کێ سنوورداریکرد ..؟!
2020-03-22 15:05:05
بەشدار عوسمان
بەڕاستی ڕووی دەوێ،٣٠ ساڵ داهاتی کۆمەڵگایەکی تەژی لە سامانی سروشتی و مرۆیت لەژێر دەستا بێ و دوایی کەمتر لە ٣٠ حاڵەتی نەخۆشی هاوارت لێهەڵسێ و بڵێی ( توانا سنووردارە !) بەجدی شەهامەتی دەوێ، ٣٠ ساڵە لەخاکی دەوڵەمەند بە ئاڵتونی رەش حکومڕان بوبیت و دوایی ١٠ رۆژ لەوەستانی بەشێک لەداهاتەکەی، بێیە سەر شاشە و بڵێی( داهات سفرە !)
کێ سنوورداریکرد ؟ بۆ سفرە ؟!
ئێوە سەرداری ئەو وڵاتە بوون بۆیە سنووردار بوو، هێندە لەخەمی چاودێریکردنی دەمی گەنجان و رۆژنامەنووسان بوون رەخنەیەکتان لێنەگرن،هێندە بیرتان بۆ ئەوە نەچوو چاودێری رەوشی نەخۆشخانەکان بکەن، هێندە لێپرسینەوەتان لە کەسانی ناڕازی بەو سیستەمە فاسیدە کرد، فریای ئەوە نەکەوتن لێپرسینەوە لەچوار دکتۆر بکەن و چاوپۆشی لەهەڵە و کەموکوڕییەکانیان نەکەن، هێندە لەخەمی رێکخستنی شانە و تۆڕەکانی جاسوسی بوون لەنێو ئەحزاب و میدیا و ماڵەکان، هێندە خەیاڵتان بۆ ئەوە نەچوو تۆڕێکی تەندورستی هاوچەرخ دورست بکەن، هێندە بێ شەرمانە خەریکی کڕینی خەڵک و بێدەنگردنیان بوون، بەوە رانەگەیشتن چوار ئامێری پێشکەوتووی پزیشکی بکڕن، هێندە ناشیرنانە زانکۆکانتان پڕکرد لەکادیری نەخوێندەواری حزبی، بیرتان بۆ ئەوە نەچوو سەد پسپۆڕ و کادیری لێکۆڵینەوە و توێژینەوە پێبگەیەنن بۆ رۆژێکی وەکو ئەمڕۆ، هێندە بێ باکانە ئەو کۆمەڵگایەتان کرد بە زیندانێکی گەورە، سوپایەک لە کەسانی بەتوانا و پسپۆڕ و شارەزا هەڵاتن و لەوڵاتیکیتر گیرسانەوە .
دەکرا توانای رووبەڕووبونەوەکان سەد هێندە زیاتر بوایە، دۆشدامان و تەسلیم بوون هەڵبژاردنی یەکەم نەبێت،ئەگەر کەرتی تەندورستی گشتیتان نەسپاردایە بە چەند بەرپرسێکی بازرگانی دەرمان و نەخۆشخانەی تایبەت، ئەگەر لەو داهاتە بێ شومارەی ئەو کۆمەڵگایە برایە دەرەوە ،دەیان نەخۆشخانەتان دوورست بکردایە .
دەزانن ئەو کۆمەڵگایە بۆ بێ ئیرادە بوو؟ تاکەکان بۆ وورد و خاش بوون؟ نەفسیەت و هێزی بەرەنگاری بۆ وا وێران بوو؟ چونکە لە قوتابخانە و شەقام و زانکۆ و میدیا کارتان لەسەر یەخسیرکردن و بێ ئیرادەکردنیان کرد. دەزانن بۆ خەڵک ناچێتەوە ماڵەوە رووبەڕووی ڤایرۆسەکان دەچێت،چونکە ماڵەکەی هێندە هەڵپڕوکاوە بەرگەی هەفتەیەک بێ ئیشی و کاسبی ناگرێت .
ئەمرۆش نەبێت،بەڵام دڵنیام رۆژێک دێ لەوە تێبگەن خوێنی ئەو گەنجانەی لەسەر شەقام دژی نەبوونی و نەداری ڕژا، خوێنیکی چەندە ئاڵ بوون. هاواری ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانەی بەرەو رووی ئەو جیاوازییە بەرز بوویەوە،هاوارێکی چەندە پیرۆز بوو،بەداخەوە بە گوڵڵەی ناو دەم وەڵامیان وەرگرتەوە .
بێ متمانەیتان لەوە تێپەڕیکردووە خەڵک بە لاوکەکانتان گریانی بێ،بچن داهاتی چەندین ساڵەی کەلەکەبووی ژێرزەمین و بانقەکانی ئەوروپا بهێننەوە، لەتوانادایە ئەو پەتا و نەخۆشی و کارەساتانە بەزیانی زۆر کەمتر بەسەر خەڵکدا تەواو بێت .