Draw Media

تاریكاندنی داهاتەكانی هەرێم و بەڵێنی بەردەوامیی موچە

تاریكاندنی داهاتەكانی هەرێم و بەڵێنی بەردەوامیی موچە

2020-04-13 16:42:57


مەحمود رەزا ئەمین


پێنج ساڵ لەمەوبەر، رۆژی 1ی نیسان، پارلەمانی كوردستان قانونی ژمارە 2ی ساڵی 2015ی دەر كرد. بەو بۆنەیەوە وەزارەتی سامانە سروشتی‌یەكان، بەیاننامەیەكی دەر كرد. تیایا هات بو:
"وەزارەتی سامانە سروشتی‌یەكان پێشوازی لە تەشریعكردنی یاسای سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازی‌یەكان دەكات لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە و پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بە بۆنەی پەسەندكردنی ئەم یاسایە و وەزارەت هیواخوازی هەرچی زو جێبەجێكردنی یاساكەیە"


هەروەها سەبارەت بە گرنگی‌ی ئەم قانونە، وەزارەت نوسی بوی:
"سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازی‌یەكان بەرەوپێشچونێكی دامودەزگایی گرنگە لە هەرێمی كوردستان‌دا و بنەما سەرەكی‌یەكانی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتی‌یەكانی هەرێمی كوردستانەوە داڕێژرا و پشتیوانی كرا لە پێناو برەودان بە شەفافیەت لە بەڕێوەبردنی كەرتی نەوت و غازدا... یاسای سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازی‌یەكان رێگە دەدات بە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم بە هەڵبژاردنی دەستەیەك، كە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند دەكرێت، تاكو هەڵبستێت بە دەستەبەركردنی ژمێرە گشتی‌یەكانی ئەو داهاتەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەناردەی نەوت و بەرهەمە پاڵێوراوەكان و پاداشتەكانی گرێبەستەكانی كۆمپانیاكانی نەوتەوە بەدەستی دەهێنێت، لە چوارچێوەی گرێبەستەكانی نەوت و گاز كە لەسەر بنەمای دەستور و لەبەر رۆشنایی یاسای نەوت و گازی هەرێم ژمارە 22ی ساڵی 2007 رێكخراون... بە پێ‌ی ئەم یاسایە، داهاتەكانی نەوت رێگەیان پێ دەدرێت بچنە یەكێك لەم پێنج سەرچاوەیە: بودجەی ساڵانەی هەرێمی كوردستان، خەرجی‌یەكانی پرۆژەكانی وەبەرهێنان، ژێرخانی پیشەسازی‌ی نەوت و گاز، پاراستنی ژینگە و سندوقی نەوەكانی داهاتو".


وا 13 ساڵ بەسەر تەشریعكردنی قانونی ژمارەی 22ی ساڵی 2007 و 5 ساڵی رەبەق‌یش بەسەر قانونی ژمارە 2ی ساڵی 2015 دا تێ پەڕی، هێشتا یەك مادە، یەك بڕگە، یەك رستە و یەك وشە لە هیچ یەك لەم 2 قانونە جێبەجێ نە كراوە.


بە مەرجێك وەزارەتی سامانە سروشتی‌یەكان، لەو بەیاننامەیەی‌دا كە لەسەرەوە چەن بڕگەیەكیم لێ گواستۆتەوە، شانازی ئەكا كە هەردو قانونەكە دەسكەوتی خۆین. سەیرەكە لەوایە كە، ئەو ماوە زۆرەی بەسەر دانان و جێبەجێ نەكردنی ئەم دو قانونەدا تێ پەڕیون، ئەو وەزیر و سەروەزیرە جێبەجێ‌یان نە كردون، كە شانازی بە دەركردنیانەوە ئەكەن.


لەلای خەڵكی كوردستان رون و ئاشكرایە بۆچی ئەم 2 قانونە هەتا ئێستا جێبەجێ نە كراون؟ كورت و كرمانجی، بۆئەوەی داهاتی نەوت بتاریكێنن و بەئارەزوی خۆیان قاچوقوچی كەن. هەر لە سایەی گەندەڵی‌یە گەورەكەی داهاتی نەوتایە ئەو (10 هەزار ملیۆنێر) و (30 ملیاردێر)ەی دۆلار هەڵتۆقین كە 12- 10 ساڵ پێش ئێستا سەركردەیەكی حیزبی رای گەیاند: لە كوردستانا هەن.


1ی نیسانی ئەمساڵ‌یش ئەنجومەنی وەزیرانی حوكمەتی مەجازی‌ی هەرێم كۆمەڵێ بڕیاری دەر كرد، یەكێكیان ئەوەیە، بەڵێنی داوە دەسكاری‌ی موچەی هاووڵاتیان نەكا. ئەترسم ئەو قانون و بڕیارانەی دەزگاكانی هەرێم لە (1ی نیسان)ـی ساڵەكانا دەریان ئەكەن، ببن بە درۆی نیسان، یاخود بۆ دامركاندنەوەی رق و بێزاری‌ی خەڵك دەریان كەن. چونكە ئەم حوكمەتە مەجازی‌یە ناتوانێ ئەو بەڵێنە بەرێتە سەر، بەم بەڵگانە:


یەكەم:
هەرێم لە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت، پێش قەیرانی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ خوار 30 دۆلار، كاتێ كە نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت 60 دۆلار بو، مانگانە 700 ملیۆن دۆلار داهاتی بو، بەڵام ئەگەر نەوت لەمە زیاتریش دا نە بەزێ، ئەوا داهاتی مانگانەی هەرێم لە فرۆشتنی نەوت، دا ئەبەزێ بۆ 270 ملیۆن دۆلار(1). واتە، رێژەی دابەزینی داهاتی نەوت ئەگاتە زیاتر لە 61%.


دوەم:
داهاتی مانگانەی ناوخۆی نەنەوتی‌ی هەرێم پێش ئەم قەیرانە 261 ملیۆن دۆلار بو، بەڵام ئێستا دا بەزیوە بۆ 50 ملیۆن دۆلار(2). واتە، ئەم سەرچاوەیەش بە رێژەی نزیكەی 81% كەمی كردوە.


سێیەم:
حوكمەتی مەجازی‌ی پێشوی هەرێم ئیدیعای ئەكرد زیاتر لە 25 ملیار دۆلار قەرزارە. سەرچاوەیەكی بیانی ئەڵێ، قەرزەكانی سەر هەرێم زیاترن لە 10 ملیار دۆلار(3). هەركامیان بێ، ئەم قەرزانە هەم قیست‌یان هەیە هەم قازانج، ئەبێ لەكاتی خۆیانا بدرێنەوە، ئەگینا متمانەی هەرێم ئەوەنەی كە لەلای وەبەرهێنەرانی بیانی دا ئەبەزێ.


چوارەم:
حوكمەتی مەجازی‌ی هەرێم شایستە دارایی‌یەكانی 4 مانگی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت قەرزارە و بە نیازە 9 مانگی تریش دوای بخا. ئەگەر ئەم هەنگاوە بنێ، ئەوا بە یەكجاری متمانەی كۆمپانیاكان لەدەس ئەدا. مانگانەی كۆمپانیاكان 270 ملیۆن دۆلارە(4)


پێنجەم:
مانگانە بەغا بڕی 453 ملیار دینار، بۆ موچەی 628 هەزار موچەخۆری هەرێم ئەنێرێ بۆ هەولێر. ئەگەر ئەم بڕە پارەیە بە بێ گرێ، مانگانە بێت بۆ هەرێم، ئەكاتە زیاتر لە 377 ملیۆن دۆلار (1 دۆلار: 1200 دینار). بەڵام ئەم بڕە هانی هانی لەسەرە:


رۆژی 5شەممە، 2ی نیسانی 2020، لیژنەی ئابوری‌ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لیستێك پێشنیاری 14 خاڵی دا بە حوكمەتی ئیتحادی، بە مەبەستی روبەڕوبونەوەی قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا.


پێشنیارەكانی ژمارە 6 و 10ی ئەم لیستە پێوەندی‌یان بە داهاتەكانی هەرێمەوە هەیە.
دەقی پێشنیاری 6 ئەڵێ: "گرتنەبەری رێكاری توندوتۆڵ لە چاودێریكردن و كۆكردنەوەی داهاتە نەنەوتی‌یەكان، بەتایبەتی هی دەروازە سنوری‌یەكانی هەمو پارێزگاكان و هەرێم و قەیدكردنی وەكو داهاتی ئیتیحادی و دابەشكردنەوەی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر هەمو عیراقی‌یەكانا".
دەقی پێشنیاری 10 ئەڵێ: "پابەندكردنی هەرێم بە تەسلیمكردنی تێكڕای نەوتی دەرهێنراو بە وەزارەتی نەوت، بۆ ئەوەی وەكو بەرهەمی حوكمەتی ئیتیحادی بخرێتە بازاڕەوە. بە پێچەوانەوە ئەو بڕەی لە موازەنەدا بۆ هەرێم تەرخان كراوە، نەی درێتێ و بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوان دابەش بكرێتەوە بەسەر پارێزگاكانا، كە بڕەكەی ئەگاتە نزیكەی 15 تڕلیۆن دینار".
كەواتە، ئەگەر هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت نەدا بە سۆمۆ (كە تا ئێستا نەی داوە) و، قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەیرانی نەبونی حوكمەتی كارا لە بەغا بەردەوام بن، ئەوا هیچ گرەنتی‌یەك نیە كە، هاتنی مانگانەی 453 ملیارەكەی بەغا بۆ هەرێم، بەردەوام بێ.


