Draw Media

تاکەی سلێمانی سزا دەدەن ؟

تاکەی سلێمانی سزا دەدەن ؟

2020-04-11 08:27:33


ساڵح ژاژڵەیی
 پەیوەندییەکانی  نێوان پارتی و یەکێتی ئایندەی هەرێمی کوردستانی  خستۆتە ئاستێکی زۆر مەترسیدارەوە، کە هەموو  سنورەکانی ئەخلاق و ویژدان و ئینسانیشی تێپەڕاندوە. شەڕە قسەو بەیان دەرکردنی سەرانی یەکێتی و پارتی لەم ماوەیەی پێشوو و کولانەوەی برینەکانی ناکۆکیەکانی ساڵی 1964 نێوان ئەم دوو بەرەیە، کە خوێنی دەیان هەزار لاوی ئەم گەلەی تێدا ڕژاو ئێستاش هەر خۆیان بەرهەمەكەی دەخۆن.  
ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ یەکەم جار لە هەرێمی کوردستان  لە شاری سلێمانییەوە دەرکەوت. ئەو ڤایرۆسە لە ڕێگای  ئەو هاوڵاتیانەوە  کە بۆ مەبەستی گەشت و سەیران  سەردانی ئێرانیان کردبو گواسترایەوە  بۆ شاری سلێمانی . 
یەکەم لێدوانی وەزیری تەندروستی ئەوەبوو بارودۆخی سلێمانی ئەوەندە خراپە، دەبێ وەکو زونی مەترسیدارحسابی بۆ بکرێت. هەندێکی تریش وەکو تانەو تەشەر باسی  بڵاوبونەوەی  کۆرۆنایان دەکرد  وەکو ئەوەی بڵێن  ئیدارەی سلێمانی  بێ کەڵکەو هیچی لە بارا نییە.
لەبری ئەوەی حسابێکی تایبەت بۆ ئەم زۆنە بکەن كە بەقسەی خۆیان مەترسیدارەو هەوڵی گەمارۆدانی ڤایرۆسەکە بدەن، دەرمان و تیوبی پشکنینیان وەک پێویست بۆ نەدەنارد، لەکاتێکدا بەهەموو پێوەرێکی زانستی  دەبوو حسابی تایبەتی بۆ بکەن چونکە چی لەڕووی ژمارەی دانیشتوان وهەمیش لەڕووی فراوانی سنورەکەی لەگەڵ ئێران کە کانگای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکەیە، شایەنی گرنیگدانی زیاترە. 
ئەم دۆخە ڕێک بەو کاتە دەچێت کەشەڕی داعش لەوپەڕی گەرمیدابو لە گەرمیان و کەرکوک ، بەڵام پارتی ئەوکات فیشەک و تەقەمەنی بۆ هێزەکانی 70 نەدەنارد بۆ  ئەوەی تێك بشکێن. هەرچەندە ئێستا پاساویان هەیە  بۆ زۆری ژمارەی فەحس کردن لە هەولێر بە هۆی ئەو دوو پرسەیەوە، بەڵام ئەو جیاوازیە هەر لە سەرەتاوە دیار بوو خەڵک هەستی پێدەکرد و پرسیاری دەکرد.
خۆشبەختانە ئیدارەی خۆجەیی شاری سلێمانی بە ستافی تەندروستی و پارێزگار و قایمقام و هەموو لیژنەکان و هێزە چەکدارەکان بە هەموو بەشەکانیەوەو دواجار  بە هۆی  پابەندبونی هاوڵاتیان بە ڕێنمایەکانەوە، هیممەتێکی ئەوەندە بێ وێنەیان کرد کە شایانی سوپاس و ڕێز گرتنن و هەمومانیان قەرزدار کرد، ئەوەتا خەریکە مەترسی لەسەر شاری سلێمانی نەمێنێت.  
بۆ ئەوەی هیچ گومانێک لەبوونی ڕق و کینە یان ناوچەگەرێتی لای کەس نەهێڵمەوە، گرنگە ئاماژە بەچەند خالێک بکەم:
1-لە سەرەتادا ئیشارەتێکی کورتم بەوەدا  کە لە کاتی شەڕی داعشدا سەرانی پارتی  چەک و تەقەمەنییان بۆ هێزەکانی 70 نەدەنارد لە کاتێکدا هاوپەیمانان دەیانهێناو هی پارتی نەبوو .   هێزەکانی یەکێتی  لە بەرەی پێشەوەی جەنگ لە شەردابون و شەهیدو برینداریان دەداو هەندێک بەرپرسەکانی پارتیش قاچاخچییەتی نەوت و بازرگانی سەیارەی دەبڵ کابینەیان لەگەڵ داعش دەکرد. دوایی دەریش کەوت هەندێک لەو قاچاخچیانە  سەر بە بنەماڵەی بارزانی بون و بەو بۆنەیەوە ئەوانی تریش سزانەدران .
2-   هاوکات لەگەڵ دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا  لە هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامی  بارینی بارانێکی زۆر لافاو زیانی گەورەی  بە دەڤەری دهۆک و زاخۆ گەیاند. دەستبەجێ سەرۆکی حکومەت دوو ملیار دینا رو  سەرۆکی هەرێمیش بە جیا  یەک ملیار  دیناری وەکو کۆمەک  بۆ ناردن .
 کەس قسەی لەسەر ئەوە نییەو ئەوە ئەرکی حکومەتەو هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەش خەڵکی ڕەسەنی ئەم وڵاتەن. بەڵام لەوکاتەوەی کە بومەلەرزە لە شارۆچکەی دەربەندیخانی داوە خەستەخانەیەک و خانوی پزیشکەکان  توشی زیانی گەورە بون و بە چۆڵی ماونەوەو نۆژەن نەکراونەوە. ئەی ئەو کاتە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم لەکوێ بوون؟ ئەوە ئەوانن جیاوازی ئەکەن، یان ئێمە ناوچەگەرێتی ئەکەین؟. 
 لەم قەیرانەدا سەرۆکی حکومەت دەچێت بایی یەک ملیۆن دۆلار سەیارە بۆ پۆلیسی هەولێر دەکڕێت، من ناڵێم ئەی سەیارە بۆ پۆلیسی نەکڕدراوە، بەڵکو ئەلێم لەم کاتەدا سەیارە بۆ پۆلیسی هەولێر پێویستر بوو لەدابینیکردنی پێویستی نەخۆشخانەکانی سلێمانی؟.
3- پارتی هەمیشە خەریکی جیاکاری بوە. ئەو کاتەی پاشەکەوتی موچە دەستی پێکرد، پارتی ناوی هەموو ئەندامانی لق و ناوچەی خستنە سەر لیستی هێزەکانی 80 و شمولی پاشەکەوتیان نەکرد. لەکاتێکدا هەموو چین وتوێژە ماندووەکانی تر ستەمی پاشکەوتی مووچە گرتنییەوە.
 4- شەقامی  شەست مەتری و سەد مەتری و  150 مەتری و چەندین  تونێڵ  لەهەولێرو دهۆک تەواوبون، بەڵام شەقامی سەد مەتری سلێمانی خەریتەشی بۆ نەکراوە.  پێمان ناَڵێن  پارەی ئەو شەقامانەی هەولێرودهۆک لە کوێوە هاتوون ؟ ئەگەر هی حکومەتە بۆچی بۆ سلێمانی نییە؟.
باشە ئەم شاری سلێمانییە بۆچی هەمیشە غەزەبی لێگیراوە، ئایا هۆکارەکەی  دەگەڕێتەوە   بۆ خراپ بونیان ، یان عاسی بونیانە  لە زۆرداری و ناعەدالەتی؟  لە کۆتایی  جەنگی جیهانی  یەکەم  1914- 1918 و دواتر  لە سەردەمی حوکمڕانی مەلیک مەحموددا، ئینگلیزەکان چییان بە سلێمانی نەکرد. لە ئەیلولی ڕەشی 1930 لەبەر دەرکی سەرا  چی بە سلێمانی نەکرا؟. لە 17ی شوباتدا پارتی و یەکێتیش چییان بە گەنجانی سلێمانی نەکرد .؟ 
لە سەردەمی سەدام حوسەیندا لە هەموو پارێزگاکانی عێراقدا خەستەخانەیکی گەورە دروست کرا دروست کرا، تەنها لە شاری سلێمانی دروست نەکرا وەکو سزایەک بۆ عاسی بونیان لە حکومەت. بەلای سەدامەوە  سلێمانی سەری مارەکە بوو. بۆیە هەمیشە خەریکی کوشتن و بڕینبون لە سلێمانی.  لە بیرتان نەماوە   ساڵی 1963 زەعیم سەدیق چی بە سلێمانی نەکرد ؟ 
باشە دەپرسم بۆچی لە ژێر سایەی دەسەڵاتی کوردیشدا سلێمانی توشی هەمان چارەنوس بۆتەوەو هەمیشە خەریکی سەرکوتکردنین؟. پارتی بۆچی بەم شێوەیە دەڕوانێتە شاری سلێمانی و چی لە دانیشتوانی ئەم شارە دەوێت ؟.
  ئایە بە لای پارتیشەوە  سلێمانی هەر سەری مارەکەیە ؟  مەسعود بارزانی و نێچیر بارزانی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا چەند جار سەردانی توکیاو ئوردن و وڵاتانی کەنداویان کردوەو چەند جاریش سەردانی دەڤەری ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە  و سلێمانییان کردوە ؟  ئەوە مانای وایە ئەم بەشە بە وڵاتی خۆیان نازانن .
ئەگەر وانییە، ئەی هەمو ڕق و دوژمنایەتییە چییە بەرامبەر بە سلێمانی؟  باشە کەسێک ئەم هەموو جیاوازیانە  بەچاوی خۆی ببینیت  چۆن گومان ناکات ؟ چۆن باوەر بەوە دەکات ئەمانە بتوانن سەرکردایەتی ئەم وڵاتە بکەن.
ئەمەوێت ئەوەش بلێم ئەم نوسینەم دوور و نزێک پەیوەندی نییە بە بەرگری کردن لە سەرانی  یەکێتی ، چونکە ئەوەی  یەکێتی بە شاری سلێمانی کردووە  هیچی کەمتر نییە  لەوەی پارتی کردوویەتی و دەیکات. پارتی سلێمانی وەکو نیچیرێک خنکاندوەو بەرپرسانی یەکێتیش خەریکی لەت و پەتکردنی لاشەکەین. بەرپرسەکانی زۆنی سەوز،  یەکێتی و ناوی یەکێتی  و شەهیدانی  یەکێتی  بۆمەرامی دەوڵەمەندکردنی  خۆیان بەکار دێنن.  لێرەدا هەقی خۆیەتی ئەم پرسیارە بکەین : 
 با بڵێین  پارتی ڕقی لە زۆنی سەوزەو ڕێگریشە  لەوەی هیچی بۆ بکرێت  و پێش بکەوێت. ئەی  تا ئێستا  سەرانی یەکێتی  چیان بۆ ئەم زونە کردوە؟ ئەی بۆ هیچی  بۆ ناکەن و هەر خەریکی تاڵانکردنین؟.
زۆنی سەوز دوو جۆر سزاو چەوسانەوەی لەسەرە. لە لایەک سزای پارتی کە لەزۆرێک لە پرۆژە خزمەتگوزارییە گرنگەکان بێبەشی کردووە، ئەوە باسی پرۆژەی ستراتیجی هەر ناکەین و چاوەڕێشیان لێناکەین. لە لایەکەی تریشەوە سزای سەرانی یەکێتیە، کە خۆیان کردۆتە وارس و دەم سپی تێکۆشەران و شەهیدان و ئەم زونەیان فەرهود کردوە.   

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand