ئەندازیاری راپەڕین زۆر توڕە بوو..!!
2020-03-05 17:22:24
عەبدوڵا ئەحمەد
" کاک نەوشیروان وتی ئێمە ڕاپەڕینمان بۆ ئەم رۆژە نەكرد، بۆیە قسە ناكەم"
لەسەروبەندی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و كە لە 7/3/2010 بەڕێوەچوو، لە KNN سەرقاڵی ئامادەكردنی بەرنامەیەك بووم لەسەر راپەڕین، دەمویست بە ووردی لە رەگو ریشە راپەڕین بكۆڵمەوە، بۆیە چومە رانیەو لەوێوە دەستم پێكرد، یاسین خدر كە ئێستا ئەندامی پەرلەمانە چاوساغیكردم و كاسێتێكی دەنگی شەهید عەلی نەبی بۆ پەیداكردین لە رێگەی كوڕەكەیەوە، كە باسی ئەوە دەكات كە نەوشیروان مستەفا ئەندازیاری راپەڕینە، تا ئەو كاتە ئەو كاسێتە دەنگی بڵاو نەبووەوە بەو شێوەیە، دواتر هەرلە شاری رانیە ژمارەیەك كەسی بەشداربووی راپەڕینمان دواند، لە رێگەی كاك مستەفا سەلیم كە كار ئاسانی زۆری بۆ كردین.
لەو كاتەدا لەسەروبەندی نزیك بوونەوەی یادی راپەڕین یەكێتی دارودیواری رانیەی لە لافیتەی سەوز هەڵكێشابوو ئەویش بەهۆی شكستەكەیان لە هەڵبژاردنی 25/7/2009، واپیشانیان ئەدا كەڕاپەڕین دەسكەوتی ئەوانە، یادەكە هاوكات بوو لەگەڵ هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و گۆڕانیش بە لیستی سەربەخۆ بەشداربوو، هەمو لایەنەكان سڵیان دەكردەوە چونكە گۆڕان خاوەنی میدیایەكی بەهێز و جەماوەرێكی ئازاو حەماسی بوو، ئێمە دوای تۆماركردنی لێدوان و ئەوەی دەمانویست كردمان و گەڕاینەوە سلێمانی بیرۆكەی بەرنامەكە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەكاك مەحمود ڕەزاوە هەبوو كاك مەحمود ئاگاداری ووردەكاری راپەڕین بوو، لەو سەروبەندەدا یەكێتی دەستكەوتەكانی راپەڕینی دەكردە هی خۆی و ناوی كاك نەوشیروانی نەدەهێنا،چەندکەسێکیان باسی ڕاپەڕینیان دەکرد کە هەر ئاگایان لەڕاپەڕین و وردکاری ڕاپەڕین نەبوو،
كاك مەحمود ڕەزاپێی باش بوو لەو بەرنامەیەدا كاك نەوشیروان خۆی بەشدار بێت باسی راپەڕین بكات، بۆیە راستەوخۆ چوین بۆ لای كاك نەوشیروان، لەو هۆڵەی ئێستا كۆبونەوەكانی جڤاتی نیشتیمانی تێدا دەكرێت دانیشتبوو، چوینە ژوورەوەو سڵاومان كرد مەجلیسەكەی گەرم و گوڕو زۆر قەرەباڵغ بوو، هەر ئەوكاتە بوو كە عەدنان عوسمان ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بەپێشمەرگەی وتبوو میلیشیا سەرجادەو دارو بەردیان لێپڕكردبوولە پێشمەرگەو زیندانی سیاسی و خانەنشین.
-دوای بەخێرهاتن ودانیشتن
+ كاك نەوشیروان سەرقاڵی بەرنامەیەكین لەسەر ڕاپەڕین وەك دەزانین تۆ ئەندازیاری ڕاپەڕین بوویت. پێمان خۆشە بەرنامەكەمان بۆ دەوڵەمەند بكەیت
-تۆ چوزانی من ئەندازیاری ڕاپەڕین بووم
+ شڵەژام و وتم هەندێ حزب و كەس دەیانەوێ بیكەن بەدەسكەوتی خۆیان.
- جابابیكەن، ئێمە ڕاپەڕینمان بۆ ئەم ڕۆژە نەكرد، ئێستا ئەوانەی بەرهەمی ڕاپەڕین دەخۆن ماڵیان بچێتە هەركۆڵانێكەوە خەڵكی ئەو گەڕەكە خانوەكەی دەفرۆشێ.
+ كەواتە تۆ قسە ناكەی
-نەخێر، ئێوەگەنجن لەسەر ئەم ڕاپەڕینەی ئێستا ئیش بكەن، چی پێویستان بە راپەڕێنیكە كە بەشدار نەبوون تیایدا.