نەورۆز تۆزێ بە گەورەیی
2020-03-21 11:11:49
پەیكار عوسمان
- جوانیی و جەژنیی نەورۆز، لە حیکایەتەکەی کاوەو زوحاكدا نیە، لەوەدانیە کە کامیان کوردەو کامیان فارسە، کامیان زاڵمەو کامیان مەزڵومە.. جوانیی و جەژنیی نەورۆز، لە ماناکەیدایە (ڕۆژی نوێ). کە تیایدا سروشت و ساڵ و ژیان، نوێ ئەبێتەوەو ئەمەش ڕووداوێکی هێندە گەورەو مانایەکی هێندە گرنگە، کە ئەگەر لە هەر ڕۆژێکا بەرجەستەببێ، ئەو ڕۆژە بەحەق شایستەی جەژن و بەرزڕاگرتنە، ئەگەرچی هیچ حیکایەتێکیشی لەپشتەوە نەبێت!
- یەعنی حیکایەتە گەورەکە (ژیانەوەو نوێبوونەوەیە) کە حیکایەتێکی ڕاستەقینەو فرێشی ئێستایە. نەك ئەو حیکایەتە بچوکەی دوێنێ، کە هەبێ و نەبێ شتێکی ئەوتۆ نیە!
عەقڵە گەورەکانیش نەورۆز لە مانا گەورەکەی ژیان و نوێبوونەوەدا ئەبینن. بەڵام عەقڵە بچوکەکان بەدوای ئەوەوەن کە کێ کوردەو کێ فارسە.
- ئەگەر زۆر خەمی کوردیشتە، گرنگە بزانیت کە کوردو هەر نەتەوەیەك، تەنیا بە تێگەیشتن لە مانای ژیانەوەو نوێبوونەوە، ئەگاتە شکۆو باڵایی خۆی، نەك بە مانەوە لە شەڕەشەقەکانی مەرگ و دوێنێدا.
- چیرۆکی مەرگدۆستی هەمیشە ڕووی لە دواوەیەو چیرۆکی ژیاندۆستی هەمیشە ڕووی لە پێشەوەیە. ئێمەش بۆئەوەی بگەینە پێشڕەفت و ژیاندۆستی، با سەرەتا لە خودی مانای نەورۆزەوە دەستپێبکەین و زۆر لەسەر چەکوش و هەژدیهاو ڕەهەندە ئەفسانەییەکە نەوەستین و زیاتر گرنگی بە ڕەهەندە گەردوونییەکەی نەورۆز بدەین کە نوێبوونەوەی سروشت و ژیانەو ڕاستییە!
- دین و زانست و فەلسەو عەقڵ و ئیستاتیکاو هەموو شتێك پێت ئەڵێ "ژیانەوە" شتێکی جوانەو ئەمە ناکۆکی لەسەر نیە. جا گرنگە لەوێوە لە نەورۆز بڕوانین و بەمەش کۆکیی و خۆشەویستی بەرهەمبهێنین. نەكئەوەی بچینەوە بۆ حیکایەتێك کە دوو نەتەوە لەسەر پاڵەوانەکەی ناکۆکبن و ڕقی پێ تازە بکەنەوە!
- تۆ زوحاك ئەکەی بە فارس و کاوە ئەکەی بە کورد، لەوێوە ئەتەوێ بڵێ ی من باڵام و ئەو نزمە. فارسیش ئەم نزمییە قبوڵ ناکاو عەکسی ئەکاتەوە.. جا لەبری ئەم ڕق و بەرزی و نزمییە، بۆ لە تەنیشت یەکاو لەمانایەکی تردا نەرورۆز نەکەین؟ لەبری ئەوەی نەورۆز لە دوێنێ و مەرگا هی یەکێکمان بێت، بۆ لە ژیان و ئێستادا هی هەموومان نەبێ، لەکاتێکا ماناکەی ئەوە هەڵئەگرێ و بەهارو نوێبوونەوەی سروشت، بۆ هەموومانە نەك بۆ یەکێکمان جیا لەویتر!
- کاوە فارسە، دەوڵەتی ماد ڕوخاوە.. ئەمانەو هیچ شتێكی تر، بیانوو نیە، بۆ دژایەتی و ڕەتکردنەوەی نەورۆز. چونکە نەورۆز پەیوەندی بە ژیانەوە هەیە. ژیانیش خۆی چیرۆکە گەورەکەیەو هەموو چیرۆکەکانی تر لە ژیان بچوکترن و ئەکەونە ناو ژیانەوە.
هیچ شتێك بیانوو نیە، بۆ دژایەتی و رەتکردنەوەی نەورۆز، چونکە نەورۆز پەیوەندی بە نوێبوونەوەوە هەیەو نوێبوونەوەش باشترین چیرۆکی ناو چیرۆکی ژیانە!
- وەکو کوردیش، هیچ شتێك بیانووی دژایەتی و ڕەتکردنەوەی نەورۆز نیە، چونکە تازە بەشێکە لە بوون و ناسنامەوەی ئێمەو ئێمەش ئەبێ شانازی بکەین، کە ناسنامەو کولتورو چەژنەکەی ئێمە، لەگەڵ مانایەکی گەورەی ئینسانیی و گەردوونییدا یەكئەگرێتەوە، کە ژیانەوەو نوێبوونەوەیە!
- دواجار کوردیش مرۆڤەو باشترین بەرگریش بەرامبەر دوژمنەکانی کوردو دوژمنەکانی مرۆڤ، چ جەیشی داگیرکەر، چ ڤایرۆسی کۆرۆنا، چ گەندەڵی، چ برسێتی.. ئەوەیە کە ئێمە ژیانمان خۆشبوێ، نوێبوونەوەمان خۆشبوێ، سروشتمان خۆشبوێ، یەکترمان خۆشبووێ.. ئەمەش بەوە ئەبێ، کە سەرەتا ڕق تەڵاقدەین و خودی خۆشەویستیمان خۆشبوێ!
- مەسەلەن لەئێستادا دوو بنەماڵەی مافیا، لەبری ئەوەی خزمەتی تۆ بکەن، جنێو بە یەکتر ئەدەن. چیرۆکی ڕقیان بۆ خستویتەتە بری چیرۆکی خزمەت!
چیرۆکی ڕقی سیاسی ئێمەش، ڕەگێکی مێژووی هەیەو لە شەستەکانەوەو لە جیلی یەکەمی جەلالی و مەلاییەوە درێژئەبێتەوە بۆ موعارەزەو دەسەڵات و دواتریش بۆ جیلێکی تری جەلالی و مەلایی.. کە چەقی سیاسەت لەم چیرۆکەدا، لەبری ئەوەی چاکەی گشتی بێت، ڕقی حیزبییە! ئەم تلیاکی ڕقەش هێندە کاریگەرە، هەرئەونەی کە تێوەگلایت و دەمارتی گیرکرد، ئیتر شەڕەکە ئەبێ بە شەڕی خۆت و بە نان و ئاوی خۆشت ئەکەیت و وای لێدێ ئیتر ئەوان پاڵی لێ ئەدەنەوەو تەنانەت ئالیکی شەڕەکەشت نادەنێ! هەر وەکئەوەی ساڵانی گرانییەکە، کە خەڵك نان نەبوو بیخوا، کەچی لەسەر پارتی و یەکێتی چاوی یەکیان دەرئەهێنا!
ئاگاداربە ئەوە چیرۆکی تۆنیەو وێڵیانکە با لەناو ڕقی خۆیاندا ئەونەی تر گەڕوگول ببن، مەچۆ شەڕەکەیانەوەو مەیەڵە گولیی ئەوانە لێت بدا، چونکە ئەوە لە کۆرۆنا خراپترە.
.
.