Draw Media

ھەرێم و بەغداد دوانەی ژانێک

ھەرێم و بەغداد دوانەی ژانێک

2020-03-16 12:01:50


گۆران عەلی کەریم
شیعەکانی عێراق سەرکەوتونەبون لە پشتیوانی کاندیدەکەی پێشیویان (محەمەد تۆفیق عەلاوی)، ئەمەش بوە زەنگێکی ئاگاداری بۆ ھێزە شیعەکان کە بوترێت تەبایی نێوانتان خراپ خراپترە، ئەو نارەزایەتیەی  لەشەقامدایە زۆربەی ناڕازیی خەڵکی شیعەیە لە رۆڵی حکومەت و لایەنەکانی خۆیان، چونکە باش دەزانن ئەوەی حکومڕانی عێراقە شیعەیە بەهاوبەشی ئەوانی تر، لەئێستاشدا شیعەکان بەشوێن کاندیدێکی نوێوەن، بەڵام میکانیزمەکەی ئەمجارەیان جیاوازە، لیژنەیەکی حەوت کەسیان لە ھێزە جیاوازەکانی شیعە پێکھێناوە بۆ بڕیاراردان لە دیاریکردنی کاندیدەکەیان. بەڵام بەوحاڵەشەوە هێشتا خاڵی نەبوونەتەوە لە شەحنەی حزبی و کێشە کۆنەکانی نێوانیاین.
پرسیارە گرنگەکە بۆ ئێمەی کورد ئەوەیە، ئایا ھێزە سیاسیەکان، دەیانەوێت هەر بەمیکانیزمە کۆنەکە مامەڵە لەگەڵ دۆخی تازە بکەن، یان ئەوانیش وەک نێوماڵی شیعە لەخراپ خراپترن. لەراستیدا دەمێکە باس لەوە دەکرێت پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کورد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد، دەستەی راوێژکاری بە پشتیوانی لایەنە سیاسییەکان، لەکەسانی پسپۆرو شایستە دروست بکەن، زۆرجار باسی ئەوە کراوە کە بۆ هەر هەنگاوێکی گرنگ پشت بە نوێنەرەکانی کورد لەبەغداد ببەسترێت و بەشداریان پێبکرێت، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی حزبگەرایی ئەوەشی حەپەلوش کردوە و ئەوەی کە گرنگی پێنادرێت نوێنەرانی کوردە لە بەغداد، ئەگەر دژایەتیشیان نەکرێت.
 ھەموو حیزبە سیاسیەکانی ھەرێم بەتایبەت حیزبە حکومڕانەکان ئەندام پەرلەمان و هەندێکیشیان  پۆستی وەزیری و بەرپرسیارێتی تریان لەبەغداد ھەیە، ئەمانە وەک نوینەری ھەرێم وان لەبەغداد کەپێویستە حیزبەکانیان ھێزی ئەوەیان بدەنێ کەھەندێک بڕیار لای ئەوان بێت، کەچی بەداخەوە نەک هەر لە کوردستان ئاراستە دەکرێن و ڕێگەیان پێنادرێ لەگەڵ واقعی روداوە سیاسیەکانی عێراق مامەڵە بکەن، تەنانەت هەندێک جار بۆ مەرامی حزبی و سیاسی بێدەنگیش دەکرێن و رێگەیان پێنادەن تێبینی و سەرنجەکانیان بۆ خەڵکی کوردستان بگوێزنەوە، ئەمەش وای کردوە لەژێر پەردەی کوردایەتی و یەک گوتاریدا، چەند گوتاری و تەنانەت دژ بەیەکیش بەرهەمبهێنرێت. 
ئەوەی لەئێستادا پێویستە کاری لەسەر بکرێت، دروستکردنی دەستەیەک( هەیئەتێکی) دانوستکارە، ئەم دەستەیەش لەکەسانی شارەزا پێکبھێنرێت ، نەک ئەوەی کێ لە سەرۆکی حیزبەوە نزیکە ، یان گوێرایەڵە و یان ئەمڕۆ بەسوتفە میوانی بوە و ناوی بچێتە لیستەوەکە، دیارە چۆن حزبی بوون نابیتە رێگر کە لەم دەستەیەدا بێت، ئەبێت ناحزبی بوونیش رێگر نەبێت تا کەسانی شارەزا لەم دەستەیەدا بوونیان هەبێت. کورد بۆ ئەوەی لە میزاجیەتی شەخسی و حزبی رزگاری بێت، پێویستی بەبەرچاو روونی سیاسی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغداد، پێوستە دوای رووداوەکان نەکەوێت و خوێندنەوەی پێشوەختی هەبێت و توانای جوڵاندنی پرسەکانی هەبێت، راستە ئێستا کورد بەگەمە سیاسییەکانی ئەتوانێت زۆر شت لەبەغداد تێکبدات، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەیتوانیوە، شتێکێک بینا بکات بەقازانجی هەرێم بێت، هەربۆیە ئەوەی خۆی تیابەسەر کەوتوو زانیوە، تێکدان بووە نەک دروستکردن و ئاراستە کردن، دیارە لەم گەمەیەشدا ئەوەی بەدەستیش هاتوە زیاتر بەقازانجی حیزبی پێوانە کراوە نەک پرسی نەتەوەیی، بۆیە ئارستەی حوکمرانی وسیاسی هەرێم و بەغداد،  لەزۆر شتدا لەیەک دەچن وەک دوانەیەکی یەک ژان، ئازارو خۆشیان تەواو تێکەڵ بووە، هەر هیچ نەبێت قوتیان وەک سفرەی یەک خێزانە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand