بەرپرسان جارێك وەك گاندی بن
2020-03-22 10:52:13
ئاسۆ حاجی
دەڵێن ژنەك منداڵەكی بردە لای مەهاتما گاندی و گوتی منداڵەكەم زۆر شەكر دەخوا،ئامۆژگاری بكە تا واز لەو خوە خراپە بهێنی،گاندی بە ژنەكەی گوت هەفتەیەكی دیكە وەرەوە،دوای هەفتەیەك ژنەكە چۆوە لای گاندی و ئەویش دەستی بە ئامۆژگاری منداڵەكە كرد و باسی زیانەكانی شەكر خواردنی بۆ كرد،كە تەواو بوو ژنەكە بە گاندی گوت بەڕێزم گە گوتت هەفتەیەكی دیكە منداڵەكەت بێنەوە وامزانی دەرمانێكی تایبەتی بۆ ئامادە دەكەی،خۆ دەكرا هەفتەی پێشوو ئەو ئامۆژگاریانەی كوڕەكەم بكەی و ئەو رێیە درێژە نەدەیەوە بەرە من و ئەو مەسروفەم پێ نەكەی،گاندی بە ئافرەتەكەی گوت بمبورە بەڵام هەفتەی رابردوو من بەخۆم شەكرم دەخوارد بۆیە ئەگەر بە كوڕەكەتم بگوتبا شەكر مەخۆ و خراپە ئەوە درۆم لەگەڵ خۆم و ئێوەش دەكرد،بەڵام لەو كاتەوە بڕیارم دا شەكر تەرك بكەم بۆ ئەوەی بە راستگۆیی زیانەكانی شەكر بە كوڕەكەت بڵێم و ئەویش پێم بڕوا بكات.
دیمەنەكانی چەند رۆژەی قەدەغەكردنی هاتوچۆ و هەڵسوكەوتی كاربەدەست و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئەو بەسەرهاتەی گاندی وەبیرهێنامەوە،دیمەنی ئاگركردنەوەی نەورۆز لەلایەن گەلە بەرپرسەوە و دیمەنی سەیرانی دوای دوازدەی شەوی خەڵك و رێ بەبەرنەكەووتن،جارێكی دیكە ئەو راستەقینەیەی سەلماندەوە كە خەڵك تا هەست بە راستگۆیی و دڵسۆزی دەسەڵاتداران نەكات باوەڕیان پێ ناكات،دەسەڵاتدارانیش ئەگەر بیانەوێ بریار و راسپاردە و رێنماییەكانیان لەلایەن خەڵكەوە پەسند بن و جێبەجێ بكرێن دەبی یەكەمجار خۆیان رێز لە خۆیان بڕیارەكانیان بگرن.
كە پارێزگارەكان و وەزیرەكان و ئەوەی هەندوكەك قسەی دەڕوا تەواو پێچەوانەی رێنماییەكان هەلسوكەوت بكا چۆن دەتوانی وا لە خەڵك بكا كە دۆخەكە ترسناكە و هەڕەشەی ڤایرۆسی كڕۆنا جدیە و نابێ لە رێنماییەكان لابدەین.
ئێستا باجی دەركەوتن لە ماڵ و سوڕانەوە لە ناو شار وەك ئیمتیازەك مامەڵەی لەگەڵ دەكرێ و هەرچی بەرپرسی سەربازی و سیاسی و ئیداری هەیە بە منداڵەوە ئەو باجەیان بۆ دروست كراوە و لە رێگای سێلفی و سناپەوە دەسەڵات و قسە رۆیشتنی خۆیان نیشانی خەڵك دەدەن،بە دڵی خۆیان ئەو سەر و ئەمسەری شار دەكەن.
ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو لە مامەڵەكردنی هاوڵاتیان لەگەڵ قەدەغەی هاتوچۆ كردیان رێك هەمان كاردانەوە بووە كە بەرپرسان لە بەرامبەر بڕیارەكە هەیان بووە.