دوو فاکت لەھەمبەر کەیسی مستەفا سەلیمی!
2020-04-11 19:15:03
کاروان عەلی شامار
ئەگەر ئاورێکی خێرا لەمێژووی تەواوی پارتە سیاسیەکانی باشور بدرێتەوە، ھیچ حیزبێک بارتەقای یەکێتی خزمەتی بە پارچەکانی تری کوردستان نەکردووە. وە لەبەرامبەردا ھیچ حزبێکیش ھاوشێوەی پارتی نەبووەو نابێ لە تیرۆری کەسایەتی و پلانگێری لەھەمبەر کوردانی پارەچەکانی تردا.
ئەرگومێنت زۆرە بۆ چۆنیەتی و چەندێتی خیانەتەکانی پارتی وەلێ حزبێک (٥٢) ساڵ لەمەوبەر بتوانێ چەن شۆرشگێرێکی وەک مستەفا موعینی و خەلیل شەوباش، بەدرەندترین شێوە شەھید بکاو پاشان کەللە سەریان رادەست بە رژێمی ئێران بکاتەوە، دەبێ ھەنوکە چ پلانگێری و خیانەتێکی گەورەتری لەھەگبەدابێ! لێ یەکێتی ھیچ کات خیانەتی لە پارتە سیاسیەکانی پارچەکانی تری کوردستان نەکردوەو بگرە لەزۆر بارودۆخی سەخت و دژواردا ھاوکاری باشیان بووە ئەم کارانەشی بەبەشێک لەپرەنسیپە ئەخلاقی و نەتەوایەتیەکانی خۆی زانیوە.
مستەفا سەلیمی شۆرشگێرێکی رۆژھەڵات بووە کە ساڵاھایە دژ بەرژێمی ئێران بەرخودانی کردوە، وەلی ماجەرای شەھیدکردنی بەو جۆرە بووە کە وتەبێژی حیزبی دیموکرات ئاماژەی پێکرد ( سەلیمی دوای راکردنی لە زیندان بەھۆی ئەو رێکارە توندەی لە سنورەکانی کوردستان گیراوەتەبەر بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەیتوانیوە بگات بە خاکی ھەرێم و جارێکی تر لە بانە دەگیرێتەوە و بەرەبەیانی ئەمرۆ شەھید دەکرێ، یەقینم مۆراڵی بەرزی شۆرشگێری و نەتەوایەتی یەکێتی ھەرگیز رێگە بەوە نادا کە میرخاس و جوامێرێکی کورد بگات بەخاکی کوردستان و رادەستی نەیارە ئیقلیمیەکانی بکاتەوە! وەلێ ئاوەژو کردنەوەی روداوەکەو ئەو سیناریۆیانەی کە لەلایەن میدیاکانی پارتی و بەتایبەت باڵی مەسرور بارزانیەوە دەوروژێنرێ لە دوو فاکتدا خۆی مانفێست دەکاو ھیچی تر!
یەکەم: بەھەموو پێودانگێک کابینەکەی مەسرور بارزانی شکستخواردوترین کابینەیە بەبەراورد بە کابینەکانی پێش خۆی ھەربۆیە وروژاندنی ئەم کەیسە لەم کاتەیاو تاوانخستنەپاڵ یەکێتی و لایەنەکانی تر تەنھا بۆ داپۆشینی ئەو شکستە گەورەیەیە کە دەرگیری کابینەکەی بۆتەوەو ھەروەھا ئەو بەڵێنە قەبانەی کە لە کاتی ھەلبژاردن بەخەڵکیداوە !
دووەم: ھیچ کات پارتی چاوەروانی ئەوەی نەدەکرد کە یەکێتی بتوانێ کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو ئەنجامبداو ھەروەھا مۆفەق بێ لەدانانی ھاوسەرۆک و مەکتەب سیاسیەکانیدا، ھەربۆیە ھەنوکە پارتی یەقین بووە لەوەی ئەم یەکێتیە تازەیە ئەوەی پێشوو نییەو نابێ، وە یەقینیشە ئیتر ئەوەی لەرابردوو توانیویەتی ئەنجامی بدا ئێستا بۆی ناچێتە سەر. ھەربۆیە ئاساییە ئەم تۆمەتەو دەیان تۆمەت و شایعەی تر ئاراستەی ھاوسەرۆک و سەرکردایەتی تازەی یەکێتی بکا تەنھا بۆ داپۆشینی شکستی کابینەکەی کە لێواری مەرگ و کەوتندایە!