كۆرۆنا - فۆبیا و ده‌رووندروستی
2020-04-05 20:27:31
د. سه‌ڵاحی گه‌رمیان
كاتێك مرۆڤ هه‌ستئه‌كات چالاكیه‌كانی ژیان له ڕاوه‌ستاندایه له جیهاندا، باری ئابوری وڵاتان به‌ره‌و داڕمان ئه‌ڕوات، جووڵه‌ی هاتووچۆ له‌سه‌ر زه‌وی و له ئاسمانی وڵاتاندا تادێت سست ئه‌بێت، شاره گه‌وره‌كانی؛ له‌ندن، پاریس، نیویۆرك، به‌یجین، ڕۆما، به‌رلین، تورینتۆ، سیدنی و زۆری تریش كشوماتن. فاكتۆری و كارگه زه‌به‌ڵاحه‌كانی وڵاتان له كاركردن وه‌ستاون، كه‌ناڵه‌كانی میدیا و سایتی ئینته‌رنێتی و تۆڕه‌كانی سۆشیال-میدیا هه‌واڵ و وێنه و ئاگاداریی جۆراوجۆری ته‌شه‌نه‌كردنی په‌تاكه ئه‌گوازنه‌وه. وڵاته زلهێزه‌كان ده‌سته‌وه‌ستانن و جبه‌خانه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی و مۆشه‌كی دورمه‌وداكانیان كه نیشانه‌ی هه‌یبه‌ت و باڵاده‌ستیان بوو، بێ توانا و بێ كاریگه‌رین له‌م دۆخه ئاڵۆز و ترسناكه‌دا. پزیشك و زانا و توێژه‌رانی زانكۆ و ناوه‌نده زانستییه‌كان و داموده‌زگا و ئامێر و كه‌ره‌سته جۆراوجۆره‌كانی وڵاتانی پشكه‌وتووی جیهان له هه‌وڵ و كۆششدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر. كار و كه‌سابه‌ت نه‌ماوه، زانكۆ و خوێندگه‌كان داخراون و داهاتووی منداڵ و لاوان نادیاره، په‌رستگاكان چۆڵن، په‌یوه‌ندی و گردبونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌و نه‌مان ئه‌چێت، به‌گۆمانه‌وه ئه‌ڕوانیته نزیكترین هاوڕێكانی نه‌بادا هه‌ڵگری ڤایرۆس بن. هه‌ر هه‌موومان به‌ره‌و نادیاری هه‌نگاو ئه‌نێین و ترسمان له شتێكی نه‌زانراو هه‌یه ئۆقره‌ی لێبڕیوین، ده‌ستكی ده‌رگاكان، ده‌ستی كه‌سانی خۆشه‌ویستمان، شوێنه گشتییه‌كان، هه‌رهه‌موو هه‌ڕه‌شه‌ن له سه‌ر ژیانمان. دۆخه‌كه وایكردووه خه‌ڵك واز له كار و ماف و ئازادی و خۆشی خۆیان بێنن و كونجی ماڵه‌وه بگرن له پێناو خۆپاراستن له‌و ڤایروسه.
ئه‌وانه‌و له‌ئه‌نجامی دروستبوونی وتیواتی ناو كۆمه‌ڵ و بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵ و ڕاپۆرتی بێسه‌روبه‌ر و ناڕوون له سه‌رچاوه‌ی جیاجیاوه، یان له‌بری زانایان و پسپۆرانی بواری ته‌ندروستی و زانست، ئه‌بینین سیاسه‌تمه‌داران و به‌رپرسانی نه‌شاره‌زا ئه‌دوێن و هه‌واڵ و زانیاری هه‌ڵه ئه‌گه‌یه‌نن به‌مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی هاوخه‌می بۆ خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌یان بۆ ئامانجی سیاسی. بۆیه له هه‌ر شوێنێك هه‌واڵی توشبوون به ڤایروسه‌كه‌وه بڵاوبێته‌وه، نادیاری باڵئه‌كێشێت به‌سه‌ر ڕۆژانی داهاتووی خه‌ڵكدا و كاردانه‌وه‌ی زۆر ئه‌خاته سه‌ر باری ده‌روونیان، ترس و دڵه‌ڕاوكێی له توشبوون به ڤایرۆسه‌كه‌وه دایانئه‌گرێت و له زۆر حاڵه‌تدا مۆته‌كه‌ی مردن به‌رۆكیان پێئه‌گرێت و توشی فۆبیا ئه‌بن. به‌واتایه‌كی تر دیارده‌ی(كۆرۆنا - فۆبیا aCoronaphobi) دێته ئاراوه له ئه‌نجامی ترسی زۆر و شڵه‌ژان و دڵه‌ڕاوكێی به‌رده‌وام. بێگومان بۆ كه‌سانێك كێشه‌ی ده‌روونیان هه‌بێت، وه‌ك سكیزۆفرینا، پارانۆیا و خه‌مۆكی، شڵه‌ژانی ده‌روونی و هتد، ئه‌وا ژیانیان سه‌ختترئه‌كات و باری ده‌روونییان قورس‌تر ئه‌بێت.
ئه‌و حاڵه‌تی فۆبیایه ته‌شه‌نه ئه‌كات تا ئه‌گاته حاڵه‌تی هیستیریا وه‌ك له كاتی هه‌ڵه‌داوانی خه‌ڵك بۆ بازاڕ و سوپه‌رماركێته‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانی شتومه‌ك و پێداویستیه‌كانی ژیان. له كه‌شێكی وادا زۆرجار بشێوی و ئاڵۆزی و ڕووداوی نه‌خوازراوی جۆراوجۆری لێئه‌كه‌وێته‌وه، دوورنیه نائارامی و بێسه‌روبه‌ری باڵبكێشێت به‌سه‌ر دۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا.
پێویسته ئه‌وه بزانین، ترس و دڵه‌ڕاوكێ وسترێس نیشانه‌ی لاوازی كه‌سێتی و ترسنۆكی و كێشه‌ی ده‌روونی نین، به‌ڵكو پێویستن بۆ ووریایی و ئاگاداربوونه‌وه و خۆپاراستن له هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی جۆراوجۆر. ئه‌و حاڵه‌ته ده‌روونییانه، هه‌ر له‌سه‌رتای میژووه‌وه به‌شێك بوون له ئه‌زمونی ژیانی مرۆڤ، وه‌ك میكانیزمی سروشتی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان په‌نای بۆ بردووه. دڵه‌ڕاوكێ وه‌ك نمونه، بنه‌مایه‌كی گرنگه و هانده‌ره بۆ گه‌شه‌كردن و په‌رسه‌ندنمان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی گونجاندن و خۆئامه‌ده‌كردنه به‌ره‌وڕووی مه‌ترسی و هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ بارودۆخی دیاریكراودا. مرۆڤ ناتوانێت له دڵه‌ڕاوكێ خۆ به‌دور بگرێت، به‌ڵكو ئه‌توانێت هه‌وڵبدات فێربێت چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت كاریگه‌ربێت له ژیانی ڕۆژانه‌یدا. گه‌ر خوێندكارێك بۆ نمونه، ترس و دڵه‌ڕاوكێی له ده‌رنه‌چوون له تاقیكردنه‌وه‌دا نه‌بێت، ڕاناچه‌ڵه‌كێت و خۆی ئاماده ناكات، یان شۆفێرێك به‌بێ ترس و دڵه‌ڕاوكێ ئۆتۆمبیل لێخوڕێت، بێگومان توشی ڕووداو ئه‌بێت و ژیانی خۆی و كه‌سانیتر ئه‌خاته مه‌ترسی و به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوونه‌وه.
له‌ئێستادا باشترین ڕێگاچاره، خۆئاماده‌كردنه بۆ ڕووبه‌ڕبونه‌وه‌ی نادیاری ژیانی داهاتوومان. كاتێك له دۆخێكی وادا خۆمان ئه‌بینین، جه‌سته و هۆشمان به‌رده‌وام له هه‌وڵدانی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌ن بۆ هێوركردنه‌وه و هه‌ستكردنمان به ئارامی وه‌ك میكانیزمێك بۆ به‌رده‌وامی به‌ژیان. بۆیه زۆر ئاساییه توشی
كاتێك دۆخه‌كه درێژه‌ئه‌كێشێت، زۆرجار ترس و دڵه‌ڕاوكێ و شڵه‌ژان و فۆبیا كاردانه‌وه‌ی نه‌رێنیان لێئه‌كه‌وێته‌وه وه‌ك په‌نابردنه به‌ر خوارنه‌وه‌ی ئه‌لكوهۆڵ و ماده سڕكه‌ره‌كان، یان زیاده‌خۆری و وه‌سواسی و توڕه‌یی و هه‌ڵشاخان به‌ده‌وروبه‌ردا. له حاڵه‌تی وادا پێویسته مرۆڤ ژیرانه به‌خۆیدا بچێته‌وه و ژیرانه په‌نابباته به‌ر شێوازی دروست و لۆجیكی بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و حاڵه‌تانه‌دا كه دواتر دێینه سه‌ری.
ده‌رووندروستی له‌سه‌رده‌می كۆرۆناڤایروسدا
كۆرۆناڤایروس زه‌نگی مه‌ترسی لێدا و ئۆقره‌ی له ملیۆنان كه‌س له سه‌رانسه‌ری جیهان بڕیوه و به‌ئاگای هێناینه‌وه تا به‌خۆماندا بچینه‌وه و شێوازی ژیان و بیركردنه‌وه‌مان بگۆڕین و ئه‌و بۆچوونانه‌ی له‌گه‌ڵ زانست‌دا یه‌كناگرنه‌وه به‌لاوه‌یان نێین و ته‌نیا له‌ڕێی زانیاری و زانست و ڕێنماییه ته‌ندروستی و ده‌رووندروستیه‌كانه‌وه ئه‌كرێت زاڵبین به‌سه‌ر په‌تا و نه‌خۆشییه‌كاندا نه‌ك به گوێنه‌دان و خه‌مساردی و په‌نابردنه به‌ر نزا و پاڕانه‌وه و خورافاتی بێ بنه‌ما. له‌م ڕۆژگاره‌ی سه‌رده‌می كۆرۆنادا، بایه‌خدان به ده‌رووندروستی هاوتای بایه‌خدانه به دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ په‌تاكه و چه‌نده كرۆناڤایروس مه‌رسیداره، ترس و تۆقین له نادیاری و مه‌ترسی توشبوون به‌هه‌مان شێوه كاری له‌سه‌ر ته‌ندروستی و باری ژیانی مرۆڤ هه‌یه.
ده‌رووندروستی به‌شێكی دانه‌بڕاوه له سه‌لامه‌تی گشتی مرۆڤ و ته‌نیا ئه‌وه‌نیه له بشێوی و شڵه‌زانی ده‌روونی خۆت به‌دوور بگریت، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه كاتێك مرۆڤ له دۆخێك‌دا ئه‌ژێت، تیایدا بتوانێت خۆی بگونجێنێت و هه‌ڵكات له‌گه‌ڵ گوشار و كێشه و كۆسپ و ڕێگری و هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌رڕێی ژیانیدا.
بایه‌خدان به‌لایه‌نی ده‌روونی و ده‌رووندروستی ئه‌ركێكی پێویست و گرنگه و نابێت به‌كه‌م سه‌یربكرێت له‌م ساته‌وه‌خته‌دا. ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانییه، لای زۆرێك له تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ و بگره لای هه‌ندێك له كاربه‌ده‌ستانی حكومی و بواری ته‌ندروستیش د‌رك به كاریگه‌ری نیگه‌تیڤی لاوازی باری ده‌روونی له‌سه‌ر سیسته‌می به‌رگری و خۆپارێزی له توشبوون به په‌تاكه ناكرێت.
تێكچوونی باری ده‌روونی به‌هۆی ترس و دڵه‌ڕاوكێ و سترێسه‌وه هۆكاره بۆ ده‌ردانی هۆرمۆنی كۆرتیزۆل كه كارئه‌كاته سه‌ر لاوازبوونی سیسته‌می ڕێگرتن له میكرۆب و ڤایروسه‌كان(Immune System)، بێگومان له‌پاڵ چه‌ندین هۆكاری تر له‌وانه، شێوازی ژیان، كه‌مخه‌وی، جگه‌ره‌كێشان، جۆری خواردن و خواردنه‌وه. به پێچه‌وانه‌شه‌وه، ده‌رووندروستی و دڵخۆشی و هه‌ستكردن به كامه‌رانی و گه‌شبینی هۆكاری گرنگن بۆ به‌هێزكردنی سیسته‌می ڕێگرتن و یارمه‌تیده‌رن بۆ به‌هێزكردنی به‌رگری له‌ش دژ به كۆرۆناڤایروس و په‌تا و درمه جۆراوجۆره‌كان.
چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی نوی له‌سه‌ر شێوازی بیركردنه‌وه سه‌لماندویانه، ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی به شێوه‌ی نه‌رێنی ئه‌ڕواننه چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی ڕێژه‌ی چاكبونه‌وه‌یان كه‌متره، پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی به شێوه‌ی ئه‌رێنی ئه‌ڕواننه چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی.
زاڵبوون به‌سه‌ر ترس و دڵه‌ڕاوكێی و كۆرۆنا – فۆبیادا
چه‌نده كۆرۆناڤایروس هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ و مه‌ترسی گواستنه‌وه‌ی و بڵاوبونه‌وه‌ی خێرایه، ئه‌وه‌نده‌ش ترس و دڵه‌ڕاوكێی توشبوون به په‌تاكه و كۆرۆنا - فۆبیا هه‌ڕه‌شه‌یه و به‌خێرایی ده‌گوازرێته‌وه له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی تر و له‌وانه‌شه كارتێكردنی فاكته‌ری ده‌روونی په‌تاكه گه‌وره‌تربێت له كارتێكردنی په‌تاكه خۆی. هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه
توێژینه‌وه‌یه‌كی ئینستیوتی ماكس پلانك Max Planck له ئه‌ڵمانیا دریخستووه، چۆن په‌تا بڵاوئه‌بێته‌وه، ترس و دڵه‌ڕاوكێیش به‌هه‌مان شێوه ته‌شه‌نه ئه‌كات و له‌ناو خه‌ڵكدا بڵاوئه‌بێته‌وه. له ئه‌نجامی بینینی كه‌سانیتر له خه‌مباری و ناخۆشیدا چ كه‌سانی نزیكبن یان دوور، ستریسی هاوسۆزی ڕوو له زیادبوون ئه‌كات.
كاتێكێكیش له هه‌موو سوچێكی دوونیا خه‌ڵك له ترس و دڵه‌راوكێدابن، هه‌ڵبه‌ته كاردانه‌وه‌ی نه‌رێنی زۆری ئه‌بێت به‌سه‌ر هه‌ر تاكێكه‌وه. بۆیه زۆر پێویسته له هه‌وڵی ئه‌وه‌دابین كه كه‌سوكار و هاوڕێ و كه‌سانی ده‌وروبه‌ری خۆمان هێور و ئارام كه‌ینه‌وه. شتومه‌كی زیاد له پێویست كه‌ڵه‌كه نه‌كه‌ین و گه‌ر نیشانه‌ی نه‌خۆشی تیاماندا ده‌ركه‌وت نه‌چینه ده‌ره‌وه، یارمه‌تی دراوسێ و ده‌وروبه‌رمان بده‌ین، چونكه میهره‌بانی و چاكه‌ش ته‌شه‌نه ئه‌كات و بڵاوئه‌بێته‌وه بۆ ئه‌وانی تر.
بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ترس و دڵه‌ڕاوكێ و كۆرۆنا – فۆبیادا، ئه‌م ڕێنماییانه كه زۆربه‌ی پسپۆرانی بواری ده‌روونی كۆكن له‌سه‌ری پێویستن بهرچاوبگیرێن.
• بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری، پێویسته په‌ناببرێته به‌ر سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراو وه‌ك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ڕێكخراوی ته‌ندروست جیهانی و تابكرێت دوركه‌ویته‌وه له‌و سه‌رچاوانه‌ی جێی متمانهنین و هه‌واڵی بێ بنه‌ما بڵاوئه‌كه‌نه‌وه. به‌تایبه‌ت ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له‌ڕێی تۆڕه‌كانی سۆشیال میدیاوه ئه‌گوازرێنه‌وه.
• پێویسته پشوو بدرێت به مێشك، له‌ڕۆژێكدا ته‌نیا یه‌ك یان دوو جار گوێ له هه‌واڵه‌كان بگره و كات دیاریبكه بۆ گوێگرتن و سه‌یركردنی به‌رنامه‌ی جیاجیا له كه‌ناڵه ته‌له‌ڤیزیۆنه‌كان و بیروڕا له‌گه‌ڵ كه‌سانی تر له‌سه‌ر پرسه جیاجیاكاندا بگۆڕه‌وه.
• ئه‌وه بزانه، باشترین ڕێگا ئه‌وه‌یه، بیر و هۆشت به‌شێوه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤ بخه‌یته سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ی گرنگ و بایه‌خدارن له ژیانتدا، هه‌وڵبده گه‌شبین به، چونكه بۆ ئه‌م دۆخه‌كه نادیار و ئاڵۆزه، ڕه‌شبینی باری ده‌روونیت خراپتر ئه‌كات. له جیهاندا چه‌ندین قه‌یران و ئافات و كاره‌سات ڕوویاندا و به‌سه‌رچوون و ئه‌م ڤایرۆسه‌ش تێپه‌ڕئه‌بێت و بێگومان زانایان ڕێگای چاره‌سه‌ر ئه‌دۆزنه‌وه بۆی.
• گۆڕینی شێوازی نه‌رێنی له بیركردنه‌وه كه ئه‌بنه هۆی ترس و دڵه‌ڕاوكێ به شێوازێكی ئه‌رێنی و هه‌وڵبده شێوازی دیالۆگ له‌گه‌ڵ خۆتدا بگۆره، بۆنمونه؛ له‌كاتی به‌دیكردنی نیشانه‌ی نه‌خۆشی، له‌بری ئه‌وه‌ی بڵێیت: من نه‌خۆشم یان نه‌خۆشئه‌كه‌وم، ئه‌كرێت بڵێی: وادێته عه‌قڵم خه‌ریكه نه‌خۆشئه‌كه‌وم، واتا له‌مێشكی مندا واده‌رئه‌كه‌وێت و له ڕاستیدا خۆی وانیه.
• گرنگه په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رده‌وام بێت، له‌بارودۆخی ئێستای سنوورداركردنی هاتوچۆدا، ئه‌كرێت به‌ڕێگای ئینته‌رنێت و سۆشیال میدیا و ئه‌پلیكه‌یشنی مۆبایله‌وه بێت.
• ئامانجێك دانێ كه بتوانیت به‌ده‌ستی بینیت.
• هه‌وڵبده باش بخه‌ویت.
• گرنگی به جۆڵه‌ی جه‌سته و وه‌رزش بده. چونكه وه‌رزش چه‌نده سودی بۆ جه‌سته هه‌یه ئه‌وه‌نده‌ش بۆ باری ده‌روونی به‌تایبه‌تی به‌سوده بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی دڵه‌ڕاوكێ و خه‌موكی و سترێس.
• شێوازه‌كانی ئارامبوونه‌وه پێڕه‌و بكه، وه‌ك ته‌كنیكی هه‌ناسه‌دان، سه‌رنجدان و یۆگا.