كرۆنای دوای گوتارەکەی بارزانی
2020-03-14 19:36:54
ئاسۆ حاجی
حکومەتی کوردستان بە بەراورد نەک بە حکومەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو بە بەراورد بە حکومەتە پێشکەوتووەکانی دونیا هەنگاوی خێراتر و باشتری هاویشتووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کڕۆنا تا ئەو رادەیەی کە نەیاران بەر لە یاران ئەو گەواهیە دەدەن و بە روونی بە بۆچوونی کوردانی ئەوروپا ئەو فاکتە دیارە.
کە حکومەت دەرفەت و کەلێنێکی بۆ رەخنە و گلەیی خەڵک نەهێشتۆتەوە بگرە ئەوجارەیان رەخنەکان پێچەوانەن و زیاتر روویان لە هەڵسوکەوت و عەقلیەتی بەشێک لە خەڵکە لە چۆنیەتی بەرخوردکردنیان لەگەڵ رێنماییەکان و چۆنیەتی خۆپاراستن لەو دەردە کوشندەیە کە جیهان پێیەوە دەناڵێنێ.
دوای گوتارەکەی مەسرور بارزانی کە زۆر بە راشکاوی و بە روونی ئەوەی پێویست بوو بە خەڵکی کوردستانی گوت و بێ پێچ و پەنا رایگەیاند کە رۆژانی دادێ سەختتر دەبن لەوانەی بەڕێمان کردوون،بۆیە تاکە رێگا و باشترین رێگا پێگیری خەڵکە بە رێنماییەکانی خۆپاراستن،ئەوەش پێویست دەکات حکومەت درێغی لێناکات.
پازدان بەسەر ئەو هەموو خاڵە ئەرێنیانە و تەنها نیشانەگرتن لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی کە باسی دواکەوتنی دابەشکردنی موچەی پێشمەرگە دەکات،بە ئامانجی هێرش کردنە سەر حکومەت و شەخسی سەرۆکی حکومەت لە وەدیارخستنی کێماسی لە فکر و هەبوونی گرێی دەروونی و هەناو رەشی زیاتر نیە،بڵاوکردنەوەی بێ ئومێدی و کارکردن بە ئاراستەی شکاندنی ورەی مرۆڤەکان باشترین هاوکاری و زەمینەسازیە بۆ ڤایرۆسی کڕۆنا کە باشتر بگوازرێتەوە و مرۆڤەکان بکاتە قوربانی،ئەو کەسانە جیاوازیان لەگەڵ کڕۆنا تەنها ئەوەیە کڕۆنا بەبێدەنگی و ئەوانیش بە دەنگەدەنگ و گۆتەگۆت ئامانجیان لەناوبردن و تێکدانە.
بێگومان دواخستنی موچەی پێشمەرگە یان هەر توؽژێکی دیکە کارێکی باش و جێی دەستخۆشی نیە بەڵام کاتێک کار دەگاتە سەر موچە یان سەلامەتی ژیانی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی بانکەکان بێگومان مرۆڤی عاقڵ و ویژدان زیندوو گیان و سەلامەتی پێشمەرگە و کەسوکاریان و کۆمەڵگای لا گرنگتر و لەپێشترە.
ئەوانەی موچەی پێشمەرگە دەکەنە بەهانە بۆ لێدان لە کەس و کارە سەرکەوتووەکان درێژکراوەی هەمان کەسایەتی و عەقڵیەتن کە پشتی پێشمەرگەیان بۆ دوژمن چۆلکر و بە درێژایی ساڵانی رابردوو دژی هەبوونی پێشمەرگە بوونە و بە میلیشیا و چەتە و خراپتریش ناوزەدیان کردوون.
حکومەت لە کارەکانی بەردەوام دەبێ و پێشمەرگەش سەربەرزانە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن لە خەلک و خاکی کوردستان دەمێنێتەوە و کابینەکەی مەسرور بارزانی ژیان و سەلامەتی پێشمەرگە بە قوربانی چەند کەسێکی هەناو رەش ناکات کە مەبەستیان تێکدانی ئەو ئەزموونەیە کە بەخوێنی هەزاران هەزار پێشمەرگە بنیاتنراوە.