ئایا زانست لەبەردەم ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستەپاچەیە؟
2020-03-25 12:02:15
د. ئارام رەفعەت
بۆ وەڵام ئەم پرسیارە با لێرەوە دەست پێبکەین کە تەمەنی کۆرۆنا ڤایرۆس (کۆڤید ١٩) تەنها سێ مانگە.
لەماوەی ئەم سێ مانگەدا، زانایان توانیوانە هەموو تایبەتمەندی و نهێنییەکانی ئەم ڤایرۆسە ئاشکرا بکەن، لەوانەش تایبەتمەندییە جێنەتیکییەکانی، قەبارە و شێوەی، خێزانی فایرۆسەکە، سەرچاوە و هەڵسوکەوتەکانی، ژینگە و گەشەکردنی، کاریگەری لەسەر تەمەن و جێندەر و کەسە جیاجیاکان و چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی، هتد،.
پێکهاتەی ڤایرۆسەکە
هەر لە هەفتەی یەکەمدا، زانا چینییەکان توانییان هەم شێوە و قەبارە و هەم پێکهاتەی جینەتیکی ئەم ڤایرۆسە ئاشکرابکەن هەم ژمارەی جینەکانی و هەم خێزانی ڤایرۆسەکە و هەم پێکهاتەی تری ڤایرۆسەکە. زانست ئەوەش دەزانێت کە ڤایرۆسی کۆرۆنا شێوەی تۆپێکی درکاوی هەیە. هەر دڕکێک لە دوو نیوەی بەیەکەوە لکاو پێکهاتوون. ڤایرۆسەکە کاتێک چالاک دەبێت کە دوو نیوەی دڕکەکە لەیەکتری دەترازێن و جیا دەبنەوە. ئەو دوو نیوە دڕکانە بەجۆرێک پرۆتینەوە دەلکێن کە پێی دەوترێت (ئەی سی ئی ٢) و ئەم پرۆتینەش لە خانەکانی پێستی مرۆڤدا هەن. هەرکاتێک دوو نیوە دڕکەکان بەپرۆتینەکەوە لکان بەهۆی ئەنزیمێکەوە کە لەجەستەی مرۆڤدا هەیە و پێی دەوترێ "فەرین" لەیەکتری جیادەبنەوە و ڤایرۆسەکە چالاک دەبێت و دەتوانێت بچێتە خانەی جەستەوە.
ژینگەی گەشەکردنی ڤایرۆسەکە
زانینی پێکهاتەی ڤایرۆسەکە یارمەتیدەری سەرەکی بوو بۆ زانینی مانەوەو و ژینگە و گەشەکردنی ڤایرۆسەکە و چٶنییەتی تێکشکاندنی ئەم ڤایرۆسە. زاناکان زانیویانە کە ئەم ڤایرۆسە لەدەرەوەی جەستەدا مانای نییە و ڤایرۆسەکە بەتەنییا و لەدەرەوەی جەستەدا ناتوانێت بژیت، بەڵام دەتوانێت لەسەر رووبەری جۆراوجۆر بۆ ماوەیەک بمێنێتەوە. بۆ نموونە توانای مانەوەی لەسەر ئاسن و پۆڵا و موقەبا و پلاستیکی هەیە و لەهەرکامێکیشیان بۆ ماوەی جۆراوجۆر دەمێنێتەوە. جگە لەوە، زاناکان وردەکاری مانەوەی ئەم ڤایرۆسەیان لە ژینگەی گەرم و ساردا وە هەروەها لەتەمەنی جۆراوجۆر و تەنانەت لە گروپی خوێنی جۆراوجۆریشدا ئاشکرا کردووە.
پۆلێنکردنی ڤایرۆسەکە
دۆزینەوەی پێکهاتەو ژمارەی جینەکانی ڤایرۆسەکە هاوکار بوو بۆ پۆلێنکردن و دۆزینەوەی خێزان و گروپی ڤایرۆسەکە کە بە خێزان یان گروپی کۆرۆنا ناسراوە. خێزانی کۆرۆنا پێشتر لە شەش ڤایرۆس پێکهاتبوو، کۆرۆنا ١٩ بوو بەحەوتەم ڤایرۆسی ئەم خێزانە. لەماوەی ١٠٠ ساڵی رابردوودا مرۆڤ لەگەڵ چوار لە گروپی خێزانی کۆرۆنا ئاشنان کە بریتین لە هەر یەک لە
OC43, HKU1, NL63, 229E
لەم ١٠٠ ساڵەدا بەئاستی جۆراوجۆر ئەم چوار جۆرە ڤایرۆسە مرۆڤی ئیزعاج کردووە بەڵام هیچیان وەک کۆرۆنا١٩ کوشندە نەبوون.
دوو گروپی تر لە ٣٠ ساڵی رابردوودا دەرکەوتوون. یەکەمییان سارس لە چین و دووەمیشیان ڤایرۆسی مێرس لە عەرەبستانی سەعودی. ئەم دوو جۆرە ڤایرۆسەی خێزانی کۆرۆنا لەهەر چوار ڤایرۆسەکەی پێشتر ناوم هێنان مەترسیدارتر بوون، بەڵام لەئاست کۆرۆنا١٩ کاریگەرییەکانییان لۆکاڵی بوو و سنووردار هەژمار دەکرێن.
دۆزینەوەی چارەسەر.
پێچەوانەی بانگەشەی دەستەپاچەی زانست، زاناکان و لەسایەی ئەم زانیارییانەی کەمن لەسەرەوە ئاماژەیەکی رووکەشیانەم پێداون توانیویانە زیانە گیانییەکانی ئەم ڤایرۆسە سنووردار بکەن، هەم لەرێگای دۆزینەوەی شیوازی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، لە شێوازی کوشتنی ڤایرۆسەکە لە جەستەدا و لە بڵاوکردنەوەی وشیارییەکی جیهانی لەم بوارەدا.
ئێستا جیهان وشیارییەکی گشتی دەربارەی ئەم ڤایرۆسە هەیە. هەر هەواڵ و پێشکەوتنێکی زانستی هەبێت، هەر هەمان رۆژ لەسەرتاسەری دوونیا دەزانرێت. مەگەر ئەمە جگە لەزانست چ شتێکی ترە ئەم کارەی کردبێت.
جگە لەوە، هەر زوو زانست لەرێگای زانینی جەنەتیک و پێکهاتە و سروشت و هەڵسوکەوتی ئەم ڤایرۆسە زانییان کە؛
رەنگە لە نێوان ٤٠٪ تا ٧٠٪ی خەلکی جیھان توشی ڤۆیرۆسی کۆڕۆنا بێن.
لە ٨٠ی ئەوانەی توشی کۆڕۆنا دێن لەماوەیەکی دیاریکراوی کورتدا بەتەواوی چاک دەبنەوە.
ئەو ٨٠٪یە چاک دەبنەوە بێ ئەوەێ ھیچ ڤاکسین (لوقاح) و چارەسەرییەک بەکار بینن.
ئەو ٨٠٪ کە چاک دەبنەوە تەنھا پێویستە لەسەرییان پابەندی رێنماییە زانستییە تەندروستییەکان بن.
ئەو لە ٢٠ی کە یەکسەر چاکنابنەوە،
ڕێژەیەکی کەمتر لە ٥٪ لەژێر مەترسی مەرگدا دەبن.
چاکبوونەوە بەرێژەی لەسەرووی ٩٥% لەخۆیەوە نەهاتووە، بەڵکو بەهۆی رێنماییە زانستی و پزیشکییەکانەوە بووە، هەر لە هاندان بۆ خواردنەوەی ئاوی گەرم لەکاتی توشبووندا تا شیوازی زیادکردنی بەرگری جەستە و بەهێزکردن و بەکارهێنانی هۆیەکانی هەناسەدان.
ئەوەی تا ئێستا زانست پێی نەگەییشتووە دۆزینەوەی ڤاکسینێکی دژە ڤایرۆسەکەیە. هۆکاری ئەمەش زیاتر بۆ رۆتینی ئیداری، ملنەدانی وڵاتان بۆ شان خستنە ژێر ئەمبارەوە، خێرایی تەشەنەکردنی ئەم ڤایرۆسە، کورتی ماوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە و لەهەمووشی گرنگتر مەترسی بوونی کاریگەری نەرێنی لاوەکی هەر دەرمان و ڤاکسینێک کە تازە دەدۆزرێتەوە. سەرەرای ئەوەش هەوڵەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەلایەک و هەوڵی وڵاتان بەجیا، لەوانەش یابان جێگای ئومێدن. ئەوەشمان لەبیر نەچێت ئەگەر ڤاکسین، دەرمان، جورعە یان هەرشتێکی تری دژە کۆرۆنا بدۆزرێتەوە ئەوا رەنگە تەنها بۆ ئەو لە ٢٠%ی توشبوان بەکاربهێنرێت کە مەترسییان لەسەرە یان نەخۆشی ترییان هەیە و وەک هەر نەخۆشییەکی تر، زانستی پزیشکی نایەتە ژێرباری بەکارهێنانی دەرمانەکە بۆ هەموو کەس، هەڵبەت بەشێکی بەهۆی کاریگەرییە لاوەکییەکان و بەشێکی تریشی بەهۆی پێویست نەبوونیەوە دەبێت.