كۆرۆنا و مرۆڤ
2020-04-09 11:17:47
لوقمان حەوێز
ئەگەر كۆرۆنا بەئاگا بووایە و هەستی هەبووایە هەرگیز مرۆڤی نەدەكردە خانەخوێ بۆ خۆی، ئەو نازانێت بونەوەرێكی هەڵبژاردوە لەنێو شیردەرەكان زۆر لەخۆی ترسناكترە..!
ڤایرۆسی كۆرۆنا نزیكەی سێ مانگە لەوەتەی لەنێو مرۆڤەكان بڵاوبۆتەوە 3 بۆ 4 هەزار مرۆڤی كوشتووە، بەڵام هەموو ڕۆژێك لایەنی كەم 700 بۆ 800 مرۆڤ لەلایەن مرۆڤی ترەوە تەنیا بەچەك دەكوژرێن لە سەرانسەری جیهان، دڵنیام كۆرۆنا دوای ماوەیەكی كەم كۆنتڕۆڵ دەكرێت، بەڵام بەداخەوە كوشتنی مرۆڤەكان لەلایەن خۆیانەوە هەر بەردەوام دەبێت..!
كۆرۆنا دەیەها ملیۆن ساڵە پێش مرۆڤیش هەر هەبووە لەسەر زەوی، سروشت ڕێگەی پێداوە لەنێو خانە و لەشی هەندێك لە شیردەر و باڵندەكاندا بژییت، تەنیا زیانی بەو كۆمەڵە زیندەوەرە گەیاندووە كە خانەخوێی ڤایرۆسەكە بوون و هیچ زیانێكی بۆ ژینگە نەبووە، بەدەر لەو چەند جۆرە شیردەر و باڵندەیەش بەگژ زیندەوەرەكانی تردا نەچۆتەوە، بەڵام مرۆڤ تەنیا نزیكەی دووسەد هەزار ساڵە لەسەر هەسارەی زەوی هەیە، تەنیا لەو چەند سەد ساڵەی ڕابردووش تاوەكو ئێستا 46% ی هەموو دارستانە سروشتیەكانی سەر ڕووی زەوی تەخت كردووە، ئەمەش واتە بڕینی ملیارەها درەخت، مرۆڤ دەیەها هەزار ئاوێتەی ژەهراوی داهێناوە و بەشێكی زۆریش لەو ئاوێتانە هەوا و ئاو خاكی زۆربەی ڕووبەرەكانیان پیس كردووە، لەڕێگەی بەكارهێنان و سوتاندنی بڕێكی ئێجگار زۆریش لە دژە ژینگەترین جۆری وزە كە نەوت و گاز و خەڵوزی بەردینە گۆڕانكاری ترسناكی لەنێو سیستەمی ژینگەیی دروستكردووە، پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی كەش و هەوا بەشێكن لەو گۆڕانكاریانە، مرۆڤ پتر لە نیوەی ژمارەی هەموو شیردەرە كێویەكانی لە سروشت لەناوبردوە، ڕێژەیەكی بەرچاوی لە باڵندەكان و گیاندارە ئاویەكانیشی كەمكردۆتەوە، زۆر جۆریشی لەوانە بەتەواوی لەناوبردووە..!
كۆرۆنا تەنیا 3% ی ئەو مرۆڤانە دەكوژێت كە دەچێتە نێو لەشیانەوە، كۆرۆنا نەبۆتە و نابێتە هۆی لەناوبردنی هیچ جۆرێك لە زیندەوەر (جۆر نەوەك ژمارە)، جگە لەوەی لەوانەیە زووتر بنبڕ بكرێت بەڵام ئەگەر مایەوە لەوانەیە تا ئەو پەڕی ساڵێكی تر ڤاكسینێك بدۆزرێتەوە لاوازی بكات و لەناوی ببات لەنێو مرۆڤەكان، هەرچی مرۆڤە بەهۆی وێرانكردنی ژینگە و چالاكیە لەڕادە بەدەرەكانی دەیەها ساڵە دەستی كردووە بە لەناوبردنی بەكۆمەڵی زیندەوەران لەسەر هەسارەی زەوی، تا كۆتایی ئەم سەدەیە لەوانەیە جۆرەكانی ئەو زیندەوەرانەی لەسەر دەستی مرۆڤ بۆ هەتا هەتایە لەناو دەچن بگاتە پتر لە یەك ملیۆن جۆر، ئەمەش دەكاتە لایەنی كەم 15% ی هەموو ژیان لەسەر هەسارەی زەوی..!
ئێستا خۆتان بڕیار بدەن، كامیان ترسناكترن بۆ ژیان..؟ كۆرۆنا یان مرۆڤ؟