کۆرۆناو هەنێ قسە (کۆرۆناو یەکسانی)
2020-03-15 18:06:40
پەیكار عوسمان
کۆرۆنا جیاوازی لەنێوان ئینسانەکاندا نەکردو هەموویانی خستە بەردەم یەك چارەنووس. باشترین بەرگریش، تێگەیشتنە لەوەی، کە ئێمەی مرۆڤ یەکین و ئەو جیاکارییانەی کە خۆمان دروستی ئەکەین و خۆمانی پێئەکەین بە هەزار پارچەوەو یەکتری لەسەر ئەکوژین و بە شتانێکی زۆر گەورەو بەهێزی ئەزانین، لەڕاستیدا هێزی ڤایرۆسێکیان نیەو لەبەردەم ڤایرۆسێکدا ئەبنەوە بە هیچ!
(کۆرۆناو ئەقڵ)
کۆرۆنا جارێکی تر پێ ی وتینەوە کە ئەقڵ بەدیلی نیەو چەنێك مەستی بەدیلەکانی بیرکردنەوەبیت و سواری هەر قیتارێکی گەمژەیی بووبیت، لە شوێنێکا هەر ئەبێ دابەزیت و هەر عەقڵی خۆت فریات ئەکەوێ، نەك ئەو شتانەی کە خستووتەتە بری عەقڵ و بیرکردنەوە. لە شوێنێکدا ئیتر هەموو حیکایەتەکان وەهمەو تەنیا عەقڵی خۆت ڕاستییەو هەر خۆت و خۆی ئەمێننەوە!
(کۆرۆناو زانست)
خۆی ئاشکرایەو کۆرۆناش جارێکی تر ئاشکرای کردەوە، کە زانست بەلاڕێدا براوەو فرە هیلاککراوە لە شەڕی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیاو سەرمایەدا.
سەیرکە زانست، لە کەرەستەکانی شەڕو پارەکۆکردنەوەدا، لە چ پێشکەوتن و دەوڵەمەندیەکدایەو بەرامبەر ڤایرۆسێكیش چەن دەستەوەستان و موفلیسە!
لێرەدا ئەبێ جارێکی تر ئەو پرسیارە بکەینەوە: ئایا زانست بۆ چی؟ بۆ شەڕو هەژموون و دەسەڵات و پارە، کە تا لێواری نەمانی بردوین؟ یان بۆ ئاشتی و ژیان و مانەوە؟
(کۆرۆناو ئەخلاق)
پرسیاری پێشوو، ئەمانباتەوە ناو پرسی ئەخلاق و ئایا عەقڵ بەرەڵایە، یان وابەستەیە؟
لەڕاستیدا عەقڵ وابەستەیەو کاتێ کە وابەستەی ویژدان و ناوەکییەکانی خۆتە، ئیتر ئازادەو کاتێکیش ناوەوە فەرامۆش ئەکاو وابەستەی دەرەکییەکانە، ئیتر بەرەڵایە!
فەرقی ئازادی و بەرەڵاییش هەر ئەوەیە کە، "ئازادی" بەئەخلاق و بەسودو ژیانبەخشەو "بەرەڵایی" بەدئەخلاقەو زیانبەخش و مەرگهێنە.
(کۆرۆناو ئایین)
کاتێ کە ئەڵێین عەقڵ وابەستەیە، لێرەدا پرسی ئایین دێتە گۆڕێ. ئایا پێویستە عەقڵ وابەستەی ئایین بێت؟
ئەگەر بڵێ ی بەڵێ، ئەوە هەڵوێستێکی ئایدۆلۆژییەو ئەگەر بشڵێ ی نەخێر، هەر هەڵوێستێکی ئایدۆلۆژییەو هیچیان وەڵامێکی مەوزوعیی و بەئینساف نین.
ڕاستی ئەوەیە کە دین نە هەموو شتەکەیە، نە هیچ و دەرەوەی بازنەکەشە! بەڵکو ویژدان و فیترەت و ناوەوەی خۆت ئەساسەکەیەو هەرشتێكی دەرەکی خزمەتی ئەوێ بکات، باشەو هەر شتێکی دەرەکی ببێتە جێگرەوەی ئەوێ، خراپە.
لێرەدا دینیش وەکو پەروەردەو فکرو ئایدۆلۆژیاو هەر شتێکی تر، دەرەکییەکە، کە ئەتوانێ سودی هەبێ و زەرەریش. پێغەمبەریش وتی من هاتووم مەکارمی ئەخلاق تەواوبکەم، نەیوت من هاتووم مەکارمی ئەخلاق بهێنم!
یەعنی مەکارمی ئەخلاق، شتگەلێکی ویژدانییەو لەناو خۆتدایەو بە فیترەت هەیەو بە عەقڵ دەرکی ئەکرێ و ئەشێ هەرشتێك بهێنیت بۆ خزمەتی ئەمە. بەڵام ناشێ هیچ شتێك بهێنیت بیخەیتە بری ئەوە!
مەسەلەن ئەکرێ نوێژ مەکارمی ئەخلاقت لا بەهێزبکات، بەڵام ناکرێ خودی نوێژت لێببێ بە مەکارمی ئەخلاق!
جا ئەگەر دین وەکو کۆمەکێکی دەرەکیی وەرگریت، ئەشێ تۆ ببیتە زانایەکی نوێژکەر، کە ڤاکسینی کۆرۆنا بدۆزیتەوەو خزمەتی مرۆڤایەتی بکەیت. ئەگەریش خودی نوێژت لێببێ بە ئەخلاق و بیخەیەتە بری ناوەکییەکەی خۆت، ئەوکات ئەشی ببی بە دەعبایەكی نوێژکەر، کە خۆت بە خەڵکا بتەقێنیتەوە!
(کۆرۆناو هەماهەنگی)
ئایدۆلۆژیاو سەرمایەو هەرچی هات، تۆی بردە دەرەوەی خۆت و لەناو گروپ و سیاقی تردا پێناسەی کردیتەوەو دایڕشتیتەوە. کۆرۆنا تۆی بردەوە ناو ماڵ و ناو تەنیایی و ناو خۆت. لە هەموو سیاق و پێناسەکان دەریهێنایت و وتی: دواجار تۆ هیچ نیت جگە لە "خۆت"!
ئەمەش خاڵێکی گرنگە، چونکە لەوێدا تۆ خۆت ئەناسی و خۆناسینیش خۆویستی بەدوادا دێ و خۆویستیش ژیانەو پێچەوانەی خۆپەرستییە کە مەرگە!
"خۆویستی" ئەوەیە، کە خۆت ئەناسی و تێئەگەی لەوەی، کە ئەویش هەر خۆتەو شتێکی ترنیە. لێرەوە هەماهەنگی و خۆشەویستی دروستئەبێ و هەمووان پێکەوە قەیرانەکان تێئەپەڕێنین.
بەڵام "خۆپەرستی" ئەوەیە کە خۆت لە شتی تری وەکو پارەو ئایدۆلۆژیادا ونئەکەیت و ئیتر خۆت ناناسیت و ناشزانی کە ئەویش هەر تۆیە. ئیتر ناشگەنەوە یەك.
مەسەلەن کاتێ تۆ بازاڕو کافتریاو مزگەوت چۆڵ ناکەی، یەعنی نێرگەلەو پارەو دین خۆتی لێسەندویتەتەوەو لە غیابی خۆشتا ناتوانی بە کەڵکی خۆت و ئەوانیتر بێیت.
خۆویستی ئەوەیە کە خۆتی تێدایت و لە خۆشتەوە لەو تێئەگەیت و هەستی پێئەکەیت!
خۆپەرستی ئەوەیە کە ئەسڵەن خۆتی تێدانیەو شتانێکی تر، خۆتێکی بەدیلت بۆ دروستئەکەن و ئیتر تۆ ئەو خۆتە عادییە ئەپەرستیت و لە غیابی خۆتە ئەسڵەکەشا ناتوانی وەکو پێوست مرڤ بیت، چونکە مرۆڤ ئەوەیە کە خۆتەو شتێکی ترنیە.
(کۆرۆناو ترس)
ترس هەستێکی ڕەسەنەو ئەگەر نەبووایەو بەشێك نەبووایە لە ئێمە، پرسی "مانەوە" نەئەبووە ئەولەویەت و دەمێکبوو ئینقرازمان کردبوو.
ئەو ترسەی ڕەسەنەو خۆی لەناوماندایە، وزەیەکی باش و پێویستە بۆ ژیان و بۆ مانەوەو بۆ داهێنان. بەڵام "ترساندن" و ئەو ترسە ناڕەسەنەی لە دەرەوە تێمان ئەکرێ، وزەیەکی سلبییەو خۆی خەتەرە لەسەر ژیان و ناتوانێ ژیانپارێزبێت!
مرۆڤ بە سروشت ترسێکی هەیەو بەو ترسەشەوە هێشتا هەر مرۆڤە. بەڵام کە بیترسێنی و ترسی تری تێبکەیت، ئیتر ئەشێ ببێتە وەحش!
مەسەلەن مرۆڤی بەترس، بەشی خۆی ئازوخە ئەخاو یارمەتی تۆشی لێئەدا. بەڵام مرۆڤی ترسێنراو بەشەکەی تۆش ئەپێچێتەوەو گسکێ لە بازاڕ ئەدا. جا مەیترسێنە بۆ خۆت باشترە.
(کۆرۆناو عەدالەت)
کۆرۆنا هەموو شتی کرد بەس عەدالەتی نەچەسپاند. ئاخر ئەوە عەدالەت نیە، پیرێك کە هەشتا ساڵ ژیاوەو مناڵێك کە هەشت مانگە، وەکو یەك بمرن! ئاخر دەوڵەمەنێك کە ساردو گەرمی ڕۆژگاری نەدیوەو فەقیرێك کە هەموو تەمەنی نەگبەتی بووە، عەدالەت نیە وەکو یەك بکۆکن! ئاخر ئەوە عەدالەت نیە، خەڵکی کەنەدا بە پارەو کارەباو ئاوو هەموو پێداویستییەکانەوە کەرەنتینە بکرێن و خەڵکی خۆشمان بە هیچەوە کەرەنتینە بکرێ!
لەڕاستیدا ئەم دنیایە، تەنانەت مردن و نەخۆشییش ناتوانن تیایدا عادل بن، بۆیە دین هەبێ و نەبێ، بوونی دنیایەکی تر، پێویستییەکی عادلانەیە.
(کۆرۆناو بەرپرسیارێتی)
ڕێزی ژیان بەوە ئەگیرێ، کە بەشەکەی خۆت لە شەڕ کۆتایی پێبێنیت. ئەگەر ناتوانی هۆشیاربیتەوەو بەیەکجاریی کۆتایی پێبێنی، هیچنەبێ بەشێوەیەکی کاتی بیوەستێنە!
شەڕکردن لەگەڵ دین، شەڕکردن لەگەڵ ئیلحاد، شەڕکردن لەگەڵ ناسیۆنالیزم، شەڕکردن لەگەڵ سەرمایەداری، شەڕکردن لەگەڵ دەسەڵات، شەڕکردن لەگەڵ موعارەزە، شەڕی حیزبایەتی، شەڕی کوتلەبازی، شەڕی شارچێتی..
هەموومان شەڕێك و عوقدەیەك و ڕقێکی لەم بابەتەمان هەیە، کە کردومانە بە ژیان و بەوەش ژیان خۆیمان کردوە بە هیچ و بە شتێکی بێ نرخ!
بێشعوریی ئەوەیە، لەم کاتەدا هەستیارەدا، هەڵوەستەیەكی گەورانە نەکەیت و هێشتا گرگنانە هەر خەریکی شەڕە بچوکەکەی خۆتبی و کۆرۆناش بخەیتەوە خزمەتی عوقدەکەت و لەوێوە تەفسیری بکەیت!
لێرەدا سوپاس بۆ دوکتۆرو کارمەندانی تەندروستی، کە تەنیا خەریکی پاراستنی ژیان و شەڕکردن لەگەڵ کۆرۆنان و جگە لەمە خەریکی هیچ شەڕێکی تر نین.