Draw Media

ئایندەی ھەرێم لەنێو بەرداشی ململانێی نێچیرڤان بارزانی و مسرور بارزانی-دا!

ئایندەی ھەرێم لەنێو بەرداشی ململانێی نێچیرڤان بارزانی و مسرور بارزانی-دا!

2020-04-14 17:20:56


کاروان عەلی شامار

ئەگەر چاوێک بە مێژووی ئەمارەت خێڵ و دەرەبەگەکانی کورددا بخشێنینەوە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگر دەبێتە بنیاتنەری ئەو مێژووە، ئەویش ئەوەیە کە بەردەوام لەناو هەگبەی ئەم ئەمارەت و خێڵە فەرمانڕەوایانەدا ململانێی کوڕو ئامۆزاکان لەنێوان یەکتردا بۆ جڵەوگرتنە دەستی حوکمداری بوەتە گرێیەکی سەڕەتانی و وجودی هەبوە، هەندێکجار ئەم گرێیە بوەتە هۆی لاوازی خێڵ و ئەمارەتەکان و تاسەر داڕووخانیش کاری خۆی کردوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان کە هەرلەسەرەتاوە تا ئەمڕۆ بنەماڵەیەک تەحەکومی پێوە دەکەن و ڕەگ و ڕیشەیان بەناو حزبەکەدا بڵاوبوەتەوەو خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهان، لەمێژەوە گرێی بەدەستهێنانی دەسەڵات لەناو ئەم بنەماڵەیەو هێزە سیاسیەکەدا دروستبوە، لێ ئێستا وردە وردە گرێکە بەرەو گەورەبوون چوەو هەمووان هەستی پێدەکەن.
لەدوای کۆچی دوایی مەلا مستەفای باوک ململانێ لەنێوان مسعود بارزانی و ئیدریسی برایدا بۆ جڵەوگرتنە دەستی حزب دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانیەوە ململانێکە دامرکایەوەو گۆڕەپانەکە بۆ مسعود بارزانی چۆڵبوو، ئێستا کە مسعود بارزانی پیربوەو توانای بڕیاردانی سیاسی لاواز بووە، بەتەواوی ململانێی نێوان کوڕو برازاکەی بۆ دەستگرتن بەسەر پارتیدا زەق بوەتەوە.

ئەوەتا لەدوای پێکھێنانی کابینەی نۆیەم ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەبوون کە مسرور بارزانی بەھۆی پاڵپشتی راستەوخۆی باوکیەوە، بەبەراورد بە کابینەکانی پێش خۆی ئەزمونێکی باشتر و جیاوازتر نیشان دەدا، بەڵام دوای چەند مانگێک لەحوکمڕانی دەرکەوت ئەو کوڕەی ساڵانێکە باوک ئامادەی دەکات بۆ وەرگرتنی دەسەڵات هێشتا توانای بەڕێوەبردنی لەئیدارەدان و داڕشتنی پلانی ستراتیژی و رووبەرووبونەوەی گەندەڵیدا نیەو هەروەک جاران دەیەوێت بنەماکانی حوکمڕانی لەسەر میزاجی خۆی دابڕێژێت و پۆلیسیانە کاربکات. بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە کابینەکەی مسرور ھەر لەسەرەتاوە لەبری کابینەیەکی خەدەمی و دانانی کەسانی شیاو لەشوێنی شیاو، مۆرکێکی میللیتاری تۆقێنەری پێوە دیاربووە، زۆربەی پۆستەکانی حکومەت بەکەسانی نێو دەزگای پاراستن پڕکرانەوەو بەمەش لەبری لۆجیکی رەخنەو بیری ئازاد، ستەم و سەرکوتکاری جێی گرتەوە، وەهاوکات تائەمڕۆش ئامادە نیە ئیمزا لەسەر وەرگرتنی تەواوی پشکی حزبەکانی دیکە بکات لەحکومەتدا، بەمێژووی ھیچ حکومەتێکی دنیاش ئەزمونی لەو جۆرە کابینەیە سەرکەوتوو نەبووەو نابێ. ئەمما بارگرانییەکی گەورەشی خستۆتە سەر شانی ھاونیشتیمانیان ھەر لەروی زیادکردن و سەپاندنی باج و دواخستنی موچەو ویستی دەستکاریکردنی دەرماڵەی فەرمانبەران و تادەگات بە زیادکردنی کرێی خزمەتگوزاری...ھتد!

نێچیرڤان بارزانی ئەگەرچی بەبەراورد بە مسرور بارزانی پیاوێکی عاقڵمەندو کراوەترو دیبلۆماسی ترە. توانیبوی کۆویستی لایەنەکان لەسەر زۆر بابەتی سیاسی و ستراتیژی بۆخۆی بەدەستبهێنێت، زیاتر بڕوای بە شەراکەتی هاوبەش و کاری هاوبەش هەبوو، بەڵام مەسرور نە توانای برەودانی پەیوەندی هەیە لەگەڵ لایەنەکانداو نەبڕواشی بە کاری هاوبەش و بنەماکانی پێکەوەیی هەیە کە حکومەتی لەسەر پێکهێنراوە، کابینەی نێچیرڤان بارزانی سەرباری شەری داعش و نەناردنی بودجەی ھەرێم لەلایەن حکومەتی عیراقەوە لانی کەم توانی بووی ئیدارەی دۆخەکە بدات و کوردستان لە لێواری کەوتن و نغرۆبووندا رزگار بکات، دوای نەمانی لە سەرۆکایەتی حکومەت درزێکی گەورە لەنێوان پارتی و لایەنە سیاسیەکاندا دروست بووەو بەھۆی توندی و نێرگسیەتی سەرۆکی حکومەتەوە لایەنەکان نازانن بەچ میتۆدێک دایالۆگ لەگەڵ پارتیدا بکەن!

دوای زیاتر لە ھەشت مانگ لە دەست بەکاربوونی سەرۆکی حکومەت، سەرباری ناردنی بەشە بودجەی ھەرێم لەکاتی خۆیدا لەلایەن حکومەتی عیراقەوە وەلێ نەیتوانیوە ھیچ ھەنگاوێکی ئیجابی و دڵخۆشکەر بە ئاراستەی باشبونی گوزارەنی ھاولاتیاندا بنێ، تەنانەت لەو کاتانەش کە نرخی نەوت بەرزبوو مووچە کە مافێکی سەرەتایی مووچەخۆرانە نەیدەتوانی لەکاتی خۆیدا دابەشی بکا! سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی ھێندەی سەرقاڵی ململانێ و تەسفیەی حسابن لەگەڵ ئامۆزاکەیداو ھەروەھا دروستکردنی سیناریۆی بێ بنەما بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک بەشتی بێھودەو لەبیربردنەوەی ئاڵنگارییەکان، ھێندە وەختی بۆ رێکخستن و چاکسازی حکومەت نەبوەو نابێ. 

خولاصە، خەڵکی ھەرێم دۆخێکی دژواری ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی بەرێدەکەن. ھاونیشتیمانیان بێ ئومێدبوون لە حکومەت و ھیچ متمانەیەکیان بە بەڵێن و چاکسازییەکانی سەرۆکی حکومەت نەماوە، لە رابردوو بەھۆی شەری داعش و ھەندێک ئیعتیباری بابەتیەوە دانیان بەخۆیانداگرت و ستەمو سەپاندنی پاشەکەوتی موچەیان قبوڵکرد لێ ئەمجارە باردوخەکە جیاوازەو خەڵکی کوردستان بەرگەی قەیرانی دروستکراوی تر ناگرێ و قبوڵیشی ناکەن. مەسرور بارزانی دەرگیری دۆخێکی سەخت و ناھەموار بۆتەوەو توانای بەڕێوبردنی حکومەتەکەی نیەو نەماوە، هەرڕۆژەو قەیرانێک دروست دەکات بۆ شاردنەوەی شکستەکانی وە بەھۆی ناکۆکی لەگەڵ ئامۆزاکەیدا دور نییە کارەساتی گەورە بەدوای خۆیدا بێنێ و ئایندەی کوردستان بەرەو هەڵدێر و شکستێکی گەورە ببا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand