نوخبەی دەسەڵاتدار ئەنفالی لەبیركردووە
2020-04-14 07:19:31
عەدنان عەلی تاڵەبانی
32 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێپەڕی، لە دوای 3 ساڵ ئەو ناوچانەی بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتن لەگەڵ بەشێكی زۆری خاكی كوردستان كەوتنە ژێر سایەی دەسەڵاتدارانی كورد و 29 ساڵە بەناوی حكومەتی هەرێم حكومڕانی دەكەن, دەسەڵاتداران خۆشیان زۆرجار ئەوەیان دووپاتكردۆتەوە كە ئەوەی بەدی هاتووە بەرهەمی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی كوردە, بەڵام كە لە گەورەیی تاوانەكە و مامەڵەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ كەیسی ئەنفال دەكۆڵیتەوە بەئاسانی بۆت روندەبێتەوە ئەوەی كراوە نزیكە لە هیچ, دەسەڵاتدارانی هەرێم كەمتەرخەم بوون بەرامبەر كەیسی ئەنفال و كەسوكاری قوربانیان, زیاتر لەوەش داڵدەی تاوانبارنی ئەنفالیان داوەو سەرباری داواكردنیان لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقەوە بەڵام حكومەتی هەرێم ئامادەنەبووە رادەستیان بكات!
لەمێژووی خەباتی چی میللەتێدا روویداوە ئەوەی بەشداری لە جێنۆسایدكردنی گەلەكەیدا كردبێت, دوای خەباتی رزگاری نوخبەیەكی دەسەڵاتدار داڵدەیان بدات و زیاتر لەوەش ژیانێكی شاهانەیان بۆ دروستبكات؟ ئەمە نمونەیەكە بەس مەگەر لە مێژووی دەسەڵاتدارانی باشوری كوردستان بینرابێت.
دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە حوزەیرانی 2007 دا دوای 10 مانگ و 61 دانیشتنی دادگا كەیسی ئەنفالی بەجینۆساید ناساند و بڕیاری دەستگیركردنی بۆ تاوانبارانی ئەنفال دەركرد كە ژمارەیان 423 تاوانبارە لەسەر ئاستی عێراق و لەو ژمارەیەش 258 تاوانباریان كوردن, بەڵام ئەوانەی لە كوردستانن حكومەتی هەرێم ئامادە نیە رادەستی دادگایان بكات.
ساڵ بە ساڵ لەسەر ئاستی هێزە سیاسیەكان و دەسەڵاتداران و تاڕادەیەك لەسەر ئاستی كۆمەڵگاش تێبینی زیاتر لەبیركرن و كەمتر بایەخدان بە ئەنفال دەكەین، بێگومان لەبیركردنی ئەنفالیش دەسەڵاتداران لێی بەرپرسن و ئەمەش دەرەنجامێكی تری سیاسەتی شكستخواردووی حكومەتی هەرێمە.
كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال تا ساڵی 2003 تروسكاییەك ئومێدیان بۆ گەڕانەوەی ئازیزانیان مابوو، بەڵام دوای روخانی رژێمی بەعس ئومێدبڕاوبوون و ئیتر چاویان لەڕێی هێنانەوەی روفاتی قوربانیەكانە، بەڵام وەك چۆن جەستەی زیندوی ونبوەكانیان هەر نەبینی، حكومەتی هەرێمیش روفاتەكانی بۆ نەهێنانەوە, ئەگەرچی ژمارەیەكی كەمیان هێنروانەتەوە بەڵام لە ئاست ئاماری گەورەی قوربانیان زۆر كەمە, بۆیە تێگەیشتوین حكومەتی هەرێم نە بەرنامەی هەیە و نە پلانی هەیە بۆ هێنانەوەیان و روفاتەكانیش لەناو گۆڕە بە كۆمەڵەكانی باشوری عیراقدا خەریكە ئاسەواریان نامێنێت.
ئەنفال تاوانێك بوو ئەكرا نەتەوەیەكی لەسەر دروستبكرێت, بەڵام لە سایەی نوخبەی حكومڕانی كوردستاندا نەك ئەمە نەكراوە بەڵكو نەتەوەو وڵاتەكەش رووبەڕووی چەندین شكست و هەرەسهێنان كراوەتەوە.
دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەگەر تێگەیشتنیان بۆ پەیامی ئەنفال هەبوایە نەئەبوو هەرگیز شەڕی یەكتر هەڵگیرسێننەوە, نەئەبوو كوردستان بكەن بە زۆن و میرنشینی جیاواز, نە ئەبوو كەس لەسەر بیروڕاو رەخنە رووبەڕووی زیندانیكردن و بگرە كوشتن بكرێتەوە, نەئەبوو نوخبەی دەسەڵاتداری حزبی و كەسانی ناو حكومەت لە حكومەتەكە خۆی دەوڵەمەندتر بن, ئەگەر لەپەیامی ئەنفال تێگەیشتبان نەئەبوو لە پێناو خواستی شەخسی و حزبی پرسێكی گرنگی وەك دەوڵەت بخەنە موزایەدەوە, نەئەبوو ئەم سیستمە لە حكومڕانی سەرڕێ بخەن كە لە هیچ شوێنێكی دنیادا نمونەی نیە و بەس تایبەتە بەخۆیان.
ئەم نوسینە كورتە ئەگەر وەك رەخنە حیسابی بكەن بۆ ئەوە نیە ئیتر هیچ بۆ ئەنفال نەكرێت و هێزە سیاسیەكان و دەسەڵات ئاوڕ بۆ پەیامی جینۆسایدی میللەتەكەمان نەدەنەوە, ئەگەرچی ئومێد بەم نوخبە حكومڕانە زۆر كەمە بەڵام هیچ كاتێك درەنگ نیە بۆ دەستپێكردن.