شەشەم:
تێكڕای مەسرەفی تەشغیلی‌ی مانگانەی هەرێم بە موچەی فەرمانبەران و خەرجی‌یەكانی داوودەزگاكانی حوكمەت و شایستە دارایی‌یەكانی كۆمپانیاكانی نەوت و خزمەتی قەرزەكانەوە، دەوروبەی (1 ملیار) و (200 ملیۆن) دۆلارە. بەڵام بەهۆی ئەم قەیرانانەوە تێكڕای داهاتی هەرێم دابەزیوە بۆ 648 ملیۆن دۆلار(5). بە مانا: حوكمەتی مەجازی‌ی هەرێم مانگانە 552 ملیۆن دۆلار كورتهێنانی میزانیەی تەشغیلی ئەبێ.


پرسیارە گەورەكە ئەمەیە:
ئەگەر ئەمە ئاوێنەی حاڵی ئابوری و دارایی هەرێم بێ، ئەم حوكمەتە مەجازی‌یە چۆن ئەتوانێ بڕیارەكەی رۆژی چوارشەممە، 1ی نیسان، كە بریتی‌یە لە "كەم نە كردنەوەی موچەی فەرمانبەران" جێبەجێ بكا؟
بە بێ هێنانەوەی بەشێكی گەورەی سامانی فەرهودكراوی خەڵكی كوردستان لەلایەن ژمارەیەك دەسەڵاتداری بێ ویژدانەوە، ئەستەمە حوكمەت بتوانێ بەڵێنی بەردەوامی‌ی موچە و كەم نە كردنەوەی بباتە سەر.


دەسەڵاتداران!
ئەگەر لەهەوەڵەوە راستگۆ بونایە لەگەڵ میللەت و بەشی زۆری سامانەكەیتان تاڵان نە كردایە و بە پلان و بەرنامە ژێرخانی ئابوری‌ی كوردستانتان ببوژاندایەتەوە و لەباتی تۆخكردنەوەی زوڵمی كۆمەڵایەتی لە خەمی هێنانەدی‌ی دادی كۆمەڵایەتیا بونایە، ئێستا خەڵك ئەگەر نانەڕەقەشیان دەس نە كەوتایە، بە چاو حوكمەتەكەیان ئەپاراست. وەكو ئەوەی لەسەرەتای دەسەڵاتی بەرەی كوردستانیا دروشمی "سەری بەرزمان بۆ موچەی دوژمن نەوی ناكەین"یان بەرز كردەوە و كەوتنە فرۆشتنی دەرگا و پەنجەرەی ماڵەكانیان، بێ ئەوەی بهێڵن دەوامی قوتابخانەكان و فەرمانگەكان پەكی بكەوێ.
  ئەگەر ئەتانەوێ پێوەندی‌ی نێوان خۆتان و خەڵكی بەلەنگازی هەرێم ئاسایی ببێتەوە و هەرێم بكەوێتە سەر رێچكەیەكی تەندروستی گەشەكردن و پەرەسەندنی سیاسی- ئابوری- كۆمەڵایەتی، ئەمڕۆ رۆژی پەشیمانبونەوەیە لە رابردوی رەشتان و هێنانەوەی پارە دزراوەكان و رۆشنكردنی تەواوەتی‌ی سەرچاوەكانی داهات و هێنانەدی سیستمێكی فەرمانڕەوایی دادپەروەرە... بەدەر لەمە، بە تەما مەبن هەموكاتێك هەمو خەڵكتان پێ بخەڵەتێنرێ و دوای ئەم هەمو قەیران و نەبونی و ماڵوێرانی‌یە، بتوانن وەكو جاران بە ئیسراحەت لە كۆشك و تەلاری شاهانەتانا بژین و رابوێرن و خەڵك‌یش وەكو جاران بە بێدەنگ لە ماڵەكانی خۆیانا سەر كزكەن و دانیشن!

سەرچاوە:
1-5، مایكل نایش*، كیف یمكن خدمە المصالح الامریكیە من خلال انقاژ اقتصاد اقلیم كردستان، موقع معهد واشنگن الالكترونی، 30/3/2020
    * مایكل نایش، زمیل اقدم فی معهد واشنگن، عمل فی القچایا التی تنگوی علیها العلاقات الاستراتیجیە للولایات المتحدە والعراق واقلیم كوردستان منژ 2003.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand