Draw Media

پاشکۆی پارتی مەبن !

پاشکۆی پارتی مەبن !

2020-02-27 11:50:16


کاروان عەلی شامار

لە سەرجەم دانوسانەکانی لایەنە سیاسیەکانی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ شاندی حکومەتی عیراقدا، پارتی بە بەراورد بە لایەنەکانی تر سودمەندی یەکەم و رەھا بووە! ئەمە نەک بۆ ئەوەی پارتی حیزبی یەکەمی کوردستان بوە لێ بۆ تاکتیک و ئیزدیواجیەتی ئەو حیزبە بووە.

باشتر بڵێین لەسەروبەندی زۆرێک لە دانوسانەکاندا لێدوانی بەرپرسانی پارتی بە ئاراستەی شەقامدا پۆپۆلێستی بوەو لەھەمان کاتیشدا ژێربەژێر لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عیراقدا رێککەوتون!
ئەم میتۆدو ئیدیۆمەی پارتی لەگەڵ بەرپرسانی عیراقدا رەھەندی مێژوویان ھەیە، وەلێ حیزبە سیاسیەکان نەیانتوانیوە وەک پێویست سود لە ھەڵەکانی رابردوویان وەرگرن! بۆ نمونە لەریفراندۆمەکەدا، پارتی وای نیشاندا کە پەیوەندیان لەگەڵ حکومەتی عیراق گەشتووە بە مریشکە رەشە وەلێ لە دەرەنجامدا دەرکەوت کە نێوانیان لە باشترین ئاستدابووە!

پێویستە لایەنە سیاسیەکان سیاسەتێکی راشکاوانە لەگەڵ حکومەتی عیراقدا پەیرەو بکەن و لەھەمبەر پێشھات و گۆرانکارییەکانی ناوچەکەدا نەکەونە ژێر ھەژمونی پارتیەوە، دەکرێ دانوسانەکان بەجۆرێک تەوزیف کرێن کە بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەلک لەسەروی ھەموو بەرژەوەندییە تایبەتی و سیاسیەکانەوە بێ!

خولاصە، باشترین بژاردەی ھەنوکەیی لەبەردەم ھێزە سیاسیەکاندا ئەوەیە کە رێکەوتن لەگەڵ حکومەتی عیراقدا بکرێ و متمانە بەکابینەکەی محمد تۆفیق عەلاوی بدرێ، چونکە لە ئەگەری رێک نەکەوتن یاخود دەنگنەدان بەکابینەکە، ئەوا دور نییە پارتی جارێکی تر بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی دۆخی کوردستان بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار بەرێ و لەو پێناوەشدا سەرھەڵدانەوەی قەیرانی دارای ئەگەرێکی بەھێز دەبێ. ئەزمونی رابردوو پێمان دەڵێ کە لە تەواوی رێکەوتن و سەوداکان لەگەڵ حکومەتی عیراقدا پارتی سودمەندی یەکەم بووە، لەبەرامبەردا کۆمەڵانی خەڵک و لایەنە سیاسیەکان زیانمەندی سەرەکی بوون و باجی گەورەشیان داوە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand