بارزانی و میری سۆران
2020-04-10 21:12:32
ئاسۆ حاجی
بەشی دووەمی دیداری سەرۆک بارزانی کە لە کەناڵی mbc بڵاو بۆوە،چیڕۆکی میر سلێمان بەگی میری میرنشینی سۆرانی وەبیر هێنامەوە کە زۆر جار داپیرم و پاشانیش لە زۆر کەسی دیکەم گوێ لێ بوو کە کوردێکی خاین لەلای والی بەغدا شکایەتی لە میر سلێمان کرد بوو بەوەی کە میر سلێمان ددان بە دەسەڵاتی بەغدا و والی بەغدا نانێ و دەیەوێ خۆی وەک پادشای کوردستان رابگەینێ.
والی بەغدا میر سلێمان بانگهێشتی بەغدا دەکا و میوانداریەکی شایستەی لێ دەکا،بەر لە بەڕێکەوتنی میر و بەجێهێشتنی هەریر کە پایتەختی میرنشین بوو راوێژکارەکانی نیەتی بانگهێشتی والی بۆ شی دەکەنەوە و ئاگاداری دەکەنەوە کە پێویستە نەرم و دیبلۆماسی بێت و هیچ دەربارەی نیەتی خۆی بۆ والی ئاشکرا نەکات،بۆیە والی لە رۆژانی میوانداریەکەی نەیتوانی هیچ شتێک لە میر سلێمان دەربهێنێ،بۆیە بانگی کوردە خاینەکەی کرد و گوتی ئەوەی گوتت راست نیە،کوردە بۆرە بە والی گوت گەورەم خۆش بێ ئەگەر دەتوانی بنێرە و با دوو تورگە خۆڵی کوردستان بێنن و لە بن جێی دانیشتنی میر رووبکەن،والی هەمان کاری ئەنجامدا،کە میر لە بەرامبەر والی و لە سەر خاکی کوردستان دانیشت گەرمیەکی لە گیانیدا گەڕا و هەر والی باسی باج و سەرانەی زیاتری کرد و میر سلێمان خەنجەری لەکالان دەرهێنا و لە والی بڵند بوو گوتی ئەوەی باج و سەرانە لە سەر میللەتەکەم دادەنێت هێشتا لە دایکی خۆی نەبووە". ئەو هەڵوێستەی میر بووە هۆی شەهید کردنی.
قسەکانی مەسعود بارزانی هەمان گەرمی و هەستی لەلا دروست کردم کە باسی لە هەڵوێستەکانی دەکرد لە بەرامبەر سەرانی عێڕاق و پۆل بریمەر حاکمی سەربازی ئەمەریکی،تەنها جیاوازی هەستم بەوە کرد کە سەرۆک بارزانی پێویستی بەوە نیە لە سەر خاکی کوردستانی بێت تا بتوانێ هەڵوێستی کوردانە و مەردانە لە هەمبەر رکابەر و نەیارانی دەرببڕێ،چونکە ئەو کوردستان لە ناو و لەگەڵی دەژیێ و لێی دانابڕێ بۆیە لە بەغدا بێ یان تاران و توران هەمان ئەو هەڵوێست و بۆچوونانەی هەیە کە لە کوردستان هەیەتی،رەنگە ئامادەکار و پێشکەشکاری دیدارەکەش ئەوەی هەست پێکردبێ بۆیە بە بارزانی گوت "زێرەڦانی خەونی کوردی -حرس الحلم الکوردی"،کە بارزانی لە وەڵامی پرسیارێک دەربارەی پرسی سەربەخۆیی کوردستان و ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەو دەستەواژەیەی بۆ پێشکەشکارەکە راست کردەوە پێی گوت"سەربەخۆیی کوردستان خەون نیە بەڵکو ئامانجە و لە پێناویدا تێدەکۆشین،ئەگەر منیش سەربەخۆیی نەبینم ئەوە بناغەیەکی ریفراندۆم بووە بناغەیەکی پتەو بۆ ئەوەی نەوەی دوای من یان نەوەی دواتر کوردستانێکی سەربەخۆی لەسەر دابمەزرێنن".