Draw Media

مەلا ھەڵۆکان: مۆدێلێکی تازە لە پیاوانی دین

مەلا ھەڵۆکان: مۆدێلێکی تازە لە پیاوانی دین

2020-02-26 15:22:23


مەریوان وریا قانع

لە ماوەی ڕابردوودا مەلا ھەڵۆ دوو سوکایەتی گەورەی بەرامبەر ژمارەیەکی ھێجگار گەورە لە مرۆڤ لە کۆمەڵگای ئێمەدا کرد. یەکەمیان ”بە گەواد“ ناونانی ھەموو ئەوانەی ژن و کچ و دایکیان بێحیجاب دەچنە دەرەوەی ماڵەکانیان بۆ ئەنجامدانی کارو دابینکردنی پێویستییەکانی ژیانی ڕۆژانە. دوای ئەوەش بە سۆزانی ناونانی یەکێک لە دەزگا رەسمییەکانی سیستمی خوێندن لە ھەرێمدا، ئەکادیمیای ھونەرە جوانەکان، و بە سۆزانی ناونانی ئەوانەی لەوێدا دەخوێنن و کاردەکەن. خاڵی سەرەکیی لە ھەردوو باسەکەدا مەسەلەی لەشە، لەشی ژن، لە یەکەمیاندا لەشی ژن لە دۆخی دانەپۆشراویدا، لە دووھەمیاندا لەشی ژن لە دۆخی سۆزانیبووندا.
لە خەیاڵی مەلا ھەڵۆو ھاوشێوەکاندا، کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا لە گەشەکردن و زۆربووندان و تادێت ڕۆڵێکی ترسناکتر دەبینن، لەش بەگشتیی و لەشی ژن بەتایبەتی لەشێکی سێکسیی و شەھوانییە. مرۆڤ خۆشی بوونەوەرێکی جنسییەو بابەتی سەرەکیی ژمارە یەک لە ژیانیدا، سێکسە. ئەمەش وادەکات چالاکی ژمارە یەکی مرۆڤ لەناو مێژو و جیھاندا چالاکی ئیغراکردن و فریودان بێت. لە خەیڵی ئەم مۆدێلە نوێیە لە ”پیاوی دین“ لە کۆمەڵگای ئێمەدا، لەشی ژن لە لەشی پیاو سێکسیتر و فریودەرترە، و بە زۆر مانا ژن خۆشی لەوەدەخرێت خودێکی عەقڵانیی و بیرکەرەوە و بەرھەمھێن بێت، بەڵکو کورتدەبێتەوە بۆ لەشێکی فریودەرو بۆ بونهوەرێکی ئیغراکەر. لەم دیدەدا شتێک لە ژیانی ژندا بوونی نییەو بوونی نابێت، جگە لە ئیغراکردن و فریودان.
دەرەنجامی ئەم بە سێکسیکردنەی کەسایەتی پیاو و ژن، یان کورتکردنەوەی مرۆڤ بۆ ڕەھەندە جنسییەکەی بەتەنھا، ھاوشانە بە بە یەکسانکردنی لەش وەک ھەڵگری ھەموو گوناھەکان و ھەموو تاوانەکان و ھەموو لادانەکان لە پاکیی، لە دین، لە موقەدەس. ھاوشانە بە پێشنیارکردنی لەشێکی ئەلتەرناتیڤ و جێگرەوەی ئەم لەشە گوناھبارەش: ”لەشی دینیی“. ”لەشی دینیی“ لە فۆرمە سەلەفیەکەیدا ئەو ئەلتەرناتیڤەیە ئەمانە پڕوپاگەندەی بۆدەکەن و بەرگرییلێدەکەن. دیدێکیش بۆ ئەخلاق سەروەردەکەن تیایدا لەسەرێکەوە جنس وەک ھێزێک بۆ بەدڕەوشتیی و حەیاچوون وێنادەکەن و لەسەرێکی دیکەوە دین وەک ڕێگرێک لەبەردەم ئەو بەدڕەوشتیی و حەیاچوونەدا وێنادەکەن.بەمەش ھەم تێگەیشتن لە ئەخلاق و ھەم لە دین بە تەواوی سنووردارو ترسناک دەکەن.
وێناکردنی لەش وەک سەرزمینی ئیغرائات و فریو، کورتکردنەوەی پەیوەندییە ئینسانییەکان بۆ پەیوەندیی سێکسیی بەتەنھا، لەسەروی ئەمانەشەوە وێناکردنی کۆمەڵگا وەک ماڵێکی گەورەی پڕ سۆزانیی، ئەو ژێرخانە سایکۆلۆژییەیە کە ئەم مۆدێلە تازەیە لە مەلای سەلەفیی ئاراستەدەکات. ئەم سایکۆلۆژیا شێواوە لە ھەموو شوێنێکدا ھەڕەشە لە دین و لە خوداو لە پێغەمبەرەکانی دەبیننن و بە ئەرکی خۆیان دەزانن بەرگریی لە خودا بکەن. بۆیە ”لەشی دینیی“ وەک تاقە لەشێک نمایشدەکەن کە بتوانێت لەم ”بەحری گوناھ“ و لەم ”سۆزانیبوونە گەردونیی“ە و لەم ”گەوادیی خانە گەورەیە“ ڕزگارمانبکات.
خەلەلە سەرەکییە لای کەسانی وەک مەلا ھەڵۆ بەر لەوەی خەلەل بێت لە فیکر و بیرکردنەوە و بەرخوردا، خەلەلە لەم خەیاڵ و سایکۆلۆژیا بیمارەدا. مەلا ھەڵۆو ھاوشێوەکانی ھەڵگری فۆبیاى گەورەن کە لە فۆرمی فۆبیا لە لەش، لە ژن، فۆبیا لە ھەموو شتێک لە خۆیان نەچێت، بەرجەستەیە. ئەمانە ھێندەی کۆمەڵێک بیماریی دەرونین و پێویستیان بە چارەسەری سایکۆلۆژیی ھەیە، ئەوەندە کەسانێک نین لەناو ڕووبەری گشتیدا وەک نوێنەری دین یان نوێنەری ھەرشتێکی تر قسەبکەن. لە یەککاتدا ھەم پێویستیان بە سەرلەنوێ پەروەردەکردنەوە ھەیە، ھەم بە چارەسەریی دەرونیی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand