قەدەغەكردنی هاتووچۆ و سوودەكانی بۆ ژینگە
2020-03-15 19:54:58
مەعرووف مەجید*
بەپێی دواین ئامار لە هەرێمی كوردستان زیاد لە یەك ملیۆن و هەشت سەد هەزار ئۆتۆمبیل لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە تۆماركراون، جگە لەو ئۆتۆمبیلانەی رۆژانە لە شارەكانی تری عێراقەوە هاتوچۆی شارەكانی تری هەرێمی كوردستان دەكەن، وهەروەها جگە لەو ئۆتۆمبیلانەی كە بەبێ ژمارەن، جگە لە ئۆتۆمبیلی سەربازی و چەند شوێنێكی تر، ئەگەر دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بە شەش ملیۆن هاوڵاتی بخەمڵێنین، ئەوا نزیكەی بۆ نۆ هاوڵاتی پێنج ئۆتۆمبیلی بەردەكەوێـت بە تایبەتی ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو هەژدەساڵییەوەیە و مافی پێدانی مۆڵەتی شۆفێریان هەیە و دەتوانن بەكاری بهێنن.
بە داخەوە گەورەترین گرفتی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستاندا نەبوونی هۆكاری گواستنەوەی گشتییە لە ناو شارەكان و لە دەرەوەی شارەكاند، ئەگەر ئەو سیستەمە پەیڕەو بكرایە ئەوا رێژەی بەكارهێنانی ئۆتۆمبیلی تایبەت بە چەند هێندە كەم دەبویەوە.
لە دوای مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و تەشەنە نەكردنی لە هەرێمی كوردستان، یەكێك لە بڕیارە گرنگ و باشەكانی حكومەت بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بوو لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی پارێزگاكان، ئەویش بەمەبەستی هاتوچۆنەكردنی هاوڵاتیان بوو.
یەكێكی تر لە سوودەكانی ئەم بڕیارە، پاككبونەوەی شارەكان بوو لەپیسبوونی هەوا و سوتانی بەنزین لەلایەن ئۆتۆمبیلەكان و هەروەها سوتەمەنی موەلیدەكانی ناو بازار و شوێنە گشتییەكان.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست كەوتوون رۆژانە تەنها لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بە پارێزگا و قەزا و ناحییەكانەوە، زیاد لە هەشت ملیۆن لیتر تەنها بەنزین بۆ هۆكارەكانی هاتوچۆ بەكار دەهێنرێت، جگە لەو ئۆتۆمبیلانەی بە گاز كار دەكەن.
ئەم بڕیارەی حكومەت مایەی دەستخۆشییە بۆ ئەوەی ئەگەر بەشێوەی كاتیش بێت هۆكارێكی باشە بۆ ئەوەی هەوا و ژینگەی شارەكانی هەرێم بۆ ماوەیەك پشوو بدەن و لەدەست خراپەكارییەكانی مرۆڤ.
بەپێی توێژینەوە زانستییەكانیش، مەترسییەكانی زیادبوونی رێژەی گازی NO٢ هۆكارێكە بۆ تووشبوون بەشێرپەنجەی سییەكان و نەخۆشیەكانی دڵ و زیاد بوونی كێشە و نەخۆشیەكانی هەناسەدان بە تایبەتی لەمنداڵان و تووشبوانی ڕەبوو دا، زیادبوونی ڕێژەی سووتەمەنی و سوتانی بەنزین و زۆربوونی ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر لەعێراق و كوردستان دا كاریگەری لەسەر باری تەندروستی دەبێت. ، بە تایبەتی ئەو كەسانەی بەردەوام یاخود رۆژانە بۆ چەند كاتژمێرێك لە ناو ئەو جەنجاڵییەدا كار دەكەن، بە تایبەتی كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان و شۆفێران و كارمەندەكانی هاتوچۆ، هەروەها ئەو كەسانەی لە ناوچەی پیشەسازی كاری چاككردنی ئۆتۆمبیل دەكەن مەترسیان زیاتر لەسەر درووست دەبێت.
بەپێی لێكۆڵینەوە زانستییەكان پێویستە ئەو كەسانە بەردەوام دەمامك ببەستن هەروەها ئەو كەسانەی لە ناوچەی پیشەسازی كاردەكەن پێویستە دەستكێشن بكەن و منداڵان و كەسە بە تەمەنەكان نەچنە شوێنی قەرەباڵغی بە تایبەتی ئەو ناوچانەی زۆرترین ئۆتۆمبیلی پێدا هاتوچۆ دەكات.
بۆیە پێویستە حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ژینگە بیر لەوە بكەنەوە یا هۆكارەكانی گواستنەوەی گشتی گرنگی پێبدەن و خەڵكی پشتی پێببەستن، یا گرنگی بەهۆشیاری تاك بدرێت بۆ ئەوەی كەمترین كات ئۆتۆمبیل بە كاربهێنن، یا لایەنی كەم ساڵانە لە هەرێمی كوردستاندا رۆژێك دیاری بكرێت بۆ خامۆشكردنی ئۆتۆمبیلەكان بە تایبەتی ئەو بۆنانە لە چەند وڵاتێك بە شێوەی جیاواز ئەنجام دەدرێت، پێویستە زەوی زیاتر پشوو بدات لە دەست خراپەكارییەكانی مرۆڤ .
*سەرۆكی رێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە