چەند دیوێکی گەشی ئەم دۆخە
2020-04-05 14:26:50
د. کاروان حەمەساڵح
بەدەر لە زیانە جۆراوجۆرەکان; ئەم دۆخە نوێیەی جیهان بە هۆی ڤایروسی کۆرۆناوە کۆمەڵێک بەهای لەدەستچووی مرۆڤایەتی گێڕاوەتەوە یان بەرەوپێشی بردووە، وەهەروەها کۆمەڵێک فرسەتی بەخۆداچوونەوەی بەخشیوە بە سیستەمی بەڕێوەبردن لەووڵاتاندا;
لە هەموو جیهاندا کاری خۆبەخشی زۆر پەرەوپێش چووە و بە جۆرێک کە لە پێشتردا وێنەی نەبووە، بە تایبەت لە ووڵاتە سەرمایەدارەکاندا!
هاوکاری و بەدەمەوەچوونی خەڵکی بۆ یەکتر زۆر پەرەی سەندووە. لە ڕووی دارایی، توانا، بەخشینی کات. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئەم ڤایرۆسە “دابڕانی کۆمەڵایەتی- Social Distancing“ نیە، بەڵکو “دابڕانی جەستەییە- physical Distancing” ، لە هەمانکاتدا بەهێزبوونی گیانی مرۆڤایەتی و“لێکنزیکبوونەوەی کۆمەڵایەتی“ە.
ئەم نەخۆشیە، چەندین نەخۆشیی و دەردی لە سیستەمی ئابووری و سیاسیی و تەندروستی و هتد، ئاشکرا کرد کە پێشتر یان جێی بایەخ نەبوون، یان نەزانرابوون یان پەردەپۆشکرابوون!
هەر بۆیە زۆرینەوەی ووڵاتە پێشکەوتووەکان لە ئێستادا بەشێک لە هەوڵەکانیان بۆ جارێکیتر هەڵسەنگاندنەوەی ئەو بوارانە تەرخان دەکەن.
بۆ حکومەتی هەرێمیش کە هەمیشە دوخێکی سیاسیی و ئابوریی ناجێگیری هەیە و دەمێکە ووتومانە بەرگەی بچوکترین قەیران ناگرێت! فرسەتێکی باشە و ساتی ئەوەیە کە گەر بیانەوێت چاکسازیی ڕاستەقینە بکەن; سەرەتا دەبێت اعترافی جەریئانە بکەن و بڵێن; ئەوەی لە ڕابڕدوودا هەمان بووە نە حکومڕانیی بووە، نە سیستەمی دەوڵەتداریی، بەڵکو کارێکی ژمێریاریی و کەسابەتێکی نێوخۆیی و دەرەکیی!
لەسەر ئاستی تاکیش; وانەیەکی گەورەشە بۆ هەر یەکێکمان تا بزانین کە لەم ژیانەدا هەمووشت چاوەڕوانکراوە. ئەوەی لە هەموو مێژوودا ڕووی نەداوە لە ڕووی زیان و قەبارە و جۆری ڕووداوەکانەوە، دەکرێت لەزەمەنی من و تۆدا ڕووبدات. بۆیە گرنگە احتیاگاتی خراپترین ئەگەر بکەین (بەڵام بە بڕوابەخۆبونەوە، نەک ترسەوە)، لە ڕووی تەندروستی و داریی و ئابووری و ئیداریەوە.
لەگەڵ هیوای تەندروستیەکی پاش بۆ هەموو لایەک