Draw Media

"پاراستنی گیان لە نێوان مەبەستەکانی شەریعەت و نەفامیی عەوامدا"

"پاراستنی گیان لە نێوان مەبەستەکانی شەریعەت و نەفامیی عەوامدا"

2020-03-07 20:08:47


ژیوار مودەریس
 

لە مەبەستە دیارەکانی شەریعەتی ئیسلامی "پاراستنی گیان و دین"ە. بەپێی دەلالەتی خوێندنەوەی دەقی پیرۆز و وتەی زانایان، ئەوا پاراستنی گیان لە پێش پاراستنی دینەوە دێت (بڕوانە المحصول ی ئیمامی رازی و الفروق ی ئیمامی قەرافی و مناهج الوصول ی ئیمامی بیضاوی). هەر لەم بۆچوونەشەوە، لەو کاتانەدا کە نەفسی بەشەر رووبەڕووی لە ناوچوون دەبێتەوە،  روخسەت دراوە بەو شتانەی کە حەرامن.  نەک تەنها روخسەت بەڵکو هەندێک موحەڕەمات بە واجیب دانراوە لەو کاتانەدا. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک هیچ نەبوو بیخوات و خەریک بوو لە برساندا بمرێت، ئەوا واجیبە کە ئەو شتانە بخوات کە لێی حەرامن وەکو کەلاکی تۆپیو و گۆشتی بەراز و هەر شتێکی دیکەی لەو جۆرە. هەروەها ئەوەی کە پێی وترا یان دەبێت کوفر بکات یان دەکوژرێت، ئەوا جائیزە کە لە پێناوی پاراستنی گیانی کوفر بکات.
هەر لەم پێشەکییەشەوە، ئەوەی سەرنجی لە حەدیس و ئایاتی قورئانی پیرۆز دابێت، گەلێک دەقی پیرۆز دەدۆزێتەوە کە نەهی لە خۆ فڕێدان بەرەوە تەهلوکە و مردن دەکەن. کەسی وردبینی ئەو دەقە پیرۆزانەش دەزانێت کە ئەمر بە دانانی یاسای گشتی ئەوتۆ دەکەن وەک یاسای جیاکردنەوەی تەندروستی لە پێناوی پاراستنی گیانی خەڵکدا. لە صەحیحی ئیمامی بوخاریدا هاتووە  کە پێغەمبەری مەزن دروودی خوای لەسەر بێت، موسوڵمانانی نەهی کردووە لە چوونە ئەو ناوچانەی کە پەتایان تێدا بڵاو بۆتەوە وگەر لەو ناوچانەشدا بوون نەهی کردوون لە دەرچوون لەو ناوچانە، بۆ ئەوەی نەوەک ببنە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە. هەر لەم مەقسەدەوە پێغەمبەری مەزن دەفەرموێت ئەوەی بەو پەتایە مرد ئەوا شەهیدە. واتە بۆ ئەوەی ئارەزووی دەرنەچوون لەو شوێنانە لە ناو موسوڵماناندا زیاد بکات و لە جێی خۆیان نەچنە دەرەوە تا نەبنە هۆی بڵاوکردەوەی پەتاکە. نەک بۆ ئەوەی گیانی بێ باکی بە پەتاکە بڵاوبکاتەوە و وا لە موسوڵمانان بکات تێکەڵی خەڵک بن و بچنە شوێنە گشتییەکانەوە بە نییەتی تووشبوونی پەتاکە و بەدەست هێنانی شەهادەت، وەک چۆن هەندێک ساویلکە بە هەڵە لەو حەدیسەی پێغەمبەری مەزن تێگەیشتوون. ئەو حەدیسە پیرۆزە بۆ ئەوە هاتووە کە مانەوە و دەرنەچوون لە شوێنانی تووشبوو بە پەتا لە لای خەڵک شیرین بکات و ئەو کارەیان بگەیەنێتە مەقامی شەهادەت لەبەر ئەوەی جۆرێکە لە جیهادی مەزن کە تێیدا نەفسی خۆیان بکەن بە قوربانی نەفسی خەلکی دیکە لە کۆمەڵگاکەیاندا، واتە بۆ مەبەستی قوربانیدانە بە نەفس لە پێناوی پاراستنی نەفسی خەڵکدا، نەک بە پێچەوانەوە. هەرکەسێکیش بەرامبەر بە پەتا بە فەرامۆش کردن و ئیهمال کردن بە ناوی تەسلیم بوونی قەدەری خودا کاری کرد، ئەوا ئەو کارەی لە مەقامی خۆکوژی، بەڵکو کوشتنی خەڵک دادەنرێت! - و لا تلقوا بأيديكم إلى التهلكة: بە دەستی خۆتان خۆتان فڕێمەدەنە تەهلوکە و فەوتانەوە - 
لە پاڵ هەڵە تێگەیشتن لە شەهادەت لە کاتی پەتادا، هەڵيیەکی دیکە لەم کاتانەدا لەلای هەندێک کەس بڵاودەبێتەوە دەربارەی قەدەر، وەک ئەوەی لە بری خۆپاراستن دەڵێن ئەوەی خودا دایناوە بۆمان هەر روو دەدات، بۆیە پێویست بە خۆپاراستن ناکات. بەشێکی ئەم بۆچوونە راستە. بەڵام خۆپاراستنیش قەدەری خودای گەورەیە. هەڵە تێگەیشتن لە قەدەر لەسەردەمی بانگەشەی پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت، ئەوکاتیش هەبوو. هەندێک سەحابە لە پێغەمبەریان پرسی بۆچی خۆمان تیمار بکەین و خۆمان بپارێزین لە کاتێکدا قەدەری خودا هەر دەبێت روو بدات؟ پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت فەرمووی ئەوەش بە قەدەری خودا روو دەدات. (بڕوانە السنن ی ئیمامی ترمذی) کاتێک خەلیفە عومەری کوڕی خەطاب لە رێگادا بوو بەرەو شام، بیستی کە تاعون لەوێ بڵاو بۆتەوە. بڕیاری دا نەچێتە شامەوە. ئەبو عوبەیدە لێی پرسی: را دەکەیت لە قەدەری خودا؟ حەزرەتی عومەر وەڵامی دایەوە: بەڵی لە قەدەری خودا رادەکەین بەرەو قەدەری خودا. (بوخاری و موسلیم گێراویانەتەوە). هەروەها کەسێک کە نەخۆشیی گەڕیی گرتبوو ویستی دەست بخاتە دەستی پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت بۆ هاتنە ناو دینی ئیسلام و هاوپەیمانێتی، پێغەمبەر دەستی وەرنەگرت و پیی گوت: بڕۆ بەیعەمان دایتێ (بڕوانە السنن الکبری ی بەیهەقی) پێغەمبەری مەزن لەم ریوایەتەدا گوێی نەدا بەو تێگەیشتنە سواوانەی عەوام هەیانە دەربارەی دین و قەدەری خودا! 
لەسەر ئەم بنەمایانە، هەرکەسێک دیراسەتی دەقە پیرۆزەکان بکات و یاسا و رێساکانی لێوە دەربێنێت، بۆی دەردەکەوێت کەپاراستنی گیان بە ئەصل و مەقسەدێکی بنەڕەتیی دین دادەنرێت. بۆیە بڕیاری داخستنی مزگەوت و شوێنی عیبادەت لەم کاتەدا دەچێتە جوملەی جێبەجێکردنی فەرمانی لا تلقوا بأيديكم إلى التهلكة و مەقسەدەکانی دین بە گشتی. هەروەها جێبەجێکردنی فەرموودەی پێغەمبەری مەزن دروودی خوای لەسەر بێتە کە دەڵێت: دع ما یریبک واتە لەو شتانە گەڕێ کە بە گومانیت لێی (بڕوانە سنن ی ترمذی). وە هەر شتێک کە گومان لەلامان درووست بکات پێویستە تەرکی بکەین و خۆمانی لێ بپارێزین، بەو شتانەشەوە کە پەیوەندن بە پاراستنی گیانەوە. هەروەها هەرچیەک بەرەو تەهلوکە و فەوتان بمانبات دەبێت تەرکی بکەین و خۆمانی لێ بپارێزین. ئەوەی بە پێچەوانەی ئەم وەسییەتەی پێغەمبەر کار بکات ئەوا گوناهبارە چونکە خۆی و خەڵک بەرەو تەهلوکە و فەوتان دەبات و ئەوەش جۆرێکە لە کوشتنی بە ئانقسد! ئەمە رای دین و شەریعەتی پیرۆزە. ئەوەش کە ئەمڕۆ هەندێک عەوام و ناشارەزا کردیان، بە نوێژی جەماعەت کردن لە باخە گشتییەکاندا لە بریی مزگەوتەکان، و  وایان دەزانی فەرزێکی خودا جێبەجێ دەکەن، پێی لە خودا نزیک دەبنەوە، هەمووی دەچێتە خانەی خۆ فڕێدانە تەهلوکە و فەوتانەوە. لە رووی شەرعییەوە، کاری وەها سەرپێچییە لە فەرموودەی خودا وپێغەمبەر و خراپەکارییە بەرامبەر بە دین و شێواندنی وێنەیەتی بە پیشاندانی وێنەیەکی دواکەوتوو لە بریی. بۆیە پێویستە رێکاری توند بەرامبەر بە دیاردەی وەها بگیرێت، چ لە رێی زانایانی دین یان لە رێی دەسەڵاتە فەرمانرەواکانەوە. بێدەنگی لە ئاستی کوشتنی نەفس، چ لەلایەن زانایانی دین یان لە لایەن دەسەڵاتەوە بێت، جۆرێکە لە بەشداری لەو تاوانەدا.

وەرگێڕانی ئالان م نوری

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand