ئیتاڵیا لەزەمەنی کۆرۆنا
2020-04-15 09:45:31
شوان سدیق: ئیتاڵیا
شەقامەکانی شار چۆڵن، کەم کەس دەبینی بەدەرەوە کار و خوێندن، پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و ژیان ھەمووی لەنێو دیوارەکاندا قەتیسبوونەو گرێدراون بەتەلەفۆن و ئینتەرنێتەوە.
ئەم ماوەیە کۆرسەکانی خوێندنمان ھەمووی بەئۆنلاینە زۆر نیگەران دەبیت، ستافی خوێندن و ھاوکارانت ھەموویان لەنێو کۆمپیوتەرێکدا قەتیس بوونە بەتەلەفۆن، یان کامێرا نەبێ ئەگینا کەس یەکدی نابینن!
بۆ دوو مانگ دەچێ زۆربەی چالاکییەکی ژیان ڕاگیراون، خەڵک لەپەنجەرەو باڵەکۆنەکانەوە سەر دەر دەھێنن، ھەر لەوێندەرەوە جار جار گوێت لە گۆرانی و میوزیک دەبێ.
ھاتووچۆی فڕۆکەو شەمەندەفەر و پاسەکان ڕاوەستاون، ھەست بەوە دەکەیت کەمرۆڤ تەواو خۆی ڕادەستی ئەم زەمەنە کردوە، ئەی ئەگەر وانییە جاران ڕووداوێکی ھاتووچۆ دەبوو یان شەمەندەفەرێک کێشەی تێ کەوتبایە ھەر زوو کۆنتڕۆڵیان دەکرد ئێستە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ڕووداوە ھەست پێ ناکەیت، بگرە ھەموان دەستە وەستانن و لەماڵەکانەوە خۆیان حەشارداوە!
ئەوانەش لەدەرەوەن، ھەمووان، بەدەمامک و دەستکێشەکانەوە، بەخێرای دەڕۆن کەس متمانە بەکەس ناکات، ھەموان گومان لەیەک دەکەن. سڵاوەکەی جارانیشیان نەماوە!
ئیتاڵیا شوێنی لەدایکبوونی شارستانیەتی ڕۆمانیەی مەزنە بەشارستانیەتی گرنگ بۆ مرۆڤایاتی دادەنرێ، لەم وڵاتەوە شۆڕشی شارستانی و فیکری و ھونەر دژی بەربەریەت سەری ھەڵداوە.
ئیتاڵییاکان، لەشۆڕشەکانی فیکری و ھونەری و دژە پیاوانی ئایینەوە بەڕێنساسیشەوە، ھەمیشە پێشەنگ بوونە بۆیە باوەڕ بەوەناکەیت، ئەم وڵاتە ھەر وا بەئاسانی مل بۆ کۆرۆناڤایرۆس شۆ ڕبکەن!
سێ ساڵ زیاترە لەم وڵات و شارە دەژیم کۆسێنزا، ھیچ وەختێک ئەوەندە بەچۆڵی و بەبێ دەنگی نەمبینیوە، سەرجەم شوێنە گشتیەکان داخراون، کافیەی و باڕ و شوێنی پشودان قوفڵیان لێ دراوە.
دوێنێ بۆ کارێک بەشەقامی کۆرسۆماتزینی شارەکەدا تێپەڕیم ھەر لەبەرخۆمەوە، قسەم دەکرد لەپڕ شەقامەکەم بیرکەوتەوە، چۆڵ و ھۆڵ ئەو شەقامەی تادرەنگانی شەو پڕبوو لە قاقای پێکەنین، لە دەنگە دەنگی کچان و کوڕان ئەوەتا ئێستە کەسی تێدانییە مەنفایەکە بۆخۆیی!
ئەم کرۆنا ڤایرۆسە ڕەنگەکانی گۆڕی تاڵی لەگەڵ خۆیھێنا تووڕەبوون و نامۆ بوونی بەسەرماندا دابەشکرد.
جاران، شار پڕبوو لە خەڵک بەیانیان بەتەمەنەکانت دەبینی و شەوانیش دەمەتەقێی گەنج و ھەڵدانی پێکەشەراب و گۆڕینەوەی جگەرەکانیان، تامێکی خۆشیان بەبەرگی ژیاندا کردبوو.
بەشەقامەکاندا دەڕۆیشتی گوێت لەموزیک دەبوو تابلۆی نێو جامخانەکان جوانتر دەبینران، پەیکەرەکان دەتگوت زەلامی ڕاستەقینەن و سەرنجیان دەدایت.
جاران، خەڵکی ڕۆژە ڕێیەک بانگی یەکیان دەکرد لێک نزیک دەبوونەوە لەجیاتی ماچێک باوەشی گەرم و دوو ماچی یەکدیان دەکرد. ئێستە ئەوھانییە دوومەتر نێوانی ھەموو کەسێکە ھەموانیش ترسیان لەیەکدی ھەیە.
ھەرکات ھەموو ئەو سڵاوکردن و بانگ و قسەکردنانەی پێشترم بیر دەکەوێتەوە خەمبار دەبم شەوانیش خەونم لێ ناکەوێ یادی ھاوڕێکانم و یادگاریە خۆش و ناخۆشەکانی پێش کۆرۆنا دەکەم!
ئیتاڵییەکان، میلەتێکن بەردەوام سڵاو لەیەکدی دەکەن، جارێکیش کەسێکی گەشتیار یان بێگانەو غەریبە ببین، زۆر گەرموگوڕن لەگەڵی و حەز دەکەن بیناسن و بەدەمییەوە بێن، ئەمە وا دەکات غەریبی زەمەنی پێش کۆرۆنا بکەم!
ئەمڕۆ گوزەرێکم کرد بەنێو شاردا، شاری چی دەتگوت گۆڕستانە مات و بێدەنگ کەم کەس بەدەرەوەیە تەنانەت کۆترەکانیش بێ تاقەتیت پێیانەوە ھەست پێ دەکرد چونکە ئەوانیش بەساڵاچووەکان ھاوڕێیان بوون، گەنم و ورتکە نانیان لێ وەردەگرتن، کەچی ئێستا داپیرەو باپیرەکان، لەترسی مردن ناوێرن بێنە دەرەوە.
بەپێی دواین ئاماری ڕۆژی ١٤ی نیسان، قوربانیانی کۆرۆنا ڤایرۆس گەیشتە ئەم ئاستە.
توشبووان: ١٦٢ ھەزار و ٤٨٨ کەس
چاکبوونەوە: ٣٧ ھەزار و ١٣٠ کەس
بەداخەوە ژمارەی گیان لەدەستدان: ٢١ ھەزار و ٦٧ کەسن.