جیهان لەژێر هەژمونی کۆرۆنادا
2020-03-15 12:09:43
عومەر عەلی محەمەد
لە ساڵی ۲۰۱٦دا کاتێک چۆمسکی کتێبی( کێ حوکمی جیهان دەکات)ی بڵاو کردەوە گومان دەخاتە سەر ئەوەی کە ئەمریکا بتوانێت ئەو ڕۆڵە ببینێت, بەهۆی کۆمەڵێک خاڵی لاواز کە لە ئەو زلهێزەجیهانیەدا رویداوە .لەهەمان کاتدا باس لە سەرهەڵدانی چین دەکات وەک هێزێکی ئابوری جیهانی ,کە توانای کۆنترۆڵکردنی جیهانی هەیە بە درێژایی مێژوو زلهێزە گەورەکان لە هەوڵی ئەوەدابون کە وەک هێزێکی ئابوری سیاسی کۆنترۆڵی جیهان بکەن, بۆ ئەم مەبەستەش سەدان جەنگیان دروست کردوەو دەیان ملیۆن مرۆڤیان کردۆتە قوربانی, هەتا ئەم کاتەش ئەو خەونانە هەر درێژەیان هەبوە, بەڵام هۆکارەکان گۆراون لەگەڵ پێشکەوتنی زانست ئەم ململانێیانە توندترو وێرانکەرو دڕندانە تر بون, چونکە لە پێناو سەرکەوتن لەو ململانێیانەدا جۆرەها چەکی لەناوبەری وەک ئەتۆمی و وێرانکەرو بۆمبی فسفۆری و لەم دوایانەشدە لێزەریان بەکارهێناوە بۆلەناوبردنی یەکتر ,هەر وڵاتێکی جیهان کەتوانای هەبوبێت هەوڵ دروستکردنی چەکی کۆکوژی داوە ئەوەش یان بۆبەرگری یان بۆهێرش بردن .
بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێت لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەمو تیۆرو دیدە ستراتیجی و سەربازیەکانی هەڵگێرایەوەو جیهان کەوتە دۆخێکەوە کەنە هیچ دەزگایەکی لێکۆڵینەوەی ستراتیجی پێشبینی کردبو, نەهیچ زلهێزێکی جیهانی خۆی بۆ ئامادەکردبو بۆبەرەو روبونەوەی ,ئەوان دوژمنێکی وەهمیان لەپێش چاو دانابو کە خاوەنی سوپایەکی بەهێزەو چەکی ئەتۆمی هەیە ..... هتد
بەڵام ئێستا ئەو هێزە تازەیەی کە هاتۆتە سەرزەوی هیچ لەمانەی نیە ڤایرۆسێکی بچوکە بە وردبینی ئاسایی نابینرێت ,لەهیچ چەکێکی کۆکوژو ناوکی ناگەڕێتەوەو سوپا زەبەلاحەکانیان ناتوانێت پاشەکشەی پێ بکات. لە ئێستادا هەردو زلهێزەگەورە جیهانیەکەی خستۆتە حاڵەتی باری نائاسایی و سەرۆکی ئەمریکای ناچارکرد باری نائاسایی رابگەینێت و بری ۵۰ ملیار دۆلار تەرخان بکات و واشی لێ بکات کەبا هەمو ئەمریکیەکان ڕۆژی یەک شەممە رو لەخوا بکەن هەتا لەم بەڵایە بیان پارێزێت .چینیەکانیش پێم وایە لە دۆخێکی دەرونی خراپدان چونکە ئەوانیش گەیشتونە ئەوراستیەی کە ئەم هێزە نادیارە نوێیە بەچەکی تەقلیدی لە ناو ناچێت, بەڵام کتێبەکانی ماوتسی تۆنگیش نزایەکی وای تیانیە بەکەڵکی ئەم دۆخە بێت. ئەورپیەکانیش ئێستا لە خراپترین دۆخدان چونکە بارە ئابوریەکەیان هەرگیز بەرگەی دۆخی کەرەنتینە ناگرێت و ئابوریەکەیان هەرەس دەکات. بەپێی بۆچونی پسپۆرانی ئابوریش قەیرانێکی دارایی بەهێز رودەکاتە جیها ن و ڕۆژئاواو ئابوری سەرمایەداری گەورەترین زیانی توش دەبێت. لەلایەکی ترەوە ئەم قەیرانە کاریگەری لە سەر بازاری نەوتیش دروست کردوە و رۆژ بەڕۆژ دابەزینی زیاتر بەخۆوە دەبینێت کە بەمەش ئابوری جیهانی توشی زیانی گەورە دەکات, لێرەدا بە ئاشکرا دەبینین کەکێ هەژمونی بەسەر جیهاندا دەکات و چۆن لە ئاستێکی باڵاوە زلهێزەکان دەجوڵێنێ و چۆن ترسی خستۆتە دڵی هەمویانەوە? بەم شێوەیە ئەو گروپەی کە حوکمی جیهانیان کەوتە دەست بەهۆی نەبونی بەهای مرۆیی تیایاندا مرۆڤایەتیان توشی گەورەترین نەهامەتی و قەیرانکرد .جاران وایان دەزانی ئەوان خوای سەرزەوین و هەر ئەوان مردن و ژیانی مرۆڤەکان دیاری دەکەن و کەسێکی وەک نیتشەش بانگەشەی مردنی خوای دەکرد. بەڵام ئێستا ڤایرۆسێکی بچوکی وەک کۆرۆنا جارێکیتر مرۆڤی بە ئاگا هێنایەوەو پێی وت ئەی مرۆڤ خۆت بناسە بزانە تۆچیت ودەسەڵاتەکانت هەتا کوێ بردەکەن و دەبێت لە خاڵێکدا بوەستیت.