەڕەک لە شار و پایتەختەکانی دونیا بووە سەردێڕی هەواڵەکان. ئیتر لەوە زیاتر برسییکردنی خەڵک و شاردنەوەی کرێی رۆژانەی کارکەرەکان هیچ بەهانەیەک هەڵناگرێ.
نزمبوونەوەی نرخی نەوت و ڤایرۆسی کۆرۆنا بەس لە کوردستان نەبووە، تا بیکەن بە بەهانە بۆ زیاتر هەژارکردنی کەمدەرامەتان و گلدانەوەی مووچەی مووچەخۆران لەبانک و ژێر زەمینەکان، وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکاش کوشندەتر لە ئێمە دووچاری بوون و لەڕێگای کێشانەوەی پارە و داهاتەکانیان لە وڵاتانیتر و شوێنیتر بەهەموو شێوەیەک لەهەوڵدان زیانەکان و کاریگەریی دۆخەکە لەسەر ئابووریی وڵاتەکەیان کەمبکەنەوە، هیچ منەتێکیشی تیا نییە و هەر پارەی خەڵکە، بۆ نمونە قەتەر دڵنیایی داوەتە خەڵکەکەی بەگێڕانەوەی پارەکانی لە وڵاتانیتر دەتوانێت ئەو دۆخە تێپەڕینێت و کاریگەریی لەسەر ژیان و بژێوی خەڵکەکەی نەبێت.
هیچ گومانێکی تێدانییە، بەرپرسانی کوردستانیش بەم داهاتەی لە ماوەی حکومڕانیان کۆیانکردووەتەوە بەگێڕانەوە و هێنانەوەی قەترەیەک، دەتوانن ئەم دۆخە تێپەڕینن و لێنەگەڕین جارێکیتر مووچەخۆران بڕژێنە سەر شەقامەکان، دەستگێڕەکان بێکار و مناڵەکانیان بێ نان بن، پیر و پەککەوتەکان بێ دەرمان بن، گەنجانی دەرچوو بێ ئومێد بن و رێگای کۆچبەریی بگرنەبەر و ببنە خۆراکی قڕش و ماسییەکان لە ئیجە.
تەنها بڕی ئەو پارەیەی لە سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتییدا دانرراوە و لە کرێکاران وەرگیراوە، تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ زیاتربووە لە ٤٠٠ ملیار دینار، پارەی گیرفانی خۆیانە و بۆیان بگێڕنەوە. هەڵخەڵەتاندنی خەڵک ئەوپەڕی سپڵەیی و بێ مۆراڵییە بۆ دەسەڵاتێک، کە بوونە ملیاردێری پێوانەیی بەداهاتی خەڵک و ئێستاش ئامادەنەبن دڵنیایی بدەنە خەڵک تەنها لەبرسان نامرن!، ئارامیی خەڵک سنووری هەیە، ئاخنینی کەسانی ناڕازیی بۆ هەموو کاتێک مەیسەر نابێت، پارەی سپی هەیە بیهێننەوە.