كەبابێك بۆ كازمی
2020-04-10 18:54:11
زانا عەبدولڕەحمان
دواجار كێشمەكێشی سیاسی لە عێراق لەبەرژەوەندی پیاوێكی ئەمنی كۆتایی هات، كە ئەمریكییەكان و ئێرانییەكان دانی خێری پیادەنێن و ناكۆكەكانی عێراقیش دوای راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی و عەدنان زەریفی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە ئەمجارە هەموولایەكیان سندوقە رەشەكەی هەواڵگریان لاپەسەندە كە لەم قۆناغە چەق بەستووە رزگاریان كات كە عێراقی تێكەوتووە.
مستەفا كازمی كە راسپێردراوە بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ،پێشتر رۆژنامەنوس بووە و پاشان بۆتە بەرپرسی دەزگای هەواڵگری عێراق.
كازمی كتومت هاوشێوەی سەرۆكی حكومەتەكەی كوردستانە.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش پێشتر رۆژنامەنوس بووە وێنەگری باوكی بووە، پاشان بۆتە بەرپرسی دەزگایی پاراستنی حزبەكەی.
ئەگەر بەدیقتەوە لە وێنە گشتییەكەی هەرێم و عێراق بڕوانی تێدەگەیت لەوەی كە تارادەیەكی زۆر جوڵە سیاسیەكان لە عیراق و هەرێم وەك یەكن، بەڵام ئەوەی لەوێنەگەورەكەدا جیاوازە سیاسیەكانی عیراق خاوەن ئەزموونن و لەجەوهەری خۆشیاندا خۆش باوەڕ و دەڵەمە و ساویلكە نین، ئەوان بۆ ستراتیژی مەزهەبی و نیشتمانی عروبەی خۆیان بەردەوام ئیش ئەكەن.
پیاهەڵدان و ووتارەكانی سیاسیەكانی كوردستان بۆ مستەفا كازمی هەوشێوەی ئەو پیاهەڵدانانە بوو كەپێشتر بۆ جەعفەری و مالكی و عەبادی و عەبدول مەهدی بوون، وەك هەمووجارەكانی تر ئەمەیان دۆستی كوردە و لە مافەدەستورییەكانی كورد دەگات، ئەم قسە ستۆكانە بۆ كازمیش دووبارەكرایەوە
بەداخەوە سیاسیەكانی كورد زیاتر لەو فاڵگراوانە ئەچن كەلە ترافیكەكان سەر پێی پێشبینی بۆ بەختی خەڵك ئەكەن و هیچ پێشبینییەكیشیان وادەرناچێت؟!
كورد لە 2003 كە هاوبەشی بڕیارە سیاسییەكانە لە عێراق باش لەوە نەگەیشتووە كە بەغداد سیاسەتێكی جێگیرو ستراتیژی بەنیسبەت حكومەتەكەی خۆیەوە هەیە.
بۆیە چەند مانگێكی تر سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و حیزبەكانی كوردستان كازمی بەر بەیان نامە ئەدەن و رەخنە بارانی ئەكەن كە دەستوری بن پێكردووە.
پارتی لێ عاجز ئەبێت لەبەر ئەوەی سێ وەزیری بۆ دانەناوە یەكێتیش ئەڵێت: وەزیری زۆری داوە بەپارتی.
بەدزی یەكەوە لەگەڵی كۆئەبنەوە، بۆ چنینەوەی پۆست و كەیش باسی موچەی لەگەڵ ناكات.
خواستەدەستورییەكانی كورد بەچاویلكەی حزبی بچووك ئەكەنەوە.كازمیش كەخۆی یاریزانێكی باشە و لەخواستەسیاسییەكانی كورد باش گەیشتووە بەیەك دوو وەزیر و چەندپەنا دیوارێك كورد رازی ئەكات. موچەی خەڵكیش دۆخە كەی لە ئێستا باشتر نابێت
دوای ماوەیەك هەمان تاس و حەمای سەردەمی مالكی دەست پێئەكاتەوە و میدیاكانی كوردستان مێشكمان بەو راپۆرت و هەواڵانە پڕئەكەن كە گوایە كازمی فێڵی لەكورد كردووە و شتەكانی وەك خۆی نەبەخشیوە، دۆخی سیاسی كازمیش لەگەڵ كورد هەروەك جەعفەری و مالكی و عەبادی و عەبدول مەهدی دەبێت ؟ ئایندە چیرۆكە دووبارەكە روون ئەكاتەوە؟
بەس یەك تكام هەیە كە بانگتان كرد بۆ هەولێر كەبابەكانی جوان بۆ مەبرژێنن بۆ ئەوەی كەدوای شەش مانگ پەشیمان بوونەوە زۆر خەفەتی لێ نەخۆن