Draw Media

کوردستان لە دوای کۆرۆنا

کوردستان لە دوای کۆرۆنا

2020-04-12 17:03:48


 هیوا سەید سەلیم   
   ئاشکرایە کە پێشبینی دەکرێت هەرێمی کوردستان،  وەک سەرجەم جیهان بکەوێتە ژێر کاریگەریەکانی داهاتووی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە نێو ئەو کاریگەرانەشدا، جگە لە لێکەوتەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە بواری تەندرووستی، و فشارەکان بۆسەر کەرتی تەندرووستی ، هەووەها بەرزبوونەوەی ئاستی گیان لەدەستدان بەو ڤایرۆسە، گۆرانکاری لە دۆخی ئابووریش روودەدات،  و کە پێشبینی دەکرێت لە سەر ئاستی داهات و بەرزبوونەوەی ریژەی بێکاری قەیرانە ئابووریەکە زیاتر کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان دابنێت.
   ئێستادا هەرێمی کوردستان بە بەرپێگرتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ سەرقاڵە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە دەزگاکانی پەیوەنددار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامە بۆ دۆخی دوای کۆرۆنا دانەنێت.
 ئەوەی تا ئێستا کاری لەسەر کراوە لە دابنین کردنی پێدوایستیەکانی ژیانی هاوڵاتیان کارێکی باش بووە، بەتایبەت لەوەی رێگانەدراوە خەلکانێک یاری بە بازاڕ بکەن و نرخی کاڵاکان بۆ بەرژەوەندی گیرفانی خۆیان بەرزبکەنەوە.
  لە لایەنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانیش، حکومەت تا ئێستا گرفتی بۆ درووست نەبووە، ئەوەشیان بە پشت بەستن بەو بڕە پارەی کە لەبەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت، بەڵام چونکە قەیرانە پێشبینی کراوەکە بەدەرە لە توانا و ئیرادەی هەرێمی کوردستان، تەنانەت حکومەتی ناوەندیش، بۆیە دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرنامەی ستراتیژی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک هەبێت،  کە پێشبینی دەکرێت رووبدات.
 بۆ دانانی ئەو پلانە ستراتیژە، دەبێت حکومەتی هەرێم لەسەر دوو سێکتەر کاربکات، یەکەمیان دابینکردنی مووچەیە، کە وا بڕوات هەڕەشەی زۆری دەکەوێتە سەر، بە تایبەت ئەگەر نرخئ نەوت بەوشێوەیە روو لە دابەزین بێت، چونکە هەموومان دەزانین عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوو بۆ دابینکردنی مووچە زیاتر پشتیان بە داهاتی نەوت بەستووە، ئەمەیان کێماسیەکی گەورەی سیاسەتی ئابووری ئەو ولاتانەیە، کە ئابووریەکانیان تەنیا پشت بە تاکە سەرچاوە دەبەستێ.
سێکەرتەری دوومیش کە دەبێت حکومەت بەرنامەی بۆ دابنێت، بریتیە لە نەهێشتنی ئەو هەموو بێکاریە دەمامکدارە، لەوانەیە زۆربەتان بڵێن:   ٢٨ ساڵە حکومەتی هەرێم   ئەو هەنگاوەی نەناوە، بگرە ئەوە  حکومەت و لایەنەکانی دەسەڵاتن بەرپرسیاری سەرکین لە درووستکردنی ئەو دیاردەیە،  ئەوی کەوایە چی بکرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە؟
رۆژانی کەرەنتینە ئەوەی پێووتین کە ئەگەر حکومەتی هەرێم هاوکاربایە ئێستا خەلکانێکی زۆری گوندنیشین لە جیاتی ئەوەی زیندانی ماڵەوە  بن،  دەچوون خزمەتی رەزوباغی خۆیان بکەن، کە ئەمەیان وەک پێویست نەکراوە، ئێستاش نەچووە بچێت،  دەکرێت لایەنەکانی پەیوەندار بەو پرسە هانی جوتیاران و گوندنیشینان بدەن تابگەڕێنەوە دێهاتەکان و کەرتی کشتوکاڵی و ئا‌ژەڵداری ببوژێنەوە.
ئەو سیاسەتە ئابووریە پێشنیارکراوە، دەبێت راگەیاندن بخرێتە خزمەتی،  بەشیوەیەک کە جوتیارانی کوردستان لەوە هۆشیاربکرێنەوە،  کە دۆخی دوای کۆرۆنا هەرگیز وەک ساڵانی رابردوو نابێت، خواست لەسەر کاڵاکان زیاتر دەبێت و کاڵای ناوخۆشمان وەک ساڵان بێ بەها نابێت،  کە جووتیاری کورد خێر لە داهاتەکەی نەبینێت.  
 پیشبینی دەکڕێت دیاردەی کۆرۆنا،  کۆچی پێجەوانە بۆ دێهاتەکان لێبکەوێتە، چونکە ئەزموونی کەرەنتینە ئەوەمان پی دەڵێت:  کە ژینگەی چۆلی دێهاتەکان لە رووی تەندرووستیشەوە لە جەنجاڵی شارەکان باشترە، کەوایە لایەنە پەیوەندیدارەکان تا قەدەغەی هاتووچۆ ماوە با رێگری لە چوونی گوندنیشینان نەکەن بۆ دیهاتەکان، بگرە کارئاسانی بۆ جوتیاران بکەن بچنەوە سەر ڕەزوباغەکانیان، بەوەشیان حکومەت دوو ئامانج دەپێکێت، یەکەمیان خەڵک بە کاری جوتیاری و باغداری سەرقاڵ دەکات، دووەم بەرهەمی ئەوانە بەشێکی دەخرێتە خزمەتی دابینکردنی ئاسایشی ئابووری هەرێم.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand