ته‌نگژه‌ی حوكمڕانی له عێراق
2020-04-08 19:34:06
لوقمان حاجی قادر
ڕوخانی ڕژێمی پێشوو له ساڵی 2003، عێراقی خسته‌به‌ر ده‌می ئاگری میتۆده باوه‌كه‌ی حوكمڕانی ڕۆژهه‌ڵاتی له خراپی ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌ت و به‌فیڕۆدانی ده‌رامه‌ته سرووشتی و مرۆییه‌كانی. هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2018، چینێكی تازه‌ی سیاسی هێنایه سه‌ر حوكم، كه گه‌ره‌كیان بوو گۆڕانێكی ڕیشه‌یی ئه‌رێنی له حوكمڕانیدا بێننه‌كایه‌وه.
شێواز و میكانیزمی هه‌ڵبژاردنی به‌رهه‌م ساڵحی سه‌رۆك كۆمار، ده‌ستپێكێكی باشی ئه‌و حوكمڕانییه تازه بوو، به‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی به‌شبه‌شێنه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و تایه‌فی و حزبی به‌ڕێوه‌چوو.
قۆناغه تازه‌كه وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ بوو له پڕۆسه‌ی سیاسی‌دا، به‌وه‌ی دوو خاڵی ته‌وه‌ری كردنه چه‌قی خۆی؛ ده‌ستگرتن به سه‌ربه‌خۆیی بڕیاری نیشتمانی و به‌دوورگرتنی عێراق له ته‌وه‌ربه‌ندییه‌كانی ناوچه‌كه.
هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار به‌رجه‌سته‌ی خاڵی یه‌كه‌می میتۆده تازه‌كه بوو، خاڵی دووه‌میش له كۆنگره‌ی ڕیاز به‌رجه‌سته بووه، كاتێك عێراق وه‌ك په‌رۆشی بۆ میتۆده تازه‌كه‌ی، ڕه‌تیكرده‌ووه واژۆ له‌سه‌ر به‌یاننامه‌ی كۆتایی كۆنگره‌كه بكات، كه بۆنی خزانه‌ناو ته‌وه‌ربه‌ندییه‌كانی لێ ده‌هات.
هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ده‌وڵه‌ت، به پاڵنه‌ری ستراتیژیه‌ته تازه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆمار، كه‌وتنه جموجۆڵی ناوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی؛ كۆشكی سه‌لام بووه ماڵی كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسی و چالاكوانانی مه‌ده‌نی و مافه‌كانی مرۆڤ و نووسه‌ر و ڕۆشنبیران و سه‌رجه‌م چین و توێژه جۆراوجۆره‌كانی كۆمه‌ڵگای عێراقی، ئه‌مه جگه له په‌یوه‌ندی به‌رده‌وام و توندوتۆڵ له‌گه‌ڵ بۆگه‌ڕاوه‌یی باڵای ئاینی نه‌جه‌ف. به‌مه‌ش كۆشكی سه‌لام بووه مه‌ڵبه‌ندی گفتوگۆی نیشتمانی تاوتوێكردنی پرسه چاره‌نووسسازه‌كانی عێراق، به ئامانجی تێپه‌ڕاندنی ته‌نگژه سیاسییه‌كه‌ی.
ده‌سه‌ڵاتدارانی تازه‌ی عێراق، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌یان كرده سه‌ره‌نێزه‌ی جوڵه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان، به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك كۆمار، چه‌نده‌ها گه‌شتی جۆراوجۆر له ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیدا ئه‌نجامدران، سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و په‌رله‌مانیش هه‌مان ڕێچكه‌یان گرته‌به‌ر، ئامانجی هه‌مووشیان نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی عێراق بوو، له‌سه‌ر بنه‌مای دووركه‌وتنه‌وه له سیاسه‌تی خزانه‌ناو ته‌وه‌ربه‌ندییه‌كانی ناوچه‌كه، له ڕووی ئابووریشه‌وه، هه‌وڵی ئه‌وه‌یاندا عێراق بكه‌نه خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌وڵه‌تانی هه‌رێمی و جیهانی.
وه‌ك هه‌نگاوێكی ته‌واوكاری ستراتیژییه نوێیه‌كه، ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق به گشتی و به‌رهه‌م ساڵحی سه‌رۆك كۆماریش به تایبه‌تی، كه‌وتنه نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی و ڕایه‌ڵه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك په‌یپێبردن به گرنگی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه كه سه‌رچاوه‌ی هێز و هه‌ژموونن بۆ هه‌ردوولا، سه‌ركه‌وتنی هه‌نگاوه‌كه‌ش له سه‌ردانی شانده‌كانی هه‌ردوولا بۆ به‌غدا و هه‌ولێر، لێدوان و لێكتێگه‌یشتنه هاوئاوازه‌كانیاندا به‌رجه‌سته بوو، كه جێگه‌ی هیوا و ئومێدبوون به هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه و چاره‌سه‌ركردنی پرسه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوانیان.
سه‌رتا وادیار بوو كه سیاسه‌ته تازه‌كه سه‌ركه‌وتووه، به‌ڵام تێكچوونی بارودۆخی ناوخۆ و به هۆی كێشه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانه‌وه له ده‌رئه‌نجامی خراپی خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ هاووڵاتیان و خراپه به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت كه گه‌نده‌ڵی هه‌لاهه‌لای كردبوو، ناڕه‌زایه‌كی به‌رفراوانی جه‌ماوه‌ری به‌دوای خۆیدا هێنا كه داواكانیان ڕه‌وابوون، له‌مه‌یاندا سه‌رۆك كۆمار پشتی خۆپێشانده‌رانی گرت و لۆمه و سه‌رزنشتی هێزه ئه‌منییه‌كانیشی كرد بۆ ئه‌و شێوازه‌ی مامه‌ڵه‌یان پێ له‌گه‌ڵ شه‌قام كرد، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكو ڕاو بۆچوونی شه‌قامیشی كرده چه‌قی وتوێژ و ڕاوێژكارییه چڕوپڕه‌كانی بۆ ده‌ربازبوون له‌و ته‌نگژه سه‌خته‌ی وڵاتی تێكه‌وتووه، به تایبه‌تیش له پرسی ڕاسپاردنی پاڵێوراوێك بۆ سه‌رۆك وه‌زیران كه پێودانگی ڕاسپاردنی به پله‌ی یه‌كه‌م په‌یوه‌سته به سه‌روه‌ری گه‌له‌وه.
به‌رفراوان بوونی ناڕه‌زاییه‌كانی شه‌قام، سه‌ری حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی خوارد و ته‌نگژه‌كه‌شی دژوارتر كرد له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان به گشتی و لایه‌نه شیعییه‌كان به تایبه‌تی كه نه‌یانتوانی له‌سه‌ر پاڵێوراوێك بسازێن كه جێگه‌ی ده‌مه‌ته‌قێ و مشت‌ومڕ نه‌بێت و بتوانێت لایه‌نی كه‌می داواكارییه‌كانی شه‌قام بێنێته‌دی، لێره‌وه به‌رپرسیاریه‌تی سه‌رۆك كۆمار سه‌خت و دژواتر بوو له چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ دۆخه تازه‌كه و ڕاسته‌ڕێ كردنه‌وه‌ی پڕۆی سیاسی پێش ئه‌وه‌ی به یه‌كجاری هه‌ره‌س بێنێت.
له به‌دبه‌ختی عێراق و گه‌له‌كه‌ی و خه‌مساری فه‌رمانڕه‌واكانی، كه په‌یان به هه‌ستیاری قۆناغه‌كه نه‌ده‌برد، میتۆده تازه‌كه‌ی حوكمڕانی به‌رده‌وام نه‌بوو، لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق پشتیان تێكرد، چونكه هه‌ر زوو بۆیان ده‌ركه‌وت كه شایسته حزبی و به‌ركه‌وته‌كانی هه‌ڵبژاردن و هه‌ژموون و باڵاده‌ستیان له جومگه‌كانی ده‌وڵه‌تدا ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه. بۆیه گرنگی هه‌نگاوه نراوه‌كانیان به هه‌ند وه‌رنه‌گرت كه به هۆیه‌وه ده‌یانتوانی دووباره متمانه‌ی گه‌لی عێراق به‌ده‌ستبێننه‌وه و ئه‌وه‌ی وێرانیشیان كردووه چاكی بكه‌نه‌وه، لێره‌وه كه‌وتنه دژایه‌تی سیمبوله تازه‌كانی میتۆده تازه‌كه به گشتی و به‌تایبه‌تیش به‌رهه‌م ساڵحی سه‌رۆك كۆمار، به‌وه‌ی گوێیان به داواكارییه ڕه‌واكانی خه‌ڵك نه‌دا له پاڵاوتنی كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی سه‌ربه‌خۆ كه جێگه‌ی مشت‌ومڕ و ده‌مه‌ته‌قێێ ئه‌م و ئه‌و نه‌بێت و بتوانێت لایه‌نی كه‌می داواكاریه‌كانی خه‌ڵك بێنێته‌دی و هاوسه‌نگی سیاسه‌تی عێراقیش بپارێزت له ناوه‌نده هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی، بۆیه هه‌ڵمه‌ته‌كانیان دژ به سه‌رۆك كۆمار توندتر كرد و به هه‌موو شێواز و ڕێبازێك فشاریان بۆ هێنا، تاوه‌كو ملكه‌چی ئه‌جێندا تایبه‌ته‌كانی خۆیانی بكه‌ن؛ ده‌مێك به به‌ڵینپێدان و ده‌مێك به هه‌ڕه‌شه‌لێكردن، به دادگاییكردنی له دادگا و لێپێچینه‌وه‌ی په‌رله‌مانی، ته‌نانه‌ت ده‌ستبردن بۆ سه‌لامه‌تی خودی خۆی و به‌رژه‌وه‌ندییه حزبییه‌كانی. هه‌موو ئه‌مانه به كه‌ڵكیان نه‌هات و سه‌رۆك كۆماریش هه‌ر نه‌هاته ژێربار، به‌مه‌ش سه‌رۆك كۆمار گه‌ڕی یه‌كه‌می كێشمه‌كێشمه‌كانی نێوان گه‌ل و فه‌رمانڕه‌واكانی برده‌ووه، ده‌ستوریشی كرده سه‌نگه‌ر و مه‌ته‌رێزی خۆی و پاڵی دایه پاڵ سه‌روه‌ری گه‌ل.
له گه‌ڕی دووه‌مدا لایه‌نه سیاسییه‌كان بنه‌ماكانی گه‌مه سیاسییه‌كه‌یان گۆڕی به یاریكردن له‌سه‌ر په‌تی شكستپێهێنانی په‌رله‌مانی پاڵێوراوه ڕاسپێردراوه‌كان، محمه‌د تۆفیق عه‌لاویش یه‌كه‌م قوربانییان بوو، كه سه‌ره‌تا به هه‌ناسه‌بڕكی فریای دانانی كه‌وتن و دواتریش به په‌له‌پڕوزه پشتیان تێكرد، چونكه زاینان پرۆگرامه حكومییه‌كه‌ی جێگه‌ی داواكارییه به‌رته‌سه حزببه‌یه‌كانی ئه‌وانی تێدا نابێته‌وه، به‌مه‌ش پڕۆسه‌كه‌یان گێرایه‌وه چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م و ته‌نگژه‌كه‌یان چه‌ندجاره قوڵتر كرده‌وه، له هه‌مبه‌ر زورفیش هه‌روایان كرد، كاتێك سه‌رۆك كۆمار ده‌سه‌ڵاته ده‌ستورییه‌كانی خۆی خستنه‌گه‌ڕ و بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت ڕایسپارد، ئه‌وانیش به پاساوی بێ بنه‌مای وه‌ك پاشكۆیه‌تی بۆ ئه‌مریكا و ڕۆژئاوا و كه‌نداوییه‌كان، هه‌ڕه‌شه‌ی شكستپێهێنانی په‌رله‌مانیان لێ‌كرد، له‌وه‌ش سه‌یرتر قوتكردنه‌وه‌ی پاڵاوتنی مسته‌فا كازمی بوو، كه پێشتر به هه‌مان ئه‌و تۆمه‌تانه‌یان ده‌دایه‌پاڵ كه ئێستا ده‌یده‌نپاڵ زورفی!
ئیدی لایه‌نه سیاسییه شیعه‌كان، به‌م گه‌مه سیاسییه تازه‌یه كه‌یفخۆش بوون، له زۆر كاتیش‌دا لایه‌نه كوردی و سونییه‌كان هاوئاوازیان بوون، ئامانجی هه‌مووشیان ده‌ستكه‌وتنی زۆرترین پۆست و زێده مافی حزبی و كه‌سی بوو، به‌مه‌ش به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لێكیان خسته‌لاوه و فه‌رامۆشیان كرد.
ئه‌گه‌ر ستراتیژیه‌ته‌كه‌ی سه‌رۆك كۆمار سه‌ركه‌وتنی له چاره نووسرابایه، كه له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی هاووڵاتیبوون و نیشتمانپه‌روه‌رییه‌كی پوخت و دیدێكی وورد و سه‌راپاگیر بنیاتنرا بوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌نگژه‌ی حوكمڕانی له عێراقدا، دۆخه‌كه نه‌ده‌گه‌یشته ئه‌وه‌ی ئێستا پێی گه‌یشتووه. هه‌رچه‌نده ته‌نگژه‌كه‌ش له ئێستادا له جێ خۆی ماخۆلانییه‌تی، كه‌چی هێشتا هه‌لێك له به‌رده‌م فه‌رمانڕه‌وایانی عێراق و گه‌له‌كه‌ی و لایه‌نه سیاسی و كۆمه‌ڵگاییه‌كانیدا ماوه، تاوه‌كو فریای دۆخ و لێكه‌وته مه‌ترسیداره‌كانی بكه‌وه‌ن، ئه‌مه‌ش به پیاده‌كردنی گیانێكی نیشتمانی و پشوودرێژی و دیدگایه‌كی ئه‌قڵانی و بابه‌تی له تێڕوانین له دۆخی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی عێراق، كه هه‌ر ده‌بێت له‌سه‌ر هاوسه‌نگی له بڕیاداندا بنیات بنرێت له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ژینگه ناوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی.
ئیدی لێره‌وه ئاشكرا و ڕوونه، كه میكانیزمه‌كانی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ته‌نگژه سیاسییه‌كه‌ی ئێستادا،نه‌زۆك و بێ به‌رهه‌مه، پاڵێوراوه ڕاسپێردراوه‌كانیش كه لایه‌نی كه‌می پێشمه‌رجه‌كانی پێداویستییه‌كانی دۆخی ئێستایان تێدایه، خه‌ریكه چۆڕه‌بڕ ده‌بن، ته‌نگژه‌كانی ئێستاش ده‌سته‌ملانی ئه‌وانی پێشتر ده‌بن، چی دیكه قورتوقولاپه سیاسییه‌كان كه‌ڵكیان نه‌ماوه، هه‌رچه‌نده ته‌نگژه‌كه‌ش دوورمه‌وداتر بێت، هه‌ر ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه ئامێزه و باوه‌شه نیشتمانییه‌كه كه جێی هه‌مووانی تێدا ده‌بێته‌وه و كه‌شتی سیاسی عێراقیش ده‌گه‌یه‌نێته كه‌ناری ئارام.