Draw Media

چله‌ كێشی  و ئاكار 

چله‌ كێشی  و ئاكار 

2020-03-14 06:57:23


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 
نازانم به‌ یانی چی ده‌گوزه‌رێت ، به‌ڵام سور ده‌زانم مرۆڤایه‌تی ئه‌م دۆخه‌ش تێده‌په‌ڕێنن ، كۆرۆنا كۆتای دێت ، به‌ڵام دوای ئه‌و چی تر ، له‌ راستیدا ئه‌م سیستمه‌ بێ‌ ئاكاره‌ جیهانیه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ خۆی پیرو كه‌له‌لا بووه‌ ، زه‌ویشی به‌ ده‌ردی خۆی بردووه‌ ، سوتانی دارستانه‌كان ، زیادبوونی دوانه‌ ئۆكسیدی كاربۆن، مه‌ترسی كه‌مبوونی ئۆكسجین ، توانه‌وه‌ی به‌سته‌ڵه‌كه‌كان ، چاره‌سه‌ر نه‌كردنی درزه‌كه‌ی ئۆزۆن و هتد ئه‌مانه‌ هه‌موو به‌شێكن له‌و شێواویه‌ی دنیا ، به‌ڵام كۆمپانیاكانی نه‌وت و كارخانه‌كان  هه‌ر له‌ كاردان ، كوردستان په‌یتا په‌یتا داوای چوو نه‌ماڵه‌وه‌و چله‌ كێشی له‌ خه‌ڵك ده‌كات ، به‌ڵام نه‌پاره‌ی ته‌رخان كردووه‌ بۆ به‌ گژاچوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌و باری له‌ ناكاو نه‌توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت رێگری له‌ گرانبوونی پیازیش بكات نه‌ك شتی تر ،داوای چله‌ كێشی له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن ، به‌ڵام ناڵێن ئه‌ی خه‌ڵك چۆن بژێت ، كه‌سێك كه‌ موچه‌یه‌ك زیاتر نیه‌و قورسای خێزان و خانه‌واده‌ی له‌ سه‌ره‌ ، كه‌سێك به‌ كرێكاری ده‌ژێت ، هه‌یه‌ عه‌ره‌بانه‌یه‌كی هه‌یه‌و هیچی تر ، ئه‌رێ‌ رێ‌ و شوێنه‌كان چین ، چله‌ كێشی به‌ چ شێوه‌یه‌ك ، ئه‌وه‌تا له‌ ئه‌مه‌ریكا تره‌مپ 50 ملیار دۆلار بۆ به‌ گژا چوونه‌وه‌ی كۆرۆناو له‌ كه‌نه‌دا ده‌ملیار بۆ هه‌مان مه‌به‌ست ته‌رخان ده‌كرێت بێ‌ ئه‌وه‌ی موچه‌ دوا بكه‌وێت ، یان خه‌ڵك بخرێته‌ دۆخێكه‌وه‌ كه‌ نه‌زانێ‌ چۆن بژێت .
ئێمه‌ له‌ پێناوی مرۆڤایه‌تیدا له‌ پێناوی ژیان و ئاینده‌دا له‌ پێناو مناڵه‌كان و نه‌خۆشه‌كان و خۆشه‌ویستان و ئازیزانی یه‌كتردا چله‌ كێشی ده‌كه‌ین ، ده‌توانین چل رۆژ له‌ خه‌ڵوه‌تی رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كۆرۆنادا بین ، به‌ڵام ئه‌ركی حكومه‌ته‌ پێویستیه‌كانی خه‌ڵك دابین بكات ، ئه‌ركی حكومه‌ته‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ نه‌هێڵێت قه‌یران دروست بێت و چاو چنۆكه‌كان بازاڕو نیشتمان بماشێننه‌وه‌و چه‌ته‌كانیش كه‌ل و په‌ل گران بكه‌ن ، حكومه‌ت له‌و باره‌یه‌وه‌ چی ده‌كات ، بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ناحێیه‌كدا سبه‌ی چوار خێزان پێویستیان به‌ برنج و شیر بێت شاره‌وانی و ئاسایش و پۆلیس ده‌توانن ئه‌و پێویستیانه‌ بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌و خانه‌واده‌ چله‌ كێشانه‌ ، مه‌سه‌له‌كه‌ به‌رپرسیاره‌تی و ئاكاره‌ ، دڵنیام له‌ ئه‌وروپا ئه‌گه‌ر ماركێته‌كانیش به‌ تاڵ بكرێن سبه‌ پڕده‌كرێنه‌وه‌ ، كه‌سیش ناتوانێ‌ نرخ گران بكات مه‌گه‌ر له‌ بارێكا خه‌ڵك خواردنی بۆ ببرێته‌ ماڵه‌وه‌و له‌به‌رانبه‌ر گه‌یاندنه‌كه‌دا پاره‌ وه‌ربگیرێت ، ئه‌ی لێره‌ چی ؟!.

 .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand