Draw Media

مرۆڤی پێش و پاش کۆرۆنا

مرۆڤی پێش و پاش کۆرۆنا

2020-03-15 11:18:24


دانا هەڵەبجەیی
 
دید و ڕوانگەی مرۆڤ بۆ دونیا و دواڕۆژ، کارەکتەر و کەسایەتی خەڵک لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی  پاش جەنگی جیهانیی یەکەمدا گۆڕانێکی ڕیشەیی بەخۆیەوە بینەوە.
خەڵک، ڕەشۆک، گەل و میللەتان تا سەرەتای سەدەی بیستەم، نەک ئاکتیڤ نەبوون، بەڵکو لەلایەن دەسەڵاتدارانی خێڵ و ئایین و میر و پاشا و سوڵتانەکانان وەک میگەڵ و کۆیلە و ڕانەمەڕ بەڕێوە ئەبران و هەمیشە وەک کۆمەڵێکی پاسیڤ هەژمار ئەکران لە جوڵە و گۆڕانکارییە ناوخۆیی و هەرێمی و نێونەتەوەییەکاندا.
کۆشتارگەلی جەنگی جیهانیی یەکەم و گۆڕینی نەخشەی وڵاتان و دەسەڵاتداران، هۆش و دیدی خەڵکی گۆڕی و بە کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمیش، ئیدی قۆناغی ڕزگاریی میللەتان لە سەرتاسەری جیهان تەشەنەی سەند و دەیان و سەدان ڕژێمی سیاسی و ئابووری وڵاتان گۆڕانی بەسەردا هات.
تا ئەو کاتەی کە سیستەمی نوێ جیهان و جیهانگیری پایەکانی خۆی لە سەرەتاکانی سەدەی بیست ویەکەم، داکوتا و مرۆڤایەتی و سیستەمی بەڕیوەبردنەکەی کەوتە قۆناغێکی نوی و سەمەرە، خەڵکێکی زۆر جیاوازی خوڵقاند کە لە مرۆڤاکانی پێش خۆی، جیاواز، نامۆ و جودا بوون.
مرۆڤێکی ئازاد و ئازا، ڕامنەکراو، چاوقایم و چاوکرراوە، پشت بەستوو بە تواناکانی تاکی خۆی، سنوور بەزێن، خۆ بە هاوڵاتی زەوەی زان، تا خۆ نەبەستنەوە بە جوگرافییایەکی تەسک و نەتەوە و ئایینێکی دیاریکراو، مرۆڤێک کە خۆی ڕەها و ڕووتکردوەتەوە لە هەموو بۆماوە و فەرهەنگە داسەپاو و ترادیسۆنەکانی سەردەمانی کۆن، مرۆڤێک کە لەیڤڵی ژیان و گوزەرانی تاکەکەسی خۆی ئەکاتە پێوەر بۆ هەڵسانگاندنی ڕژێم و سیستەم و وڵاتەکەی.
بەڵام لە سەرێکی دیکەوە ئەم شیوازە نوێیەی جیهانگیری و سۆسیال میدیا کە بەرۆکی ژیانی خەڵکی گرتووە و لە هیچ ساتێکی ژیانی ڕۆژانەیدا بەری نادات، سەدان نەخۆشی و دەرد و گیرۆدەیی بۆ خەڵک بە دیاری هێناوە، کە ئاستەمە بە ئاسانی لە کۆڵیان بێتەوە.
کوردیش دوای گەڵابەسەرانی ڕاپەڕین و برسییەتی و سەفەربەلکی پاش ڕاپەڕین، شەڕی یەکترکوژیی پارتی و یەکێتی، پاشان فەرهودەکەی دوای ڕوخاندنی سەددام، و بە لێشاو پارەڕژانی بودجەی بەغدا و بڕین و دەغیلاندنی موچە و دزی و فزیی شەڕی داعش و لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان، هەمووی هۆکاری گۆڕانکاری گەورە بوون لە خوڵقاندنی تاک و خەڵکێکی  سەیر وجیاواز و نامۆ،،،،.
هاتنی ئافاتی ئەم کۆرۆنایەش، بیر و هزری زۆربەی تاک و خەڵک و دەسڵاتدار ئەگۆڕێت، ئیتر بە ئاسۆیی بێت یا ئەستوونی.
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە مرۆڤە چاوبرسی و چڵێسەکان، دەمارگیر و گیرفانگیرەکان، خەیاڵپڵاوەکانی سەدەکانی جاهیلییەت، خاوەن ڕق و کینەی جەنگیزخانەکان، خۆبەزل و لووتبەرزان، هەڵپەچی و ساختەچییان، ناپاک و ناڕەسەنەکان، کۆیلەکانی ئایدیۆلۆژی وئایدیا ئاسمانی و ڕێسمانییەکانی و خێڵ و گروپەکانی دەسەڵات، لە کەلەی شەیتان بێنە خوارەو و تەماشایەکی خۆیان و دەور و بەریان بکەن کە لە چ ڕۆژێکدان.
ئەم کۆرۆنایە پەیامێکی بۆ مرۆڤایەتی پێیە؛ هەمووتان وەک یەکن بۆ من ئەی مرۆڤ، نە گیرفانتان نە هزرتان نە پێگەتان گرنگ نییە بۆ من. ئەویش مەرگە، هەرچەند مەرگ لەگەڵ ژیاندا پێکەوە هاتوونەتە دونیا، کەچی مرۆڤ بە تەنیا ژیانەکەی ئەبینێت.
ئایا ئێستا کاتی ئەوە نەهاتووە لەوە تێبگەین کە؛ بۆ هەموو دانیشتوانی سەر گۆی زەوی، ژیان و مەرگ بێ جیاوازی یەکێکە؟. بێگومان مانا قوڵە فەلسەفییەکەی ئەڵێم نەک، سادەدیدانە بۆی بڕوانرێت.
ئێستا کاتی ئەوە نەگەیشتووە کە ئەم هەموو دڵئازاری و ناکۆکی و کینە و یەکترسڕینەوە و جەنگ و کوشتارە، هیچ مانایەکی تازەی پێ نەبەخشیوین، جگە لەوەی لە یاسای سروشت و جوانییەکانی گەردون ناپاکیمان کردووە.
مرۆڤ هەر وەک سروشت بەردەوام ئەبێت کە جوانیی و یاسا گەردوونییەکی پێشێل نەکات، هەر بۆیە ئەگەر وەک بەهار و درخت و گوڵ و باران و ئاسمان و خاک، پاک نەبێت، بە گەردیلەیەکی بەکتریای وەک کۆرۆنا وێران ئەبێت، ئیتر مرۆڤی پاش کۆرۆنا ئەبێت مرۆڤێکی جودا لە سەردەمی پێش کۆرۆنا بێت، ئەگینا سروشت پێی هەرس ناکرێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand