Draw Media

عەقڵی لایەنگری و عەقڵی تێگەیشتن

عەقڵی لایەنگری و عەقڵی تێگەیشتن

2020-04-07 11:49:12


پەیكار عوسمان

 

(١)

- بۆ هەر کێشەیەك، عەقڵی گەورە، سەرەتا ئەیەوێ تێبگا بۆئەوەی دواتر چارەسەری بکات. عەقڵی بچوك، نە تێگەیشتنی بۆ گرنگە نە چارەسەر، تەنیا لایەنگریی بۆ گرنگەو هەر ئەوەش ئەکات!

- هەر کێشەیەك کە دێ، درزێك دروستئەکاو دنیاکە ئەخاتە بەردەم ئەگەری پەرتبوونێك. عەقڵی گەورە لەڕێگەی تێگەیشتن و موعالەجەکردنەوە، ئەیەوێ دنیاکە گرێبداتەوە. بەڵام عەقڵی بچوك درزەکەت بۆ ئەکا بە ترازان و هەر یەکسەر دنیاکە دابەشئەکاو لەگەڵ ئەمە دژی ئەو!

- عەقڵی بچوك کە عەقڵی لایەنگرییە، عەقڵی شەڕو پەرتبوونە. چونکە لە هەرشتێك، خودی شتەکەی بۆ گرنگ نیە، ئەوەی بۆ گرنگە کە لەو شتەوە دنیاکە دوولەت بکاو لە لەتەکەی تر بدات.
عەقڵی گەورە یان عەقڵی تێگەیشتن، عەقڵی ئاشتی و هەماهەنگییە. چونکە لە کێشەکە، تەنیا ئامانجی تێگەیشتن و چارەسەرکردنەو کاتێکیش کە تێگەیشتن و چارەسەر، هەماهەنگییت لێبخوازێ، ئیتر دەسئەخەیتە ناو دەستی ئەویتر!

- عەقڵی گەورە ئەیەوێ تێبگا، چونکە تێگەیشتن خاڵی سەرەتایەو جگە لە تێگەیشتن، لە هەر خاڵێکی ترەوە دەستپێبکەیت، دەستتپێنەکردوە. دوای تێگەیشتنیش، ڕاستەوخۆ "بەرپرسیارێتی" لەدایکئەبێ، بۆیە قۆڵی لێهەڵئەماڵیت و ئەبیتە بەشێك لە چارەسەر!

- بەڵام عەقڵی بچوك، کە عەقڵی لایەندارییە، هەمیشە بەشێکە لە کێشە، چونکە هەر لە ئەساسەوە بۆ چارەسەر نەهاتووەو بۆ لایەنگریی هاتووە! لەبری ئەوەی خودی کێشەکە بە بابەت بزانێ، ئەویتر بە کێشەکە ئەزانێ! کە ئەمە بۆ خۆی، کێشەیەکی گەورەترە لە کێشەی یەکەم.

- عەقڵی بچوك نیوعەقڵە، چونکە نیو دنیا ئەبینێ و یەکسانی ئەکات بە هەموو. یەعنی کاتێ باسی کێشەبێ، وائەزانێ نیوەکەی تۆ هەموو کێشەکەیەو کاتێ باسی چارەسەربێ، وائەزانێ نیوەکەی خۆی هەموو چارەسەرە.
بەڵام عەقڵی گەورە ئەیەوێ لە هەموو وێنەکە تێبگاو بۆ ئەمەش سەرەتا سەیری خۆی ئەکاو خۆی ناخاتە دەرەوەی وێنەکە.
لەخۆیەوە دەسپێئەکاو بەسەر خۆیدا دێتەوە، نەكئەوەی لەتۆوە دەستپێبکاو بە سەری تۆدا بکێشێ. کە ئەمەش سەرەتایەکی باشە بۆ پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن.

- لە عەقڵی تێگەیشتندا وێنەکە یەك پارچەیەو خۆشتی تیایەو پێتوایە بەبێ خۆت نوقسانە. بەڵام لە عەقڵی لایەنگریدا وێنەکە دوو پارچەیەو لەتە ڕەشەکەیان، هەمیشە ئەوەو خاڵییە لە تۆ. لەتە سپییەکەش هەمووی خۆتی و خاڵییە لەو. کە ئەمەش سەرەتای ڕق و جیاکاریی و فاشیزم و سڕینەوەیە.

- ئێستا ئێمە لە عەقڵیەتی کۆڵەواری لایەنگرییداین، بەوەی کە هەموو شتێك ئەکەینە دەرفەتی لایەنگریی. گرنگە بپەڕینەوە بۆ عەقڵیەتی تێگەیشتن، بەوەی کە هەموو شتێك بکەینە دەرفەتی تێگەیشتن!
مەسەلەن لەنێوان پۆلیس و دوکتۆردا، کاری منو تۆ ئەوەنیە دنیا دابەشکەین و بکەوینە سەنگەری یەکێکیانەوە دژی ئەویتر. چونکە دنیاکە یەکەو ئەوانیش خۆیان باشترین نمونەی یەکێتی دنیاکەن، کە لەهەمان سەنگەردان دژی کۆرۆنا.

- لەنێوان دوکتۆرو پۆلیس، دەسەڵات و موعارەزە، ڕۆژنامەنوس و دادگا.. کاری ئێمە تێگەیشتنە، ئینجا هەڵوێست. چونکە ئەگەر تێنەگەی هەڵوێستیش دروستنابێ!
ئاخر بنەمای هەڵوێست بیرکردنەوەو تێگەیشتنە، نەك هەڵچون و لایەنگریی، کە ئەسڵەن بیرکردنەوەیەکی ناوێ و هەر بە بڕیاری پێشوەخت ئەکرێ!
ئاخر فەرقی بڕیاری پێشوەخت و بڕیاری ئێستا، هەر ئامادەبوون و ئامادەنەبوونی عەقڵی تۆیە، هەڵوێستیش ئەوەیە کە عەقڵت تیایدا ئامادەبێ!
تەنانەت بەرامبەر ستەمیش، کاری یەکەمی ئێمە تێگەیشتنە، ئینجا بەرگری، چونکە ئەگەر تێنەگەیت، ئەوەی تۆش ئەبێ بە ستەمێکی تر!

- کێشە هەرچەن گەورەشبێ، هەر بچوکە، ئەگەر بە عەقڵی تێگەیشتن مامەڵەی لەگەڵ بکەین. چونکە ئەم عەقڵە خۆی چارەسەرە!
کێشە هەرچەن بچوکیشبێت، هەر گەورەیە، ئەگەر بە عەقڵی لایەنگریی مامەڵەی لەگەڵ بکەین. چونکە ئەم عەقڵە خۆی کێشەیە.
هەموو کێشەیەك کە دێ، یەکێکە، ئێمە بە عەقڵی لایەنداریی ئەتوانین بیکەین بە دووان و بە عەقڵی تێگەیشتنیش ئەتوانین بیکەین بە سفر.

ماویەتی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand