بۆچی کورد شکستی بە ھەوڵەکانی عەلاوی ھێنا بۆ پێکھێنانی حکومەت؟
2020-03-06 09:16:11
عومەر عەلی محەمەد
ڕاسپاردنی محەمەد عەلاوی بۆ پێکھێنانی حکومەتی عێراق لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە پاش رەتکردنەوەی ژمارەیەک لە پاڵێوراوھات بۆ ئەو پۆستە، چونکە زۆرینەی کاندیدەکانی تر لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە جێگەی رەزامەندی نەبوون و بە کاندیدی حزبی لە قەڵەمیان دەدان یان پێشتر پۆستی حکومیان وەرگرتبوو یان بە ھاوسۆز لەگەل کۆماری ئیسلامیان دەزانی، دواجار سەرۆک کۆمار محەمەد عەلاوی راسپارد بۆ پێکھێنانی حکومەت، چونکە ئەم کارەکتەرە بەشێکی زۆر لە مەرجەکانی تێدابوو، سەربەھیچ پارتێکی سیاسی نەبوو لە ئێستادا و ھیچ پۆستێکی پەرلەمانی و حکومیشی نەبوو لەلایەکی تریشەوە جێگای رەزامەندی ئەمریکییەکان و ئیرانییەکانیش بوو، خۆپیشاندەرانیش بەشێکیان پشتیوانیان لێ دەکرد و لەلای بەشەکەی تریشیان جێگای گومان بوو، عەلاوی لەسەرەتای دەستپێکردنی ھەوڵەکانیدا بۆ پێکھێنانی کابینەکەی وەک نوێنەری خۆپیشاندەران خۆی نمایش دەکرد و بە شێوەیەکی گشتی جەختی دەکردەوە لەسەر جێبەجێکردنی سێ خاڵی سەرەکی کە ھەرسێکیان لە مەرج و داواکانی خۆپیشاندەران بوون کە ئەوانیش دیاریکردنی کاتێک بۆ ئەنجامدانی ھەلبژاردنی پەرلەمان و بەرەو ڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەدادگایی گەیاندنی بکوژی خۆپیشاندەران بوو، مەرجێکی سەرەکی عەلاوی بۆ دروستکردنی کابینەکەی ئەوە بوو کە نابێت ھیچ کاندیدێک لەسەر بنەمای حزبی لە حکومەتەکەیدا بوونی ھەبێت، ئەم داوایەشی بووەھۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە کوتلە سیاسییەکان رووبەرووی ببنەوە، کە لە نێویشیاندا کوتلەی کوردی و بە تایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان.
عەلاوی لە بەیانی پاشەکشەکەیدا کە بۆ سەرۆک کۆماری ناردووە دان بەو راستییەدا دەنێت کە بەشێک لە پارتە سیاسیەکان ئامادە نەبوون واز لە کاندیدی حزبی بھێنن و لە پێناوی بەرژەوەندی نیشتیمانیدا دەنگ بە کابینەکەی بدەن، لە ھەمانکاتدا کەوتووەتە ژێر فشاری توند بۆ ئەوەی ئاراستەی حکومەتەکەی پی بگۆرن .
ھەلوێستی کوتلە کوردییەکان لەسەرەتادا بە دوو ئاراستە بوو، یەکەمیان ئاراستەی پارتەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی بوو کە گروپی ( ١٥) یان دروستکردبوو، بۆ ئەم مەبەستەش دووجار کۆبوونەوەیان لەگەل عەلاویدا ئەنجامدابوو، بە پێی لێدوانی چەند ئەندام پەرلەمانێکی ئەم گروپە، عەلاوی بەڵێنی دابوو بە کورد کە درێژە بە دانی موچەی ھەرێم بدات و دان بە شایستە داراییەکانی پێشمەرگەدا بنێت و خەرجکردنی پارەی جوتیاران بە سالانی رابردووشەوە بدات و ھیچ رێگرییەک دروستنەکات بۆ چەسپاندنی مادەی ١٤٠ و لە جیاتی سێ وەزیر، وەزیرێک وەک جێگری سەرۆک وەزیران بە کورد بدات .
ئاراستەی دوووەم ھەلوێستەکانی پارتی و یەکێتی بوو کە زۆر نیگەران بوون بە ھەڵوێستەکانی گروپی ١٥ و ھەوڵی لە باربردنی ئەو گروپەیاندا، بۆ ئەم مەبەستەش لە ھەرێمی کوردستان پارتی بانگەشەیەکی بۆ حزبە کوردستانیەکان نارد ھەتاکو کۆبوونەوەیەک بکەن لەگەڵ ھەر سێ سەرۆکایەتییەکە بۆ یەکخستنی ھەلوێستیان لە ئاست پێکھێنانی حکومەتەکەی عەلاوی، بەدەمەوەچوونی حزبەکانی گۆران و یەکگرتوو و کۆمەڵ بووە سەرەتایەک بۆ شکستپێھینانی ھەوڵەکانی گروپی ١٥ و گەرانەوە بۆ ژێر چەتری پارتی، پارتی ئەم کۆبوونەوەیەی بە ناوی پاراستنی یەکریزی نیشتیمانیەوە ئەنجامدا، لە کاتێکدا ئەمە ھیج پەیوەندی بە مەسەلە نیشتیمانیەکانەوە نەبوو، چونکە عەلاوی بەڵێنی دابوو کە زیاتر لەوەی کە ھەیە بۆ کورد ئەنجامیبدات .
ناکۆکیەکانی پارتی لەگەل کابینەکەی عەلاوی تەنھا لەسەر ئەوەبوو، کەرازی نەبوو کاندیدی حیزبی لە حکومەتەکەیدا قبوڵبکات ، پارتی بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ ئەم برگە راگەیاندبوو، کە ئەگەر کاندیدی حزبی قبوڵ نەکرێت ئێمە لەو حکومەتەدا بەشداری ناکەین .
پارتی وەک حزبێکی سیاسی ئازادە لەوەی کە چ جۆرە ھەلوێستیکی ھەبێت، بەڵام پرسیارەکە لەسەر ئەو پارتانەیە کە بێجگە لە نەوەی نوێ لەناو گروپی ١٥ دا بوون، ئایا ھۆکاری چی بوو کە گروپەکەیان ھەڵوەشاندەوە و بەدەم بانگەشەکەی پارتییەوە چوون و بە ناوی یەکریزی نیشتیمانییەوە پشتیوانیان لە ھەلوێستەکەی پارتی کرد؟
بە بروای ھەندێک لە توێژەرانی سیاسی و ھەندێک لە ئەندام پەرلەمانتارەکانی گروپی ١٥کە لە ھەندێک وتارولێدواندا دەڵێن: دەسەڵاتداران لە ھەرێمی کوردستاندا دلخۆش نین بەوەی کە لە عێڕاقدا دەسەڵاتێکی دادپەروەر و دوور لە گەندەلی و شەفاف بێتە ئاراوە، چونکە ئەو کاتە پرسیار لەسەر گەندەڵی لە دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستانێشدا دروستدەبێت و ئەو کاتەش ئەگەری ئەوە ھەیە جەماوەر داوابکەن ھاووشێوەی عێڕاق رووبەروی گەندەڵی ببنەوە و گەندەڵکاران بە دادگا بگەیەنن، لەلایەکی تریشەوە بریاردان لە ئەنجامدانی ھەلبژاردنێکی پەرلەمانی پێش وەختە کە دووور بێت لە ھەژموونی حزبی و تەزویر و بە لارێدا بردوون و لەلایەن رێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیشەوە سەرپەرشتی بکرێت، ئەو کاتە قەبارەی راستەقینەی جەماوەری دوو پارتە حکومڕانەکەی ھەرێم دەردەکەوێت و بەمەش ئاستی ئەو تەزویرە گەورە ئاشکرا دەبێت کە لە ھەلبژاردنی پێشوو کردوویانە و لە ئێستاشدا دەردەکەوێت کە تاچ ئاستێک دەنگدەر و جەماوەریان ھەیە؟ .
لەبەر ئەوە حکومڕانانی ھەریمی کوردستان ھەرگیز بە شیوەیەکی ئیجابی پشتیوانی لە گۆرانکارییەک ناکەن کە بە قازانجی ھاوڵاتیانی عێڕێق بێت، چونکە بە درێژایی ١٨ سالی رابردوو پارتە کوردێکانیش بە تایبەتیش یەکێتی و پارتی بەشدارن لەو گەندەڵییەی کە لە عێڕاقدا ھەبووە و ئەگەر لە ئایندەدا دادگایەک پێکبھێنرێت بۆ لێپێچینەوە لە گەندەلکاران، ئەوا وەزیرە کوردەکانیش لێ قوتارنابن .
لەلایەکی ترەوە بەبڕوای ھەندێک لە چاودێرانی سیاسی پارتە حکومرانەکانی ھەریمی کوردستان لە ئیستادا حەز بەوە ناکەن کە دەسەڵاتێکی سەقامگیرو ئارام لە عێڕاقدا دروستببێت کە تیایدا یاسا سەروەر بێت و مافەکانی ھاوڵاتی تێیدا بچەسپێت و شەفاف و دادپەروەربێت، چونکە ئەو کاتە دەبێت ھەموو سەرچاوەی داھاتەکان بە تایبەتیش نەوت شەفاف بێت و لە ژێر چاودێری پەرلەماندا بێت، چونکە ئەوەی لای ھەمووان ئاشکرایە کە داھاتەکان بەتایبەتیش نەوت لە ھەرێمی کوردستاندا نەک بۆ پەرلەمانی عێراق بەڵکو پەرلەمانی کوردستانیش بێ ئاگایە لێی و ھیچی لێ نازانێت و بۆشی نییە پرسیار لە چۆنییەتی دەستەکەوت و خەرجیەکانی بکات، لەبەر ئەوە ھەتا ئەم دۆخە بەو جۆرە ئالۆز و نا ئارام بێت ئەوان زیاتر سودمەند دەبن و ھیچ بڕە داھاتێکی نەوتیش ناگەڕێننەوە بۆ عێراق .