Draw Media

بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوامە؟

بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوامە؟

2020-02-28 09:06:28


مەجید ساڵح
کە ساڵی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ کۆمپانیای وشەدەستی بە دروستکردنی سایت و دەرکردنی رۆژنامە کرد، ژمارەیەکی کەمی نوسەر و رۆژنامەنوس نەبێ کە ناوەکانیان بەسەر لاپەڕەکانی رۆژنامەکەوە ماوە، ئەگینا زۆر کەس نەیاندەویرا بە تەنیشتی گردەکەشدا تێپەڕن.. لەوسەردەمەدا قسەکردن و نووسین لەسەر دەسەڵاتداران بەو راشکاوییە و بەو سەراحەتە لە عودەی هەموو کەسێک نەدەهات، چونکە جگە لە هەڕەشەی نانبڕین و ناوزڗاندن و چاوسورکردنەوە، هەڕەشەی کوشتنشی لەسەر بوو... لەوسەردەمەشدا هەندێ لە رەعیلی یەکەم، ئیستقامەیان نەکرد و کاک نەوشیروانیان لە گەرمەی کارەکەیدا جێهێشت. ئامان لەوە هەرەس هێنان بوو بە کۆمپانیای وشە، بەڵام نەخشەکەی کاک نەوشیروان زۆر گەورەتر بوو لەوەی دەسەڵاتداران بیریان لێ دەکردەوە، بۆیە پەیامێکی بۆ ناردن وتی جارێ لە کوێیانە، ئێمە تازە خەریکی هەلکەندنی بیری ئیرتوازی و چاندنی دارودرختین لە گردەکە.
ئەو کە لەدوای راپەڕینەوە بە هەموو شێوازێک تێدەکۆشا بۆ ئەوەی هاوڕێیانی سەردەمی شاخ بهێنێتە سەر ئەو قەناعەتەی کە بە ئەقڵێکی کراوە و دور لەگەندەڵی و پشکپشکێنەی حزبی و بنەماڵەیی، هەرێمێکی ئاوەدان بونیاد بنێن تاوەکو هاوڵاتیان تێدا بە خۆشگوزەرانی و بەختەوەری بژین، ئیتر گەیشتبوە ئەو باوەڕەی کە نەسیحەت تەبیعەت ناگۆڕێ و دەبێت خۆی بێتە مەیدانەکە، ئەوە بوو بزوتنەوەی گۆڕانی لە ٢٠٠٩ دروست کرد.
هەر لە هەفتەی یەکەمی راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، هەردوو حزبی باڵادەست خۆیان نەهاتنە مەیدان بۆ دژایەتی کردنی، بەڵکو لەلایەک بە ئەمریکایان وتبوو ئەمانە دەسکردی ئێرانن و بە ئێرانێیان وتبوو دەسکردی ئەمریکان. لەیەک هەفتەدا کاربەدەستانی ئەمریکا و ئێران خۆیان گەیاندە گردەکە و بە کاک نەوشیروانیان وت تۆ هاتووی هاوسەنگی هێز تێک دەدەیت، ئەویان ئەیوت پیاوی ئێرانیت و ئەویتریان دەیوت پیاوی ئەمریکات و قەبوڵ ناکەین لیستت هەبێ، بەڵام کاک نەوشیروان پێی وتن ئێمە هاتوین خزمەتی خەڵکی خۆمان دەکەین و کارمان بەکاری کەسەوە نییە.
هەڵبژاردن کرا و سەڕەڕای تەزویر و گزییەکانی هەردوو حزب، بزوتنەوەی گۆڕان هەموو لایەکی شۆک کرد..
ئەمریکییەکان راستی قسەکانی کاک نەوشیروانیان بۆ دەرکەوت و لەوە بەولاوە وەک هیزێکی سەرەکی مامەڵەیان لە گەڵ گۆڕاندا دەکرد، بەڵام هەردو حزب و ئێران کێج کەوتە کەوڵیان و سێ قۆڵی کاریان کرد بۆ لێدانی.. کە زانیان نانبڕین دادیان نادات، هەڕەشەکانیان گەیاندە ئاستی پەلاماردان و داگیرکردنی گردەکە، بەوەش گۆڕان هەر بەردەوام بوو، دەستیان دایە خەڵک کڕین و تەزویری لە رادەبەدەر بەتایبەت لە ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی و هەولێر و ئەویش هەر فایدەی نەبوو، دوای کۆچی کاک نەوشیروان، بە تەزویرو هاک کردنی سندوقەکانی دەنگدان و دروستکردنی لیستی سیبەر و ساختەچی نەوەستان، کۆچی دوایی ئەویان بە فورسەت زانی و شەڕی دەروونی و نا ئومید کرد و بێهیواکردنی خەڵک و گۆڕان خوازانیان دەست پێکرد، لەوەش زیاتر بڕیاریاندا لە ماوەی شەش مانگدا شتێک نەهێڵن بە ناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، شەڕەکەیان تارادەیەکی زۆر سەری گرد و ژمارەی کورسیەکانی گۆڕانیان کەمکرد و بەسەدان کەس لە یارە نزیکەکانی دوێنێی کاک نەوشیروان هەریەک بەبیانوویەک گردەکەیان جیهێشت و بگرە هەندیکیان سەنگەریان لەگۆڕان گرد.
بەڵام لەبەر ئەوە بیروباوەڗ و ئامانجەکانی کاک نەوشیروان رەگوریشەی لە ناو کۆمەلگاکەماندا هەیە، بە هەوڵ و تێکۆشانی سەدان کادیر و تێکۆشەڕ و هاوڕێی دڵسۆزی کاک نەوشیروان خۆی بزوتنەوەکە لەبەرامبەر هەموو هەڕەشەکان راگرد جگە لە رێکخستنەوەی ماڵی خۆی، لە دانوسانێکی ماراسۆنیدا بەشی هەر زۆری ئەو ئامانج و پەیامانەی کە بزوتنەوەکەی لە پێناودا دامەزراوە لە کارنامەی حکومەتدا جیگیر کردوە و ئێستا کار بۆ جێ بەجێکردنیان دەکات.
بەڵام هێشتاش نەیارانی گۆڕان کۆڵیان نەداوە و بە بەڕێکخستنی لەشکرێک لە کۆمینت نوس و دەهۆڵ کوت و زوڕناژنەوە لەهەوڵی نا ئومێدکردنی خەڵک و گۆڕان خوازاندان، غافڵ لەوەی کە یارە راستەقینەکانی کاک نەوشیروان تازە خەرکی هەڵکەندنی بیری ئیرتیوازی نوێ و چاندنی داری دیکەن لەو گردەی کە گۆڕی یەکێک لە پاکترین تێکۆشەرەکانی کوردی تێدایە..

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand