Draw Media

گریانی نیشتمان لە سەردەمی کۆرۆنا

گریانی نیشتمان لە سەردەمی کۆرۆنا

2020-03-08 12:44:29


چیا عەباس


نوسەری بەناوبانگی کۆڵۆمبی جابریل گارسیا مارکێز براوەی خەڵاتی نۆبڵ رۆمانێکی ناوداری هەیە بە ناوی " خۆشەویستی لە سەردەمی کۆلیرا " ، باسی خۆشەویستی پیاوێک بۆ ئافرەتێک دەکات کە پاش چاوەروانی نیو سەدەی پیاوەکە بە خۆشەویستەکەی دەگات و بەیەکەوە کەشتێکی دەریایی دور و درێژ دەکەن، پیاوەکە کە خاوەنی کەشتیەکەیە نیشانەی نەخۆشی کۆلێرا لە کەشتیەکەی هەڵدەکات تا کەس کەش و هەوای خۆی و خۆشەویستەکەی تێک نەدات. 
کوردی ئەم بەشەی کوردستانەکەمان، لە سایەی حوکمرانی رژێمەکانی بەغدا کە سەدام درندەترینان بو و لە سەردەمی فیدرالی کە کورد لە لوتکەکانی ئەو حوکمرانیەدا بونی هەبوە و هەیە ، مافە رەواکانی لێ زوەتکرابو و ئەوەشی بەدەستی هێناوە پچڕپچڕ و بە جورعە وەک خێرێک پێێ " دەدرێت "، ئارامی و سەقامگیری و دڵنیایی و گەشەکردنی دروستی کۆمەڵایەتی و ئابوری بە خۆیەوە نەبینیوە، زۆربەی کات لە دوریانی هات و نەهاتدا گیرساوەتەوە و لە سایەی مەترسی و هەرەشەدا گوزەری کردوە.
تا راپەرین ماڵوێرانی و دەربەدەری و تەعریب و ئەنفال و کیمیاباران و کوشتن و برین پشکی کورد بوە لە دەوڵەتی عێراق. نیشتمان و نەتەوە دەیان ساڵ چاوەروان بون، راپەرین بوە وێستگەی وەرچەرخاندنی ئەو چاوەروانیکردنە، مەخابن لە دوای راپەرینیشەوە ساڵانێکی درێژی شەری ناوخۆ، دابەشکردنی نیشتمان و نەتەوە، دۆخی ئاڵٶزی ئابوری، پێشێلکردنی یاسا و ئازادی، کوشتن و گرتن و نانبرین و سزای سیاسی، دواتریش قرتاندنی موچە و گەندەڵی، بەخشینی نیوەی نیشتمان بە ناحەز و داگیرکەر و... تاد جومگە هەستیارەکانی ژیانی هاوڵاتی کوردیان هەراسان کردوە، بێئومێد و دەستبەستراو و لە سایەی زەبر و زەنگی دەسەڵاتداران و گروپەکانی مافیادا ئێستا و ئایندەیان نائارام و نادیارە.
نیشتمان لە سەرهەڵدان و شۆرشەکانی دوای شکستی شۆرشی ئەیلول لە لایەک بەدەست رژێمی بەغداوە کرابو بە دۆزەخ و لە لاکەی تریشەوە نەتەوە بۆ ماوەی نزیکەی١٣ ساڵ بە دەست شەری حزب و هێزە " شۆرشگیرەکانی " خەباتی شاخەوە دەیناڵاند و کرابونە سوتەمەنی مەرگەپانی ئەو شەرە خۆخۆریانە.
نیشتمان ناهەقی نەبو دەگریا، لە گەڵ ئەوەشدا چاویشی بریبوە رۆڵە دڵسۆزەکانی و دەیلاواننەوە، بۆیە هیوا و ئومێد لە گەڵ فرمێسکی نیشتمان بزوێنەری جەنگی خۆشەویستی کورد بو بۆ نیشتمان و مانەوەی لە سەر زێدی باو و باپیران، وێرای هەوڵە درندەکانی دوژمن و داگیرکەران نیشتمان کەوتەوە دەستی رۆڵەکانی. 
نیشتمان ناهەقی نیە لە سایەی دەسەڵاتی بەشێک لە رۆڵەکانی دوێنێدا بگری، فرمێسکی گریانی ئەمجارەی نیشتمان بە زاخاوی بێ ئومێدی و لەباربردنی خەون و چاوەروانیەکانی و رادەستکردنی نیوەی جەستەی بە ناحەز و داگیرکەر چێژ و رەنگێکی تاڵ و قەترانی لە خۆ گرتوە. 
جاران کە نیشتمان دەگریا گوێبیستی دایكی رۆڵەکانی بو دەیگوت: کورم قەت نەکەی پۆستاڵی دوژمن لە پێکەی و بەسەر خاکی نیشتماندا برۆیت، برۆ بۆ شاخ و دۆڵ و ئەشکەوتەکان زەماوەندی شۆرش بەرپابکە، نیشتمان ئاهێک بە دڵیدا دەهاتەوە و هیوا و ئومێد لە ئاسۆیدا دەدرەوشانەوە.
لە گەڵ یەکەم هەناسەی ئازادیدا نیشتمان بینی رۆڵەکانی بە پەرۆشیەکی بێ وێنە دەنگ بە شتێک بۆ ئایندە دەدەن، سەرلەنوێ روخساری نیشتمان دەدرەوشایەوە، دواتر بینیشی حزب و بەرپرس کەوتنە کوشتنی یەکتر و رۆڵەکانیان فێرکردوە دەنگ دژ بە شتێک بدەن کە ئایندەیان ئاڵۆز و نادیار دەکات، نیشتمان دڵتەنگ بوەوە و تەوژمی گریان ناخ و دەرونیان دەکوڵان.     
نیو سەدەیە نیشتمان دەگری، چاوەکانی ماندو و جەستەی زامدار، کۆرپە و رۆڵە بەئەمەکەکانی چاویان بریوەتە هەر تروسکاییەکئ ئومێد، نیشتمانی دایک بە فرمێسکە تاڵ و سوێرەکانی تینویەتی و برسیەتی و هەڵچون و تورەیی ناخ و دەرونی رۆڵەکانی کە چاوەروانن دەلاوێنێتەوە.
نیشتمان چٶن نەگری کاتێک پەرژینەکانی بونەتە درک و داڵ و خرنۆک، رۆح و هەناویان زامدار کردوە، کاتێک کەنزەکانی و کەرامەت و رەسەنی گڵ و ئاو و هەواکەی بە ئاسانی لە بازاری عەکازی سیاسیدا موقایەزەیان پێوە دەکرێت، کاتێک دەبینێت ئەویان کردۆتە قەڵغانێک بۆ ئەو کارانە و بە ناویەوە و لە سایەیدا هەناو و رۆحی هەراج دەکەن و ... تاد.
ئێستا نیشتمان زیاتر لە جاران هەقیەتی بە دڵ و بە کوڵ بگری کاتێک دیموکراسیەت کە بەناویەوە بێ ژمارە بەکارهێنراوە و سەدان هەزار کۆرپەی بۆ ئەو خەونە بەخشیوە کراوەتە کۆت و بەندێک لە گەردن و رۆحی ئاڵاندراوە.
دیموکراسیەکی کۆنترۆڵکراو، بێدەنگ کراو و کۆیلە کراو دەنگی رۆڵەکانی خەفە و بێ بەها کردوە.
نیشتمان: سەردەمی کۆرۆنایە، مەترسی گەورە و زۆر لە ئایندەدا چاوەروان دەکرێن، 
نیشتمان: تێر تێر بگری، بەدڵ و بەکوڵ بگری، ئەوەندە کۆرپە و رۆڵە لە کۆشی گەرم و پر سۆزی خۆتا چاویان کردۆتەوە و گۆشەکراون کە ئۆقیانوسێکن لە خۆشەویستی بۆ تۆ، بۆیە چاوەروان بە....
نیشتمان: بێگومان رۆژێک دێت ئەوان دێنە دەنگ و خەمخۆری ئایندەی تۆن و بەخۆشەویستیان ئاسودە و بەختەوەریت پێ دەبەخشنەوە. 

نوسینی: چیا عەباس
رۆتەردام: ٨ ی مارچی ٢٠٢٠           
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand