Draw Media

نمایشی پەتای کۆرۆنا و.. سەرکردایەتیی سیستەمی نێودەوڵەتیی لە ئەمەریکاوە بۆ چیین

نمایشی پەتای کۆرۆنا و.. سەرکردایەتیی سیستەمی نێودەوڵەتیی لە ئەمەریکاوە بۆ چیین

2020-03-24 15:08:41


د. رزگار ئاغا

وینستۆن چەرچڵ, لە کاتی وەرگرتنی دکتۆرای فەخریی لە یاسا, لە زانکۆی هارڤارد, لە ٦ی سێپتێمبەری ١٩٤٣, وتارێکی مێژوویی پێشکەشکرد و, لە دوو توێی وتارەکەیدا, وتەیەکی بۆ هات, دواتر بوو بە ناونیشانێکی بەناوبانگ ئەویش: " نرخی شکۆمەندیی بریتییە لە بەرپرسیارێتیی"
وتارەکەی چەرچڵ, بۆ پێداگییرییکردنی سەرۆکی ئەمەریکا دیلانۆ رۆزەفۆڵت بوو, لە کۆتایی پێهێنانی دابڕانی ئەمەریکا و نەهێشتنی ئەو دوو دڵییەی ئەمەریکا, لە رووبەرووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی کە هتلەر ئەیکرد, بۆسەر سیستەمی جیهانیی کۆن و, بەو پێەش, کاتی بینیینیی رۆڵی زۆر گرنگتری ئەمەریکایە, بۆ هێنانە ئارای سیستەمێکی نێودەوڵەتیی نوێ, بۆ سەر ئەرزی واقیع. هەتا ٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٤١, ئەمەریکا لە جەنگی دووەمی جیهانیی تێوەنەگلابوو, بەڵام لە دوای ئەو بەروارەوە, ناچاربوو بەشداریی جەنگیی ئۆقیانووسی هێمن بکات, دوای ئەوەی ژاپۆن مووشەک بارانی (پێرڵ هاربۆر)ی کرد. هەتا ئەو کاتە, ئەمەریکا تەنیا سەرقاڵی مەشقپێکردنی سەربازە بەریتانیی و فەرەنساییەکان بوو.

مێژوونووسان, ئەو وتارەی چەرچڵ, بە داڕێژەرەوەی سیستەمی نێودەوڵەتیی ئێستا دائەنێن. لە گەرمەی جەنگی دووەمدا, چەرچل سەیرکرد, بەریتانیا چییتر, توانای هەڵگرتنی هەموو بەرپرسیارێتییەکی جیهانی نییە, وەک سەرکردەیەک لە سیستەمی جیهانی کۆن دا, بۆیە پێویستیی بە هاوبەشێک بوو, بۆ دارشتنەوەی پێکهێنانی سیستەمێکی نێودەوڵەتیی نوێ.

هەروەها مێژوونووسان, دەڵێن, هەر چەرچڵ بوو, کە رێ و شوێنی دامەزراندنی سیستەمێکی نەختیینەی نێودەوڵەتیی نوێی دامەزراند بۆ پارە, بە سەرپەرشتی سیستەمی بریتۆن وودەوە (Bretton Woods Agreement), کە ئاڵتوون بەهای سەرەکی دۆڵاری ئەمەریکایی بێت, دیزایینەری ئەم سیستەمەش, ئابوورییناسی بەریتانیی جۆن کیینز و, هاری وایت شارەزا لە وەزارەتی دارایی ئەمەریکایی بوون.

لەتەک سەرهەڵدانی کێشەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا, زۆرێک لە نووسیینە سیاسیی و ئابوورییەکان لە رۆژنامە ئەمەریکایی و, بەریتانیی و , ئاسیاییەکان , تیشک ئەخەنە سەر گرەوی گرتنە دەستی جڵەوی سەرکردایەتی سیستەمێکی نێودەوڵەتیی نوێ, لە لایەن چیین , یان مەگەر ئەمەریکا بتوانێـت بەردەوام ئەو سەرکردایەتییە بگرێـتێتەوە دەست. گرەوەکە, زۆر کورت خایەن و سنووردارکراوە, ئەویش بە تواناشکانی ئەمەریکا بەسەر ئەو پەتایەدا, نەک تەنها لە ناوخۆی ئەمەریکا, بەڵکو بۆ هەموو ولاتە تووشبووەکانی حیهان, کە بەرپرسیارێتیی خۆیەتی, وەک سەرکردەی تاقانەی سیستەمی نێودەوڵەتیی. ئەمە, لە کاتێکدایە, کە ئیتالیا زۆرترین بەرکەوتە و زەرەرمەندیی پەتاکەیە و, نە ئەمەریکا و نە یەکێتیی ئەوروپا ( کە ئیتالیا ئەندامە تیایدا) نەهاتوون بەدەم پێداویستییەکانییەوە, بەڵام چیین کۆمەکی لۆجیستی و پزیشکی و تیمی شارەزایانیشی ناردووە, نەک بۆ ئەوێ , بەلکو بۆ ئێران و شوێنی تر و, ئامادەیی خۆی پیشان داوە بۆ هەر ولاتێکی تریش کە توانایان نەشکێت بەسەر زاڵبووندا. هاوکات, چیین, زوو پیشانی دنیای دا, کە توانییویەتی بە ماوەیەکی زۆر کورت پەتاکە سنووردار بکات و, ژیان بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی جارانی. بەم نامەیە, چیین توانای زەبەلاحی خۆی و, زیاتر خەمخۆریی بۆ کێشەکانی جیهان, لە ئەمەریکا، پیشانی دونیا ئەدات, کە ئەوەی پێ ئەبەخشێت, شایانی ئەوەیە ببێتە سەرکردەی جیهان. ئەمە وەک جێبەجێکردنێکی وتە بەناوبانگەکەی چەرچڵ, شکۆمەندیی ئەدرێـت بۆ هەلگرتنی بەرپرسیارێتی.

رادەستکردنی سەرکردایەتی جیهان، لە سەردەستی چەرچڵ لە ئانوساتی جەنگی دووەمی جیهانیی بوو, بێگومان, ئەنجامە یەکلاییبووەکانی جەنگ، ئەو ئاسانکارییەی بەردەست خست هەتا ئەو رادەستکردنە بچێـتە سەر, بە مانایەکی تر، هۆکاری جەنگێکی گەورە، پاساوێک بوو بۆ لاسەنگ گردنی هێز لە سەر زەوی و ملکەچکردنی زلهێزەکانی وەک ئەلمانیا و رووسیا بۆ بەریتانیا و ئەمەریکا.

ئێستاش, کرژییەکی گەورە لە ناودایە, گرنگ نییە کام بەرە دەستی لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکەدایە, رەنگە هیچ لایەکیشیان نەبێت, بەلام سیماکانی ئەم پەتا جیهانگییرە, پاساو هەڵدەگرن, بۆ شەرێکی گەورە, کە سەرکردایەتی جیهانی تیادا رادەستی چیین بکرێـت, بەڵام ئەمجارەیان, لەسەر سەکۆی هەموو جیهانە , نەک تەنها ئەوروپا.

چیین, هەندێ لە وڵاتانی گرنگیی خستۆتە ناو پشتێن و رێگاکەیەوە, کە رێی خۆش کردووە بۆ سەرکردایەتییەکەی.

ئەمەریکا و بەریتانیا و هەندێ هاوپەیمانی ستراتییجیان, وەک وڵاتانی کەنداو و چەند وڵاتێکی تر نازانم کوێ بێت, لە سیستەمێکی دیارییکراودا, لەناو ,یان دەرەوەی ئەو سیستەمە نێودەولەتییە, بە سیاسەتێکی میانرەوانەی ئابووریی سنووردارەوە, ئەمێننەوە.
بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا هاتە دەرەوە, هەتا لەم رادەستکردنەدا نەچێتـە ژێر باری هییچ مل کەچ کردنێکەوە, لە لایەکی تریشەوە, خۆدزیینەوەیەکە لە بەرپرسیارێییتەکانی لە ئاستی یەکێتیی ئەوروپا.هەتا پاساو هەبێت بۆ ئیتالیا و وڵاتانی ئەوروپایی تر کە لە یەکێـتیی ئەوروپا بکشێنەوە و رەنگە دواداریش لە سیتسەمی نوێدا هەڵوەشێت. بەرتانیا, هەمان ئیشی هەبوو لە جەنگی دووەمدا, خۆی لە عوسبەتول ئوممەم دزییەوە, کە ئەبوو لە تەک ئەلمان و رووسیا و فەرەنسەدا سیستەمێک پێک بهێنن, بەلام تموحی زۆر زیاتر بوو کەوەک ئەندامێک لەتەک ئەوروپاییەکاندا بێت, لە تەک ئەمەریکادا خەریکی پێکهێنانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون بۆ سەرکردایەتیکردنی هەموو حیهان.

ئەمەریکاش, لە دەستپێکی ئەم پەتایەدا, وەک ئامادەسازییەک بۆ ئەم گۆڕانکارییە، سووپاکەی ئەفغانستانی جێ هێشت,لە نمایشێکی رواڵەتیی هاوپەیمانیی و گفتۆگۆوگدا, کە تەنها لە کاغەزی رەشکراوە زیاتر هییچی تر نابێت. وردە وردەش, پاشەکشەیە لە ناوچەکانی ناو شورای پشتێن و ڕێگا و, رێخۆشکردن بۆ بەرنامەی سەرکردایەتی چیین.

بەڵام ئایا, ئەم رادەستکردنەی ئەمجارە, رێزدارانە ئەبێـت وەک ئەوی پێشوو, یان دەستەویەخەبوون و وێرانکاریش لە نمایشەکەدا ئەبێت؟

رەنگە, شرۆڤە،بۆ ئەم سەرکردایەتی گۆریینە, ئەوە بێت کە چی تر ئەمەریکا و رۆژئاوا توانی ئیدارەدانی سەرکردایەتی نێودەوڵەتییان نەماوە و, ناتوانن کێشەکانی جیهانی سێ جڵەوگییر بکەن. ئەوروپا لە ژێر هەرەشەی تەوژمە ئایینی و نەتەوەییکاندایە و, ئەمریکا تەنها ئەم حەفتا ساڵە توانییویەتی ئەم هەژموونە بپارێزێت. دیموکراسی و دیموکراسی لیبراڵیی لە ولاتانەدا کە تۆکمەیە و, تەوژمە ئایینی و ئیسلامییەکانی وڵاتە کلیپتۆکراسییەکان, هەردووکیان هەرەشەن بۆ سەرکردایەتیەک, کە ئەمەریکا بتوانێـت چی تر پێی هەستێت. چیین و رووسیا, نزیکتریینن لە گۆڕەپانی تەنگژەکانەوە, چیین وەک سەرمایەداریی کۆمۆنیستیی کلیپتۆکراسیی و , رووسیاش وەک سەرمایەدارێکی نەتەوەیی کلیپتۆکراسی.

ئەمەریکا و رۆژئاوا, بە بەرنامە، خۆیان هاندەری گەورە بوون, لە برەو پێدانی تەکنۆلۆجی و بازرگانی چیین دا, خۆیان تەنها لە بانکداریی و, مێزەکانی سیاسەتدا بینییەوە. ئەوە جگە لەوەی, بانکە بەریتانی و ئەمەریکاییەکان و ئاژانسەکانی خانووبەرە خەریکی سپییکردنەوەی پارە پییسەکانی دزی و تاڵانچێتی کلیپتۆکراتەکانی رووسیا و, وڵاتە دیکتاتۆرەکانی تری دونیان. پشتیوانیی بەردەوامیان بۆ ئەم وڵاتانە, لە داخستنی ئاسۆکانی گۆرانکاریی و, خەمساردیی لە گوێزانەوەی دیموکراسیی بۆ جیهانی سێ, هەمووی رێ خۆشکردنی بەرنامەدار بوو, بۆ چیین و رووسیا, لە قۆناغێکدا ئەو بەپرسیارێتییە هەلبگرن.

چیین و رووسیا، تەنها پارەیان پێیە بۆ فریودانی هێنانە دیی شورای ( پشتین و ڕێگا) و کڵۆمی بدەن لەسەر مرۆڤایەتی. تەکنۆلۆجیا وپارە ئازادییەکانی دیموکراسیی راستەقیینە ناهێننەوە دیی بۆ ئەوروپاییەکان. چیین و رووسیا نەک ناتوانن, بەڵکو نیازیان نییە و دژە- دیموکراسیین, بۆیە ناتوانن, دونیایەکی باشتر،ئارامتر،جوانتر،کۆمەڵایەتیی تر ،پڕ متمانەتر پێشکەش بکەن. مرۆڤی سایەی دیموکراسیی, جوانتریین نموونەی پێکەوەژیان و ئارامییان هێنایەدیی, زۆرترینی کەلتوور و ئەدەب و هونەر و زانستیان پێشکەشی مرۆڤایەتیی کردووە, لە سایەی ئازادییەکانیانەوە,کە قولاییەکەی بۆ دە سەدە زیاتر ئەگەڕێتەوە.

پێ ناچێت, ئەوان بەو ئاسانییە زەرەمەند, ببن. رەنگە هەمان توانای ماددیی بەخۆیان نەبییننەوە, بەڵام زۆر درەنگ, دەستبەرداری بەها گرنگەکان ئەبن, کە زۆر قووڵە لە کەلتوور و تێروانیین و تەموحەکانیاندا بۆ ژیان. قوتابخانە هزری و هونەریی و فەلسەفییەکانیان, هەر چوست ئەبن, زانکۆکانیان زیاتر واڵا ئەبن, ئەمانە میراتی میللەتێکن درەنگ دەستبەرداری ئەبن.

با بزانیین, چی دەگوزەرێـت..؟!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand