Draw Media

کۆرۆنا و ئابوری

کۆرۆنا و ئابوری

2020-03-08 06:15:45


گوڵاڵە سدیق

کۆرۆنا ڤایرۆس، ئەو ڤایرۆسە کوشندەیە کە لە ووڵاتی چینەوە سەریهەڵدا و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ترس و دڵەڕاوکێی لە جیهاندا بڵاوکردەوە.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەدا ترس تەنها لە کەرتی تەندروستی هەبوو، چونکە ڤایرۆسەکە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی توشبوەکە دادەنا و بەرەو مردنی دەبرد ئەگەر لەماوەیەکی دیاریکراودا چارەسەری بۆ نەکرایە، بەڵام بەهۆی نەدۆزینەوەی چارەسەری بنبڕەوە هەتا ئێستا، ووردە ووردە ترسەکە پەلیهاویشتوە بۆ سەر کەرەتەکانی ئابوری و پیشەسازی و گەشتوگوزار. واتە جگە لە لایەنی تەندروستی لایەنی ئابوریش لەبەردەم هەڕەشەیەکی جدیدایە!

هەرچەندە ووڵاتی چین شوێنی لە دایکبونی ڤایرۆسەکەیه، بەڵام لەڕوی ئابورییەوە بەتەنها زەرەرمەند نابێت، چونکە ئابوری چین بەشێوەیەکی فراوان بەستراوە بە ئابوری جیهانەوە وە هەر پاشەکشەیەک لە ئابوری چین دەبێتە هۆی پاشەکشەی ئابوری جیهان.

هەر لە سەرەتای قەیرانەکەدا، بۆرسە جیهانیەکان لە ئەمریکا و ئەوروپا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پاشەکشەیەکی بەرچاویان بە خۆیانەوە بینی، وە بەهۆی لەکارکەوتنی کارگە چینییەکان نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی خێرا نرخی دابەزی، چونکە ووڵاتی چین لە پێشەنگی ووڵاتاندایە لە کڕینی نەوت و بەکارهێنانیدا بۆ مەبەستی پیشەسازی، کە ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوری و دارایی لەو ووڵاتانەی کە بۆ دابینکردنی بودجەی ووڵاتەکەیان پشتیان بە نەوت بەستوە!
بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە کاریگەری گەورەی لەسەر کەرتەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەیه، چونکە چین بە یاریکەرێکی گەورە و بنەڕەتی دادەنرێت لەڕوی پیشەسازی و بەرهەمەوە، وە پشکی شێری بەرهەمی ووڵاتان پەیوەستە بەو هەناردانەوە کە لە ووڵاتی چینەوە بۆیان هەناردە دەکرێت.
ئاشکرایە چەندین کۆمپانیای گەورەی جیهانی کە بارەگاکانیان لە شارەکانی ووڵاتی چینە، بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە بارەگاکانیان دەخراوە و بوەتە هۆی کەمبونەوەی بەرهەم لە ووڵاتەکەی خۆیان کە لە ووڵاتی چینەوە کەلوپەل و پێداویستیان بۆ هەناردە دەکرێت.
وە ئاشکرایە زۆربەی ووڵاتانی جیهان پشتیان بەو کەلوپەلانە بەستوە کە ڕۆژانە لە ووڵاتی چینەوە بۆ ووڵاتەکەیان هەناردە دەکرێت، واتە لە ئەگەری بەردەوامی قەیرانەکە دەبێتە هۆی کەمبونەوەی پێداویستی ڕۆژانە و بەرزبونەوەی نرخی کاڵا و شتومەکی ڕۆژانە.
بەهۆی بەرهەمنەهێنان و پەکەوتنی کارگەکان لە چین و دانیشتی هاوڵاتی چینی لە ماڵەکانیان، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان دروستکردوە لە جیهان بەگشتی و لە چین بەتایبەتی، چونکە بوەنە هۆی ئەوەی هاوڵاتی چینی ببن بە تاکێکی بەرخۆر هەتا ئەو کاتەی ووڵات دەکەوێتەوە سەر هێڵە ئابورییەکەی جارانی.
بەهەمان شێوە بەهۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانەوە، کەرتی گەشتوگوزار بەدەر نەبوە لەو گورزە کوشندەیەی کە بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە بەریکەوتوە، ڕۆژانە پشکی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان لە پاشەکشەدایە و توشی زیانێکی دارایی زۆر هاتون.

کەواتە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەتەنها مەترسی نیه لەسەر کەرتی تەندروستی و ژیانی هاوڵاتیان، بەڵکو  لەهەمان کاتدا ترس و دڵەڕاوکێ لەسەر کەرتەکانی ئابوری و پیشەسازی و گەشتوگوزاریش دروستکردوە، ئەگەر ئێمەی هاوڵاتی تەنها ڕوە تەندروستیەکی ببینین، ئەوا ئەو کەسانەی کە لە بۆرسە جیهانییەکان کاردەکەن لە چەندین ڕوی ئابورییەوە لێکدانەوە و توێژینەوەی جۆراوجۆر لەسەر ڤایرۆسەکە و لێکەوتە ئابورییەکانی دەکەن.
 ڕاستە لە ڕوی تەندروستیەوە ڤایرۆسەکە کوشندەیە و توشبوان دەمرن ئەگەر چارەسەر نەکرێن، بەڵام لە ئایندەیەکی کورت یان مامناوەندا ئەگەر چارەسەر نەدۆزرایەوە ئەوا کاریگەری ڤایرۆسەکە لەسەر کەرتەکانی ئابوری و پیشەسازی و گەشتوگوزار کەمتر نابێت لە کەرتی تەندروستی، وە لە ڕوی ئابورییەوە زۆربەی ووڵاتان توشی شەلەلی ئابوری دەبن، کە کاردەکاتە سەر بەهای پارەی ئەو ووڵاتانەی کە لە بۆرسە حیهانییەکان مامەڵە بە دراوەکەیانەوە دەکرێت، جگە لە قەیرانی تەندروستی و ئابوری زۆر ووڵاتیش توشی کەمبونەوەی نەختینەیی و کێشەی دارایی دەبن، چونکە هەمیشە قەیرانی ئابوری درێژخایەن دەبێتە هۆی قەیرانی دارایی.
کەواتە کۆرۆنا ڤایرۆس گەر درێژە بکێشت، جگە لە مەترسیەکانی سەر کەرتی تەندروستی، دەبێتە هۆی زەرەرێکی ئابوری بۆ ووڵاتان،  چ بەرهەمهێن بن یان بەرخۆر.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand